خۆی رادەستنەکردن بۆیە دەستیان بە گۆشەگیرکردنی کرد - بەشی کۆتایى

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لەو رۆژەوە، کە لە پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتیدا دیلکرا، دەوڵەتى تورکیا، هێزە ناوچەیەکان و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانى رووبەڕووی ترس و نیگەرانى کردووەتەوە.

لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پارادیگمای مۆدێلی دێموکراتیک و هاوچەرخ بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنها لەلایەن ئۆجەلانەوە خراوەتەڕوو. دیلیش کرابێت، بەڵام کاریگەریى، جموجوڵەکانی و ئەو کەسانەى خاوەندارییان لێکردووە، روویان لە زیادبون کردووە. هاوشێوەى شۆڕشى رۆژئاوا، بوو بە ئافرێنەر و پشتوانییەکى مێژوویى.

تەندروستی و ئاسایشى لە مەترسیدایە

ئاکەپە دیکتاتۆرییەکەى زلتر کردووە و لە ئیمرالی لە دژى تەندروستی و ئاسایشی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گومانەکان زیاتر بوون.

لە مانگى تشرینى دووەمی ٢٠١٧دا چەند قسەیەکى گوماناوی لەبارەى ژیانى ئۆجالانەوە کران. لە دواى ئەو قسانە رۆژی ١٣ى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ / ٢٢ى خەزەڵوەر، ئۆگورهان کوش سەرۆکى داواکارى گشتیى تورکیا لە بورسا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە، بەڵام راگەیاندراوەکە قەناعەتپێکەر نەبوو، چونکە ئۆجالانى وەک "دیلێکى ئاسایى" نیشان دابوو. لەبەر ئەوە راگەیاندراوەکە بە نابەرپرسان و بە دوور لە جدیەت لێکدرایەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتبوو "لە بەشێک لە ئەکاونت و ئەژمارى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکرێت زیندانییەک بە ناوى عەبدوڵا ئۆجالان مردووە. دەبێت ئەوە بزانرێت ئەو هەواڵە راست نییە. داواکارى گشتیى کۆماری لەبارەى ئەو کەسانەوە کە هەواڵى بێ بنەمای لەو جۆرەیان ئامادە کردووە و بڵاویانکردوەتەوە، رێوشوێن و هەنگاوى پێویستى گرتووەتە بەر".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ١٦ی تشرینى دووەمی ٢٠١٧ / ٢٥ى خەزەڵوەر، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە "لەو هەواڵانەدا کە سەرچاەکانیان بە باشى دیار نییە، لەبارەی تەندروستی و ئاسایشى رێبەرایەتیمانەوە هەندێک بابەتى گوماناوی و دژبەر چووەتە ناو راى گشتییەوە. لە بواری تەندروستى و ژیانى رێبەرایەتیماندا، هەستیاریى گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان دەزانرێت. لەبەر ئەوەش پێویستە بنەماى ئەو هەواڵانە روون بکرێنەوە. لە راگەیاندراوى داواکارى گشتیى کۆمارى لە بورسادا باسى ئەوە کراوە، کە دۆخێکى لەو جۆرە بە گۆڕێدا نییە. ئەو قسانەی داواکارى گشتی قبوڵ ناکرێن. بنەماڵە، پاریزەران و راى گشتى  مافى ئەوەیان هەیە لەبارەى تەندروستیى رێبەر ئاپۆوە زانیاری بەدەست بهێنن. لەبەر ئەوەش دەبێت بنەماڵە و پارێزەرانى رێبەر ئاپۆ بەخێرایى بڕۆن بۆ چاوپێکەوتنی. ئەستەمە گەلەکەمان و راى گشتى بڕوا بە راگەیاندراوەکەى داواکارى گشتیى بورسا بکەن، چونکە رێبەر ئاپۆ ماوەى ٦ ساڵە نەیتوانیوە پارێزەرەکان و بنەماڵەکەى ببینێت و داواکارى گشتیش بە پاساوەکانى "کشتى خراپە، کەش و هەوا باش نییە" رێگریى لە چاوپێکەوتنەکان کردووە. ئاشکرا و روونە ئەم راگەیاندراوى داواکارى گشتیى بڕواى پێناکرێت".

سەردانەکان رەتکرانەوە

لە ٢٧ى تەمووزی ٢٠١١ / ٥ى گەلاوێژ تاوەکو ٣١ى کانوونی یەکەمی ٢٠١١ / ١٠ى بەفرانبار، پارێزەران بۆ ئەوەى بچن بۆ ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت ٤٣ جار سەردانى داواکارى گشتییان کرد. ١٩ جار بە پاساوى ئەوەى "کەش و هەوا خراپە" و ٢٢ جار بە پاساوى ئەوەى "کەشتى خراپە" و جارێکیش بە پاساوى پشووى جەژن، هەموو سەردانەکان بۆ بینینى ئۆجالان رەتکرانەوە.

لە ساڵی ٢٠١٢شدا هیچ چاوپێکەوتن و دیدارێک ئەنجام نەدرا.

لە ساڵی ٢٠١٢دا پارێزەران ١٠٤ جار سەردانى داواکاری گشتییان کرد بۆ ئەوەى چاویان بە ئۆجالان بکەوێت. داواکارى گشتیش ٧٣ جار بە پاساوی ئەوەى "کەشتی خراپە" و ١٤ جار بە پاساوى ئەوەى "کەش و هەوا خراپە" و ١٦ جار بە پاساوی ئەوەى "کەشتییەکە نۆژەن دەکرێتەوە" و ١ جاریش بە پاساوى ئەوەى پشووى جەژنە، هەموو داواکارییەکان بۆ بینینى ئۆجالان رەتکرانەوە.

لە ساڵی ٢٠١٣شدا هیچ چاوپێکەوتن و دیدارێک ئەنجام  نەدرا.

لە ساڵی ٢٠١٣ پارێزەران بۆ سەردان و دیداری ئۆجالان ١٠٢ جار سەردانى داواکارى گشتییان کرد. لەو ساڵەشدا ٨٢ جار بە پاساوی ئەوەى "کەشتى خراپە" و ١٢جار بە پاساوى ئەوەى "کەش و هەوا خراپە" و ٤ جاریش بە پاساوى ئەوەى "کەشتییەکە چاک نەکراوەتەوە" و ٤ جاریش بە پاساوى پشووى فەرمى، سەرجەم داواکاریی پارێزەرانیان بۆ چاوپێکەوتنى دیدارى ئۆجالان رەتکردەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤شدا هیچ چاوپێکەوتن دیدارێک ئەنجام نەدرا.

پارێزەران لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ بینین و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ١٠٤ جار سەردانى داواکارى گشتیى بورسایان کرد. لەو ساڵەشدا ٨٦ داوایان بە پاساوی "کەشتى خراپە" و ٩ داواى تریان بە پاساوی ئەوەى "کەش و هەوا خراپە" و ٦ جاری تریش بە پاساوى ئەوەى "کەشتییەکە چاک دەکرێتەوە" و ٣ جاریش بە پاساوی پشووى فەرمی، سەرجەم داواکانی پارێزەرانیان بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ ئۆجالان رەتکردەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥شدا هیچ چاوپێکەوتن و دیدارێک ئەنجام نەدرا.

پارێزەران لە سەری ساڵی ٢٠١٥ ەوە تاوەکو ٢٧ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٥ى گەلاوێژ، ٥٦ جار سەردانى داواکارى گشییان کرد بۆ ئەنجامدانى دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان، ٤٩ جار بە پاساوی "کەشتى خراپە" و ٧ جاریش بە پاساوی "کەش و هەوا خراپە" سەرجەم داواکانیان بۆ بینینی ئۆجالان رەتکردەوە.

لە سەردانەکانى ساڵانى ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بۆ بینیى ئۆجالان، هەر هەمان وەڵام و ئەو پاساوە بێ بنەمایانەیانەی پێشوو بە پارێزەرانی ئۆجالان درایەوە. داواکانى ئەمدواییە بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان بە پاساوى "بارودۆخى نائاسایى" رەتدەکرانەوە.

دوایین سەردانەکانیش بۆ چاوپێکەون و دیدار رەتکرانەوە

پارێزەرانى ئۆجالان لە سەرەتاى مانگى تەمووزەوە بۆ ئەوەى سەردانى ئۆجالان بکەن ٧٦٨هەمین جار داواى چاوپێکەوتنیان پێشکەشی داواکارى گشتیى کۆمارى تورکیا لە بورسا کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

هەر لەو ماوەیەدا ٨٥ سەردان و داواى بنەماڵەى ئۆجالان بۆ بینین و چاوپێکەوتنى ئۆجالان، لەلایەن داواکاری گشتییەوە رەتکرایەوە.

 نە کار بە یاساکانى خۆیان دەکەن و نە کاریش بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن

بڕیارى ژمارە ٦/٣ی پەیماننامەى دادگاى مافەکانى مرۆڤى ئەوروپا و خاڵی ٣٦ی دەستووری تورکیا و یاسای ژمارە ٥٩ بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانى سزا و ئاسایش، لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە کاریان پێنەکراوە و هیچیان جێبەجێ نەکراون.

هانا ئارێنت (فەیلەسوفی فەلسەفەى سیاسی و زرگاربوویەکى هۆلۆکۆست) دەڵێت "درۆزن لە دۆخى ئاسایدا لە بەرامبەر راستیدا، شکست دەهێنێت"، بەڵام گەر درۆزن چەند درۆیەکیشى بشارێتەوە و خۆى  دەرباز بکات، بەڵام بەپێى پرەنسیپ هەموو کات هەر وەک "درۆزن" دەمێنێتەوە و دەناسرێت. دەوڵەتى تورکیا پشتبەستووە بە درۆزنی و بە درۆکانی گۆشەگیری قورستر دەکات، بەڵام لایەنێکانى درۆکانیان ئەوەیە، کە دەستبەردارى درۆکانیان نابن و لە درۆزنى ناکشێتەوە. لەبەر نەبوونى کولتور و رۆشنبیرى دیموکرایتک و ئاسایى، کاتێک بەرتیلێک وەردەگرێت، یان تاوانێک دەکات بۆ شاردنەوەى مافەکان و راستى درۆ دەکات و بەوەش زیاتر لە جارێک پێویستى بە درۆکردن دەبێت و بەردەوام دەبێت لە درۆزنى.

بە بەردەوامى بۆ دۆخى ئیمرالی و رێگریکردن لە چاوپێکەوتن و دیدارەکان پاساوی "کەشتی خراپە" دەهێننەوە، بەڵام لە بڕیارەکانى بەشى جێبەجێکردنى سزاکانى کۆمیتەى وەزیرانى ئەنجوومەنى ئەوروپادا هاتووە "کەمبوونەوەى هۆیەکانی (هۆیەکانى گواستنەوە، دەرمان، پێداویستییە جۆراجۆر ماددی و خۆراکی و یاساییەکانى زیندانیان) زیندان نابێت ببیتە هۆی پێشێلکردنى مافى ئەو کەسانەى لە زینداندان و ئەوە پێشێلکارییە بە کارێکى رەوا نیشان بدات".

ئەوە بە روونى دەزانرێت کە گواستنەوە و هاتووچۆ بۆ دوورگەى ئیمرالی تەنها لە رێگەى کەشتییەوە ئەنجام نادرێت، بەرپرسانى دەوڵەت کۆپتەریش بۆ چوون بۆ دوورگەى ئیمرالی بەکار دەهێنن.

وەڵامى دەستە و شاندە نێودەوڵەتییەکان نەدایەوە

جگە لە پارێزەران و بنەماڵەکەى، پەرلەمانتارانى پەرلەمانى ئەرووپا، سەندیکاکاران، ئەکادیمییەکان و نوێنەران و چالاکوانانى مافەکانى مرۆڤ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بەشدارى شاندێکى نێودەوڵەتى بوون و سەردانى وەزارەتى دادى تورکیایان کرد بۆ ئەوەى بچن بۆ لاى ئۆجالان و چاوپێکەوتن و دیدارى لەگەڵ ئەنجام بدەن. شاندەکە دەیخواست رۆژانی ١٧-١٨-١٩ى شوباتی ٢٠١٧ بچێتە دوورگەى ئیمرالی و سەردانى زیندانەکەى ئیمرالی بکەن، بەڵام هەرگیز وەڵامى ئەو داواکارییە نەدرایەوە.

تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگاى باڵاى دەستووری

پارێزەران هاوکات لەگەڵ سەردانەکانیان بۆ لاى داواکاری گشتى بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان، بەردەوامیش لە هەوڵە یاساییەکانیان.

لەسەر داواى داواکارى گشتیى کۆمارى لە بورسا، لقی یەکەمی دەسەڵاتى دادوەری بۆ کاروبارى زیندانەکان و سزا قورسەکان بڕیاریدابوو مافەکانی "چاوپێکەوتن، ئاگادارکردنەوە لە رێگەى نامە و نووسینەوە، مافى بەکارهێنانى تەلەفون و بینیى پاریزەران" لە هەر یەکە لە حامیلی یڵدرم، عومەر خەیر کۆنار و وەیسی ئاکتاش، کە زیندانى ئیمرالیدان و لەگەڵ ئۆجالان دەمێننەوە، زەوت بکرێت. دواى ئەوەى ئەو بڕیارە لەلایەن لقی یەکەمی دادگاى سزا قورسەکانى بورساوە پەسەند کرا، پارێزەران دۆسیەکەیان بردە دادگاى باڵاى دەستووری و سکاڵایان تۆمار کرد.

لە سکاڵاکەدا کە دراوەتە دادگاى باڵاى دەستووری، هاتووە، ئۆجالان ماوەى ٦ ساڵ و ١٠ مانگە و زیندانى تریش لەو رۆژەوەى براونەتە زیندانى ئیمرالی، واتە ٣ ساڵ و ٢ مانگە، لەلایەن داواکارى گشتیی کۆماریی بورساوە رێگری لە هەموو چاوپێکەوتنەکانیان کراوە و هەموو داواکان بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵیان رەتکراوەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ماددەکانى ١١٤ و ١١٥ی دەستوور و یاسای ژمارە ٥٢٧ بەرامبەر بە ئۆجالان و زیندانییەکانى تر جێبەجێ ناکرێت و رێگرى لە چاوپێکەوتن و یدارەکان دەکرێت و رێگاش نادرێت نامە و ئاگادارکردنەوە و تەلەفون بەکار بهێنن.

باسى ئەوەشکراوە "رێگریکردن لە بنەماڵە بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتن جگە لە پێشێلکردنى یاسا و مافەکان هیچى تر نییە. لە خاڵەکانى دەستووردا باس لە قەدەغەى چاوپێکەوتنى بنەماڵە نەکراوە. سەربارى ئەوەش چاوپێکەوتنى بنەماڵە، کە لە دەستووردا بوونى نییە، ئاستەنگ کراوە و ئەوەش دژی یاسا و مافەکانە".

ر.م