خەڵاتى ئاشتیى نۆبڵ بە هاوبەشی دەبەخشرێتە نادیە موراد و دێنس ماکویچ

خەڵاتى ئاشتیى نۆبڵ بۆ ئەمساڵ بە هاوبەشی دەبەخشرێتە نادیە موراد و دێنس ماکویچ.

کۆمیتەى نۆبڵی ئاشتى بڕیاریدا خەڵاتى نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە نادیە موراد و دێنس ماکویچ ببەخشێت.

کۆمیتەى خەڵاتى نۆبڵی ئاشتى رایگەیاندووە، کۆمیتەى نۆبڵی ئاشتی لەبەر هەوڵەکانى نادیە موراد بۆ کۆتایهێنان بە دەستدرێژیى وەک چەکێک لە جەنگەکاندا، بڕیاریداوە خەڵاتى نۆبڵی ئاشتیى پێببەخشێت.

کۆمیتەى خەڵاتى نۆبڵی ئاشتی راشیگەیاندووە، نادیە موراد هاووڵاتییەکى ئێزدیە و لە مانگى ئابی ٢٠١٤دا داعش هێرشیکى دڕندانە و ریکخراوى کردە سەر گوندی کۆچۆی دورەدەستى زێدى نادیە موراد و چەند سەد کەسیان لەو گوندەدا کوشت و ژنانى گەنج و منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیان رفاند و کردنیان بە کۆیلەى سێکسی و دەستدرێژییان کردنە سەر.

چەتەکانى داعش سەرباری ئەنجامدانى چەندین دەستدرێژی هەڕەشەى کوشتن و لەسێدارەدانیان لەو کەسە رفێندراوانەش دەکرد.

نادیە موراد یەکێک لەو ٣ هەزار کچ و ژنە ئێزدییە، کە لەلایەن داعشەوە رفێنراو و دەستدرێژیى کرایەسەر و ئەو دەستدرێژییەش وەک پلانێکى بنەڕەتیى داعش بوو بۆ تێکشاندن و سڕینەوەى کۆمەڵگەى ئێزدی و کۆمەڵگەکانى تریش لە ناوچەکەدا.

نادیە موراد لە دواى خۆرزگارکردنى لە دەست داعش توانیى تاوانەکانیان ئاشکرا بکات و هەوڵەکانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى دەستدرێژیى وەک چەکێک لە جەنگەکاندا خستەگەڕ.

ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سالی ٢٠٠٨ و لە بڕیاری ١٨٢٠دا رایگەیاند، دەستدرێژی لە شەڕەکاندا وەک چەکێک بە تاوانى جەنگى ئەژمار دەکرێت و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاشتى و ئارامیى جیهانی. ئەو بڕیارەش پشتبەستوو بووە بە رێککەوتننامەى رۆما لە ساڵی ١٩٩٨، کە تیایدا باس لەوە کراوە، توندوتیژیى رەگەزی و دەستدرێژى لەشەڕەکاندا قورسترین پێشێلکاریى گەردوونییە.

هەروەها پزیشک دێنس ماکویچ بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەرگریکردن لە قوربانیانی جەنگ بە تایبەتی قوربانیانى دەستدرێژیى لە جەنگەکاندا لەلایەن کۆمیتەى خەڵاتى نۆبڵەوە بە شیاو زانراوە بۆ ئەوەى خەڵاتى نۆبڵی ئاشتیى پێببەخشرێت.

ماکویچ  پزیشکێکى خەڵکى وڵاتى کۆنگۆیە و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە نەخۆشخانەیەکى بۆ چارەسەرکردنى قوربانیانى شەڕ دروستکردووە و هەزاران قوربانیى شەڕی تیادا چارەسەرکردووە. دەیانجار تاوانبارانی توندوتیژی رەگەزی و دەستدرێژی و بەرپرسانى سەربازی و دەوڵەتى کۆنگۆ و چەندین وڵاتى تری ئیدانە کردووە، چونکە ماکویچ لەو بڕوایەدایە "دادپەروەری بۆ هەموانە".

بۆیە کۆمیتەى خەڵاتى نۆبڵ بڕیاریدا بەپێى پەیڕەوەکەى ئەلفرێد نۆبڵ، خەڵاتى ئاشتیى نۆبڵ بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە هاوبەشی بە نادیە موراد و ماکویچ ببەخشێت، کە ژیانى خۆیان بەشێوەیەکى بوێرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تاوانەکانى جەنگ و هاتنەدیى دادپەروەری بۆ قوربانیان تەرخانکردووە.

نادیە موراد کێیە؟

نادیە موراد کچە کوردى ئێزیدى خەڵکى گوندى کۆچۆى باشوورى شەنگالە. لەدواى هێرشى چەتەکانى داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بۆ سەر شەنگال، رۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٨ هێرشیان کردە سەر گوندی کۆچۆ و سەدان هاووڵاتیى ئەو گوندەیان کۆمەڵکوژکرد و نادیە موراد و سەدان کچ و ژنى ئەو گوندەشیان رفاند.

نادیە موراد دواى نزیکەى ساڵێک لە دەستبەسەرى توانیى خۆى لە دەستى چەتەکانى داعش ڕزگار بکات. نادیە موراد لە دواى خۆ ڕزگارکردنى دەستیکرد بە ئاشکراکردنى تاوان و دەستدرێژیى چەتەکانى داعش و چەندین وڵات گەڕا و باسى تراژدیاى خۆی و ئێزیدییەکانى کرد.

نادیە موراد لە پێش هێرشی داعش بۆ ناوچەکەیان خەونی ئەوەی هەبوو، کە ببێت بە مامۆستای مێژوو، یان ماکیاژ بۆ هونەرمەندان بکات.

هەوڵەکانى نادیە موراد ئەو کچە کوردە ئێزیدییەیى کردە سیمبولى ئێزیدییەکان و بەرەنگاربوونى داعش و ڕۆژى ١٦ى ئەیلولی ٢٠١٦ و لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بوو بە باڵیۆزى نیازپاکى و ئاشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان و لەلایەن بان کی مۆن سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە مەراسیمێکى گەورەدا خەڵاتى نیازپاکى و ئاشتیى پێشکەش کرا.

پێشتریش گۆڤاری تایمی ئەمریکی نادیە مورادی وەک یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەستنیشانکرد.

ڕۆژی ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦ پەرلەمانى ئەوروپا لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتى مافى مرۆڤى ئەوروپاى بەخشییە نادیە موراد.

ڕۆژى ٢٧ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٦ هەر یەک لە نادیە موراد بەسە و لەمیا عەلی بەشار دوو کچە کوردى ئێزیدى، ناوەکانیان بۆ وەرگرتنى خەڵاتى ئاشتیى ساخارۆڤى پەرلەمانى ئەوروپا یەکلایى بوویەوە و ڕۆژى ١٣ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ نادیە موراد و لەمیا عەلى لە ڕێوڕەسمێکى تایبەتدا، کە جلوبەرگى تایبەتى ئێزدییەکانیان لە بەردابوو، لە پەرلەمانى ئەوروپا و بە ئامادەبوونى ٧٠٠ پەرلەمانتار و بەشێوەى فەرمى خەڵاتى ئاشتیى ساخارۆڤیان پێبەخشرا.

خەڵاتی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەوروپا تایبەتە بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی ئازادی. پێشتریش لەیلا زانا ژنە چالاکی کورد لە باکوری کوردستان وەک یەکەم هاووڵاتیی کورد ئەو خەڵاتەى پێ بەخشرابوو.

ڕۆژی ٢٧ى ئایاری ٢٠١٧ گوندى کۆچۆ لەلایەن هێزەکانى حەشدى شەعبی و سوپاى عێراقەوە لە دەست چەتەکانى داعش رزگارکرا.

ر.م