دادگا و حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر بابەتى داعش رێکناکەون

دادگای هەرێمی بەرلین بڕیاری دا، کە هاوژین و ٣ منداڵی چەتەیەکی ئەڵمانیایی داعش، کە لە کامپی هۆلی قەسەدە راگیراون بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام وەزارەتی کاری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دژی ئەو بڕیارە وەستاوەتەوە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئەڵمانیا بۆ چەتەکانی ئەڵمانیای داعش کە لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەگەوە دەستگیرکراون چارەسەرییەکی نەدۆزیوەتەوە. سەرەڕای داواکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و بەڕێوەبەریی رۆژاوا بۆ "وەرگرتنەوەی چەتەکانیان"، حکومەتی ئەڵمانیا خەمساردانە نزیکی ئەو بابەتە ئەبێتەوە.

هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا خێزانی چەتەکانی داعش کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا راگیراون قبوڵ ناکات. بەڵام دادگایەکی هەرێمی لە بەرلین دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی هاوژین و ٣ منداڵی چەتەیەکی داعش لە سەرەتای مانگی تەمموزدا بڕیارێکی تایبەتی دەرکرد. لەو بڕیارەدا راگەیەندرا، کە پێویستە ئەو خێزانە بگەڕێنەوە ئەڵمانیا.

 بەپێى ئەو بڕیارە پێویستە ئەڵمانیا ئەو خێزانە لە قەسەدە وەربگرێتەوە

خێزانێکی ئەڵمانی، کە خەڵکی ئەیالەتی ساکسۆنیای خواروە، لە کەمپی هۆل لە حەسەکە راگیراون. دادگای باڵای ئەڵمانیا بڕیاری دادگای هەرێمیی بۆ گەڕانەوەى ئەو خێزانە قبوڵ کرد. دادگای ئیداریی ئەیالەتی برلین- براندربێرگ سەبارەت بە بڕیارەکەی  رایگەیاند،" پێویستە هەموو وڵاتێک هاووڵاتیانی خۆی وەربگرێتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، کە دەبێت بەپێى ئەو بڕیارەی دادگا بە شێوازێکی فەرمی خێزانی ئەو چەتەیەی داعشی لە هێزی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) وەربگرێتەوە، سەبارەت بەو بابەتە ناڕەزایی نیشان داوە. وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، تەنها سێ منداڵەکە بگەڕێنەوە و پێویستە بڕیاری گەڕاندنەوەی هاوژینی ئەم چەتەیە پووچەڵ بکرێتەوە.

بە گوێرەى زانیارییەک، کە لە میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاو بووەتەوە، دادگای ئیداری ئەیالەتی برلین- براندربێرگ نووسراوێکی نوێی بۆ وەزارەتی دەرەوە ناردووە و داوای کردووە، ئەو خێزانە هەموویان بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا. لەو نووسراوەدا راگەیەندرا، " ئەڵمانیا کە مرۆڤی رادیکاڵی وڵاتانی دیکە دەردەکات، رادیکاڵەکانی خۆی لە وڵاتی دیکە دەهێڵێتەوە."

دەگوترێت زیاتر لە ٨٠٠ هاووڵاتیی ئەڵمانیی چەتەی داعش، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن لە دەسی هێزەکانی قەسەدە و یەپەگە دان.

هەروەها زیاتر لە ٢٨٠٠ چەتەی داعش لە ئۆپراسیۆنی یەکینەی تایبەتی یەپەگەدا دەستگیرکراون، کە ٨٠٠ کەسیان هاووڵاتیی وڵاتانی رۆژئاوان.

ژ.ت