خۆی رادەستنەکردن بۆیە دەستیان بە گۆشەگیرکردنی کرد

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لەو رۆژەوە، کە لە پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتیدا دیلکرا، دەوڵەتى تورکیا، هێزە ناوچەیەکان و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانى رووبەڕووی ترس و نیگەرانى کردووەتەوە.

لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پارادیگمای مۆدێلی دێموکراتیک و هاوچەرخ بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنها لەلایەن ئۆجەلانەوە خراوەتەڕوو. دیلیش کرابێت، بەڵام کاریگەریى، جموجوڵەکانی و ئەو کەسانەى خاوەندارییان لێکردووە، روویان لە زیادبون کردووە. هاوشێوەى شۆڕشى رۆژئاوا، بوو بە ئافرێنەر و پشتوانییەکى مێژوویى.

 ماوەى ٧ ساڵە رێگا نەدراوە پارێزەرەکانى چاویان پێى بکەوێت

کاریگەریى سیاسی و کۆمەڵایەتیى ئۆجالان بووە هۆى ئەوە کە دەوڵەتى تورکیا مافە گەردونییەکان پێشێل بکات و دەست بە گۆشەگیرکردن بکات.

لە ٢٧ى تەمووزی ٢٠١١ / ٥ى گەلاوێژەوە رێگا بە پارێزەرانى نووسینگەى مافەکانى سەدە نادرێت کە چاویان بە موەکیلەکەیان، ئۆجالان بکەوێت.

یەکێک لە راپۆرتەکانى نووسینگەى مافەکانى سەدە لەبارەى ئۆجالان و موەکیلەکانى تریان لە هەمان زینداندا، حامیلی یڵدرم، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیرى کۆنار، ەوە ئامادەکرا و لە شوباتی ٢٠١٨دا بڵاوکرایەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو، دوایین چاوپێکەوتنى پارێزەران لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژ ئەنجامدرا. راشیانگەیاند، هەموو رێگرییەکان بۆ یەکتربینیى موەکیل – پارێزەران لەلایەن لقی یەکى دادگاى سزا قورسەکانى بورسا و بە شێوەیەکى نایاسایى و بە پاساوی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە.

لە راپۆرتەکەى نووسینگەى مافەکانى سەدە دا ئەوەش هاتووە "ساڵی ٢٠١٧٧ پارێزەران ١٠٠ جار و بنەماڵەش ٤٤ جار چوون بۆ نزیک دوورگەى ئیمرالی تاوەکو چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن دادگاى سزا قورسەکانى بورساوە هەموو ئەو داواکارییانە رەتکراونەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ٣ زیندانیى لە دوورگەى ئیمراڵیدان. لەو رۆژەوە براون بۆ زیندانی دوورگەى ئیمراڵی تاوەکو ئێستا رێگایان پێنادرێت کە چاویان بە بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بکەوێت.

هەر وەک دەزانرێت، بەڕێز ئۆجالان و پارێزەرەکانی دوایین جار لە ٢٧ى تەمووزی ٢٠١١ / ٥ى گەلاوێژ یەکتریان بینیبوو. دوایین بینین و دانیشتنى شاندی ئیمرالیش لە ٥ى نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ى خاکەلێوە دا بووە. دوایین چاوپێکەوتنیش لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە ١١ى ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ى خەرمانان بوو، کە ئەو چاوپێکەوتنەش لە دواى مانگرتنى ٥٠ سیاسەتمەداری کورد بۆ بینیى ئۆجالان روویدا. لە دواى ئەو چاوپێکەوتنە، هیچ زانیارییەک تەنانەت لە رێگەى نامە، تلگراف و فاکسیشەوە لە بەرێز ئۆجالان و ٣ موەکیلکەى تر بە دەستى پارێزەران نەگەیشتووە. هەروەها کەسیش ناتوانێت لە دەرەوە و لە رێگەى پۆستەوە پەیوەندییان پێوە بکات".

هەرگیز بێ گۆشەگیرى نەبووە

ئۆجالان لە ١٦ی شوباتی ١٩٩٩ / ٢٧ی رێبەندان تاوەکو ١٧ى تشرینى دووەمی ٢٠٠٩ / ٢٦ی خەزەڵوەر بە تەنها لە ئیمرالیدا راگیرابوو. دواتر ٥ زیندانیى تر لە زیندانەکانى ترەوە رەوانەى ئیمرالی کران، بەڵام هەر بە تەنها راگیراوە. لە هەفتەیەکەدا تەنها ٥ کاتژمێر دەتوانێت چاوى بە زیندانەکانى تر بکەوێت. ئەوە نیشانى دەدات، کە گۆشەگیرى کۆتایى پێنەهاتووە، بەڵام شێوەکەى گۆڕاوە و گۆشەگیریەکەش بەسەر هەندێک کەسى تریشدا دەسەپێنرێت.

دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا وتى "ئەشکەنجە و کردەوەى خراپ ئەنجام دەدرێت"

رۆژی ١٤ى ئاداری ٢٠١٤ / ٢٣ى رەشەمە لقی دووى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا لەبارەى بارودۆخى ئۆجالانەوە رایگەیاند،  ئەوەى ئەنجام دەدریت "ئەشکەنجە و کردەوەى خراپ"ە. نووسینگەى مافەکانى سەدەش هەمان بۆچوونى هەبوو و راگەیاندبوو "بەڕێز ئۆجالان بە هیچ شێوەیەک رێگاى پێنەدراوە سوود لە ماف و یاسای ژمارەی ٥٢٧٥ لەبارەى ماف و ئاسایش و سزاکانەوە وەربگرێت. هەموو ئەو مافانە بە تەواوی لەمپەریان بۆ دروستکراوە و رێگا نادرێت بەرێز ئۆجالان سوودیان لێوەربگرێت".

بەپێى یاسا و بڕیارەکانى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا و راپۆرتەکانى رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە لە یەکێتیى ئەوروپا (سی پی تى CPT) دەبوایە مافى بەکارهێنان و پەیوەندیى تەلەفونیى پێبدرایە، بەڵام هەرگیز ئەو مافەى پێنەدراوە.

مافى نووسین و ناردن و وەرگرتنى نامە سنووردار کرا. رێگاى پێنادرێت نامە بنووسێت. ئەو نامانەشى کە بۆی رەوانەکران، سنووردارکران، سانسۆرکران و بەبێ ئاگادارکردنەوەى خۆی، دەسیتشیان بەسەر ژمارەیەک نامەى تردا گرت.

بەپێى یاسا، بنەماڵە و سەردانکارەکان مافى ئەوەیان هەیە، کە مانگێک ٢ جار چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو مافە سنووردارکرا و لە دوایشدا بە تەواوى رێگریى لێکرا.

مافەکانى ئۆجالان زەوتکران، هەوڵەکان لە دژى ئەو دۆخە و داواکارییەکان وەڵامیان نەدرایەوە. دەوڵەتى تورکیا ئاگاداری رۆڵی گەورەی ئۆجالانە بەسەر کۆمەڵگەوە، لەبەر ئەوەش ئەو مافانەى کە خۆیان (دەوڵەت) پێشتر دەستنیشانیان کردبوو، پێشێلیان کردن و ئامادە نەبوو دان بەو مافانەدا بنێت و جێبەجێیان بکات.

قۆناغى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا (DMME)

نووسینگەى مافەکانى سەدە لە راپۆرتى رۆژی ٢٧ی تەمووزی ٢٠١٧ / ٥ى گەلاوێژ باسى لە سەردانەکانیان بۆ دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا و رادەستکردنى دۆسیە و سکاڵاکانیان لەبارەى دۆخى ئۆجالانەوە بەو دادگایە کرد.

لە راپۆتەکەدا باسى ئەم خاڵانە کراون

١ -  سالی ٢٠٠٨ بە زۆر بەرێز ئۆجالان-یان لە ژوورەکەیدا بەسەر زەویدا راکێشا و لەو رێگەیەوە هەڕەشەى کوشتنیان لێکرد. لەبەر ئەوەى لە دادگاى هەرێمییەوە (دادگاى باڵا و دادگاى باڵاى دەستووریى تورکیا) ئەنجامێک بەدەست نەهات، ساڵی ٢٠١٠ سەردانى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپامان کرد و سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک هەنگاویش لەوبارەیەوە هەڵنەگیراوە. هەروەها لە ١١ى ئابی ٢٠١٥ / ٢٠ى گەلاوێژ لە رێگەى داوکاری نامەیەکەوە داواى ئەنجامى سکاڵاکەمان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارى لەبارەوە نەدراوە.

٢ – قەدەغەى چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران کە ئەمڕۆ دەکەوێتە ٧هەمین ساڵەوە. قەدەغەکارییەکە لە ٢٧ى تەمووزی ٢٠١١ / ٥ى گەلاوێژەوە دەستیپێکرد. لە دوای ٣ مانگ و لەبەر ئەوەى لە دادگاى هەرێمییەوە (دادگاى باڵا و دادگاى باڵاى دەستووریى تورکیا) ئەنجامێک بەدەست نەهات، لە تشرینى یەکەمی ٢٠١١ بە ناوى بەرێز ئۆجالان و ٥ موەکیلی ترەوە سەردانى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپامان کرد و سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا لەو ٧ ساڵەدا هیچ هەنگاوێکى بۆ ئەو دۆسیەیە هەڵنەگرتووە و هیچ کارێکى ئەنجام نەداوە.

٣ – دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا بڕیاریدا لە ساڵی ٩٩ دا، دادگایکردنى ئۆجالان لە تورکیادا، مافى دادگایکردنى دادپەروەرانەی تیادا نەبووە و ئەو مافە پێشێلکراوە. بۆ ئەوەى رێگا بۆ سەرلەنوی دادگایکردنەوەى بکرێتەوە، گۆڕانکارى لە خاڵی ٣١١ى یاسای سزاکانى دادگای تورکیا (CMK)دا کراوە. گۆڕانکارییەکەش بۆ ئەوە کراوە، کە ئۆجالان بتوانێت بە شێوەیەکى تایبەت سوودى لێوەربگرێت. لەبەر ئەوەى داواى سەرلەنوێ دادگایکردنەوەى ئۆجالان لە دادگاى هەرێمی و دادگاى دەستووریى تورکیادا بێ ئەنجام بوو، سەردانى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپامان کرد و سکاڵامان تۆمارکرد و تا ئێستاش ئەو سەردانە بەردەوامیى هەیە.

٤ – دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا لە بڕیاری رۆژی ١٨ى ئاداری ٢٠١٤ / ٢٣ى رەشەمە هاتبوو، سزاى زیندانی بەڕێزە ئۆجالان سزاى زیندانى هەتاهەتاییە و تورکیاى بەهۆی کردەوەى خراپ و سزاى بەدەر لە مرۆڤایەتى و پیشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ بەرامبەر بە ئۆجالان مەحکوم کردبوو. ئێستا لە تورکیا سەدان زیندانى لە دۆخى سزای قورسی زیندانى هەتاهەتایدان. بەپێى ئەو بڕیارەى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا دەبێت حکومەتى تورکیا سەرنوێ بەو سزایانەدا بچێتەوە و بەپێى گۆڕانکارییە یاساییەکانى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا هەنگاوێکى هەڵبگرتایە، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوەى هەڵنەگرتووە. لەبارەى ئەو بابەوە پارێزەران لە ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەنجوومەنى ئەوورپا دەستیان بە هەوڵ و کار کرد و تا ئێستاش ئەو هەوڵە بەردەوامیى هەیە".

سزا سەپێنراوەکان

دەوڵەتى تورکیا هەر لە سەرەتاوە لە ئیمرالی تاوەکو ئێستا بڕیاری ئەم سزایانەى داوە و جێبەجێى کردوون:

 ١ – رۆژی ٤ى کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ / ١٣ی سەرماوەز بە هۆی "پێشێلکردنى رێنمایى و پێورە ئیدارییەکان" بەرامبەری، هەڵوێستى نیشانداوە و ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى بایکۆت کردووە.

٢ – رۆژی ١٢ى کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ / ٢١ى سەرماوەز بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

٣ – رۆژی ١٧ى ئاداری ٢٠٠٦ / ٢٦ى رەشەمە بە هۆی "پێشێلکردنى رێنمایى و پێورە ئیدارییەکان" بەرامبەری، هەڵوێستى نیشانداوە و ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى بایکۆت کردووە.

٤ – رۆژی ٧ی ئابی ٢٠٠٦ / ١٦ى گەلاوێژ بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

٥ – رۆژی ٢٣ى تشرینى دووەمی ٢٠٠٦ /  ٢ سەرماوەز بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

٦ – رۆژی ١٣ى نیسانی ٢٠٠٧ / ٢٤ى بانەمەڕ بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

٧ – رۆژی ١٦ى تەمووزی ٢٠٠٧ / ٢٥ى پووشپەڕ بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

٨ – رۆژی ١٩ى تشرینى دووەمی ٢٠٠٧ / ٢٧ى خەزەڵوەر بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

٩ – رۆژی ٢٤ى نیسانی ٢٠٠٨ / ٥ى بانەمەڕ بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

١٠ – رۆژی ٢٩ی نیسانی ٢٠٠٨ / ١٠ى بانەمەڕ بە پاساوی "سوکایەتیکردن بە فەرمانبەرەکانى زیندان" سزاى ١٠ رۆژی تر راگرتن لە ژووری تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

١١ – رۆژی ٢٧ى ئایاری ٢٠٠٨ / ٧ی جۆزەردان بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

١٢ – رۆژی ١٧ى ئەیلولی ٢٠٠٨ / ٢٧ی خەرمانان بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ١٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

١٣ – رۆژی ٩ى کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ / ٢٠ى بەفرانبار بە پاساوی"ئەنجامدانى کاری تاوانى پروپاگەندە و پەروەردەکردنى رێکخستنى تاوان" سزاى ٢٠ رۆژ راگرتن لە ژوورى تاکە کەسیی بەسەردا سەپێنرا.

لە کاتى سەپاندنى سزاى ژوورى تاکە کەسیدا، ئەوە لە ئۆجالان قەدەغەکرا کە چاوی بە بنەماڵەکەى بکەوێت، رادیۆکەیان لێوەرگرت، کتێب، رۆژنامە و گۆڤاریشیان پێ نەدا. بە گشتیى ١٩٠ رۆژ سزاى ژوورى تاکە کەسییان بەسەردا سەپاند.

ر.م

درێژەکەی