خوێندکارانى مافناسی لەکاردان بۆ پاراستنی دەنگى دەنگدەران

ئەنجوومەنى خوێندکارانى بەشی مافناسی لە زانکۆکاندا بۆ پاراستن و ئارامیى هەڵبژاردن و هەموو ئەو پرسیارانەى لەبارەى هەڵبژاردنەوە لێیان دەکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە نووسراو و بە ڤیدیۆ وەڵام دەدەنەوە و کاریش بۆ پاراستنى سندوقەکانى دەنگدان دەکەن.

خوێندکاران لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لە زانکۆکاندا خۆیان رێکخستووە بۆ ئەوەى لە ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕدا ئەرک و کارەکانى خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەنجوومەنى خوێندکارانى بەشی ماف، کە لە ئازاری ٢٠١٧دا دامەزراوە، بۆ پاراستن و ئارامیى هەڵبژاردن دەستیان بەکارکردووە. ئەندامەکانى ئەنجوون لە بریى ئەوەى پاڵێوراوێک یان حیزبێک بپارێزن، هەوڵ دەدەن هەڵبژاردن لە هەلومەرجێکى دیموکراتیکدا بەڕێوەبچێت.

ئەنجوومەنى خوێندکارانى ماف کۆڵەکەیەکى ئۆپۆزسیۆنى کۆمەڵایەتیى زانکۆکانن. ئەندامانى ئەنجوومەنەکە رایانگەیاند، هەوڵ دەدرێت رێگرییان لێ بکرێت، یان بچەوسێنرێنەوە و ئازادى بیروڕا، کە بابەتێکى دیار و روونە، دەیانەوێت لە چوارچێوەى دەسەڵاتدا سنووردار بکەن. بۆ ئەوەش ٧٠ هەزار خوێندکاریان زیندانیکردووە، یان سزایان بۆ دەرکراوە و هەموو رۆژێکیش بەردەوامن لە دەستگیرکردن و زیندانیکردن و دەرکردنى سزا بۆ خوێندکاران.

لەسەر بنەماى ماف رادەوەستن و کارەکانیان ئەنجام دەدەن

ئەندامانى ئەنجوومەنى خوێندکارانى ماف لەبارەى کارەکانیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە وتیان "باسى دەستوور و یاسام لەگەڵ بکە، بە شێوەیەکى بابەتى وەڵام دەدەمەوە. لە بریى ئەوەى پشتیوانى لەلایەنێک یان حیزبێک بکەین، لە رووى مافناسییەوە کار دەکەین و بابەتەکان روون دەکەینەوە"

وتیشیان "لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا ئامانجى سەرەکیمان دابینکردنى ئاسایشى هەڵبژاردنە. بۆ ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەت و ڤیدیۆ لەبارەى هۆشیارى دەنگدانەوە بڵاودەکەینەوە و بۆ ئەوەش هەڵمەتێکمان بە هاشتاگی #OyunuTakipEt دەستپێکردووە. هەر کەسێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندیمان پێوە بکات، ئێمە بۆ ئەندامێتى لە دەستەى چاودێریکردنى دەنگدان و سندوقەکاندا هاوکاریى دەکەین. بۆ ئەوەش پێویستیان بە هەر زانیارییەک هەبێت ئێمە بۆیان روون دەکەینەوە و رێنماییان دەکەین. کەمپەینەکە لە زۆر شوێنەوە بەڕێوەدەبرێت. لەبارەى هەڵبژاردن و لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامى کارەکانى هەڵبژاردن، بە زمانێکى روون و سادە ڤیدیۆ بڵاودەکەینەوە. دواى ئەوەى رێکەوت و رۆژى ناو تۆمارکردن بۆ چاودێریکردنى سندوقەکانى دەنگدان راگەیەندرا، ئەوا رۆژێک لە دواى ئەو رێکەوتە دەست دەکەین بە هاوکاریکردن و رێنمایى ئەو کەسانەى، کە دەیانەوێت ببنە چاودێری هەڵبژاردن".

لە هەموو ئاستەکاندا کار دەکەن

ئەندامانى ئەنجوومەنى ماف لە زانکۆکان راشیانگەیاند، تاوەکو ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بۆ پاراستنى سندوقەکان و لەسەر بابەتى گۆڕینى شوێنى سندوقەکان و پسوڵەى دەنگدان، لەهەموو ئاستەکان و لە هەموو شوێنەکانى تورکیادا کار دەکەن. بۆ ئەوەش هەموو خاڵ و بابەتە یاساییەکان بۆ دەنگدەران و هاووڵاتییان روون دەکەنەوە و لە پەیج و هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆ لەو بارەیەوە بڵاودەکەنەوە. ئەگەریش هەڵبژاردن چووە خولى دووەمەوە، ئەوا لە خولی دووەمیشدا بەردەام دەبن لەو کارەکانیان.

ر.م