خۆپیشاندانێکى گەورە لە دژى یاساى "دەوڵەتى پۆلیسى" بەڕێوەچوو

بڕیارە لە ویلایەتى بایرنى ئەڵمانیا یاسایەک پەسەند بکرێت، کە پۆلیس بە بێ گەڕانەوە بۆ دادگا دەستێوەردان، هەڵکوتان و دەستگیرکردن ئەنجام بدات. لە دژى ئەو یاسایە خۆپیشاندانێکى گەورە لە شارى نورنبێرگ بەڕێوەچوو.

بڕیارە لە ویلایەتى بایرنى ئەڵمانیا یاسایەک پەسەند بکرێت، کە پۆلیس بە بێ گەڕانەوە بۆ دادگا دەستێوەردان، هەڵکوتان و دەستگیرکردن ئەنجام بدات. لە دژى ئەو یاسایە خۆپیشاندانێکى گەورە لە شارى نورنبێرگ بەڕێوەچوو.

لە ویلایەتى بایرن یەکێتیى سۆسیال مەسیحی (CSU) دەسەڵاتیان لە دەستدایە و داواکراوە، یاسایەک پەسەند بکرێت، کە ڕێگا بۆ دروستبوونى "دەوڵەتى پۆلیسى" خۆش دەکات. پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکە ناوی "یاساى نوێى ئەرکەکانى پۆلیسە" و شوباتى رابردوو لە ئەنجوومەنى (پەرلەمان)ی ویلایەتى بایرن گفتوگۆى لەسەر کرابوو.

داواکراوە پەرلەمان لە مانگى ئایاردا ئەو یاسایە پەسەند بکات. بەپێى ئەو یاسایە پۆلیس دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا دستێوەردان، یان هەڵکوتان و دەستگیرکردن و دەستبەسەردا گرتن ئەنجام بدات. هەروەها رێگا بە پۆلیس دەدرێت، کە چاودێریى ژیانى تایبەت کەسەکان بکات، ئەوەش چاودێری و کۆنترۆڵکردنى رژێمى نازى دەهێنێتەوە یادى مرۆڤەکان.

بە گوێرەى ئەو یاسایە، پۆلیس دەتوانێت بەبێ بە داواداچوونێکى بەرچاو هەر کەسێکى بوێت دەستگیرى بکات و گوێ لە تەلەفون بگرێت و دەستبگرێت بەسەر کۆمپیوتەر، تەلەفون و کەلوپەلە ئیلکترۆنییەکانى تردا و لەخۆپیشاندانەکانیشدا دەتوانێت لە دژى خۆپیشاندەران کەلەپچە بەکار بهێنێت.

پرۆژە یاساکە لەلایەن وەزیرى ناوخۆى فیدراڵ و هۆرست سیهۆفەر سەرۆکى ویلایەتى بایرنەوە ئامادە کراوە. ئەو یاسایە لە خۆپیشاندانێکدا لە نورنبێرگ لەلایەن ٦ هەزار کەسەوە ئیدانەکرا.

حزبى سۆسیال دیموکرات (SPD)، حزبى سەوز، حزبى چەپ و سەندیکاکان و ڕێکخراوەکان پشتیوانیان لە بەڕێوەچوونى خۆپیشاندانەکەى نورنبێرگ لە دژى ئەو یاسایە کرد. کوردستانیانیش بەشداریى ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییە بوون.