خەڵکی مکس بە ئاکەپە دەڵێن "ئیدی بەسە"

هەدەپە بڕیاریداوە و پێداگرە لەسەر ئەوەى رێژەى سەدا ٦٥ى دەنگەکان لە ناوچەی مکس-ی سەر بە شاری وان، کە لە هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیراندا بەدەستی هێنابوو تێپەڕێنێت و رێژەکە بەرز بکاتەوە.

هاووڵاتییانی ناوچەی مکس هاوکات لەگەل خۆئامادەکردنیان بۆ هەلبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ وتیان "با ئەم جەژنە ببێتەهۆی ئازادبوونی دەمیرتاش و لەناوچوونی ئەردۆغان". راشیانگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیراندا بە ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئاکەپە بڵێن "ئیدی بەسە".

هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیراندا، لە ناوچەی مکس- ی سەر بە شاری وان لەسەدا ٦٥ ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، لە بەرامبەردا ڕێژەی دەنگی ئاکەپە لەو ناوچەیە لەسەدا ٢٨.٢ بوو.

ئازادکردنى دەمیرتاش بۆ جیهانى ئیسلامیش گرنگە

بە گوێرەی قسەکانی ڕەمزی ئۆنەری تەمەن ٥٨ ساڵ، کە لە ناوچەی مکس جوتیاری دەکات، تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا ١٠ بۆ هەدەپە و ئازادکردنی دەمیرتاش و بۆ جیهانی ئیسلامیش گرنگە و وتی "جەژنی ڕەمەزان نزیکبوووتەوە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە جەژنی ئازادکردنی دەمیرتاش و ڕۆیشتنی ئەردۆغان. داواکارم هەموو مرۆڤێک بە ئازادی و لە ئاشتیدا بژی. ئیسلامیەتی ڕاستەقینە بە ئازادی و یەکسانی دەناسرێتەوە، ئیسلامی ڕاستەقینە بەرەنگارى ستەم دەبێتەوە و زوڵم قبوڵ ناکات. لەبەرئەوە من دەنگی خۆم دەدەم بە هەدەپە".

دەنگ بۆ رزگاریى ملیۆنەها کەس دەدەین

عومران تەکدال یەکێکی ترە لە دانیشتوانی ناوچەی مکس-ی سەر بە شاری وان و ئاماژەی بە گرنگیی هەر دەنگێک کرد و وتی "دەمەوێت لە هەر چوار بەشی کوردستاندا ئاشتی و خوشکایەتی و برایەتی هەبێت. ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ، جارێکی تر ئازادی سەردەکەوێت. ئێمە دەنگێک دەدەین بە دەمیرتاش و دەنگێکیش دەدەین بە هەدەپە. ئێمە بۆ ئەوە دەنگ دەدەین، کە ملیۆنان مرۆڤ ڕزگاریان بێت".

٢٤ی حوزەیران ئێمە دەڵێین "ئیدی بەسە"

بەهرام حازر یەکێکە لە دانیشتوانی ناوچەی مکس -ی سەر بە شاری وانە و داواى سەفەربەری و کاری هەرەوەزیانە لە کوردان کرد بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ و جەختیشی لەوە کردەوە، ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران دەبێتە ڕۆژی ڕزگاریی گەل و وتیشی "بۆ ئازادیی هاوسەرۆکمان سەڵاحەدین دەمیرتاش و گەلەکەمان، ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ، ئێمە دەڵێین 'ئیدی بەسە'."

ر.م