دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر پارێزەرانی ئۆجالان تورکیای سزادا

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەهۆی دەستگرتن بەسەر زانیارییە ئەلەکترۆنییەکانی پارێزەرانی ئۆجالان، سزای بەسەر تورکیادا سەپاند.

داداگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر دەستگرتن بەسەر زانیارییە ئەلکترۆنییەکانی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە کە لە پەیوەندیی نێوان "پارێزەر – بریگرتە" وەک "ڕازی پیشەیی" دەپارێزرێت و لەسەر ڕادەست نەکردنەوەیان یان لەناوبردنیان، سزای بەسەر دەوڵەتی تورکدا سەپاند.

دادگا دەستنیشانی کردووە کە ئەو کارە لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتی پێویست نییە و ڕایگەیاند: تورکیا پەیمانی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای وەک لە ماددەی هەشتدا هاتووە "پێویستە ڕێز لە ژیانی تایبەت، خانەوادە و دانوستانەکان بگیرێت" پێشلکردووە.

سزاکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەمشێوەیەیە کە؛ دەوڵەتی تورک سزا دەدرێت بەوەی کە بڕی سێ هەزار و ٥٠٠ یۆرۆ وەک قەرەبووی مەعنەوی بداتە هەریەک لەو سێ پارێزەرەی ئۆجالان کە سکاڵایان تۆمارکردووە و سێ هەزار یۆرۆش وەک خەرجی داداگا، بداتە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا.

جێگای بیرهێنانەوەیە دەوڵەتی تورک بە بانگەشەی ئەوەی ئۆجالان لە ڕێگەی پارێزەرانییەوە بەشێوەیەکی نهێنی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەکات، ساڵی ٢٠١١، لە ١٦ شاردا هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنێکدا، دەستی بەسەر کەلوپەل و زانیارییە ئەلەکترۆنییەکانی پارێزەرانی ئۆجالاندا گرت، سەرەڕای ئەوەی پارێزەران چەندین جار داوای وەرگرتنەوەی ئەو شتانەیان کردووە بەڵام دەوڵەتی تورک ئامادە نەبووە ڕادەستیان بکاتەوە.

ف.ق