دادگای میسر١٤ی کانونی یەکەم لەدژی کردەوەکانی ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە

دوای ئەوەی مەجدی ئەلکوردی و چەند کەسایەتییەکی دیاری میسر، لەدژی کردەوەکانی ئەردۆغان یاداشتێکیان ئاڕاستەی داواکاری گشتی میسر کرد، بڕیاردرا ١٤ی کانونی یەکەم لەسەر ئەو یاداشتە دادگای میسر لەدژی کردەوەکانی ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات.

مەجدی ئەلکوردی خەڵکی میسرە و بە ڕەچەڵەک کوردە، لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی کورد و میسری لە دژی هێرشە قڕکەر و داگیرکەر و تاوانەکانی شەڕ کە ئەردۆغان ئەنجامی داوە، داواکارییەکیان پێشکەشی داواکاری گشتی میسر کرد. دادگای عابدین داواکارییەکەی پەسەند کرد و بڕیار درا ڕۆژی ١٤ی کانونی یەکەم لەسەر ناوەڕۆکی داواکارییەکە دانیشتنێکی تایبەت بەڕێوەبچێت.

لە داواکارییەکەدا بانگەوازی بۆ داواکاری گشتی میسر و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە کراوە کە لەدژی کردەوەو تاوانەکانی شەڕ کە ئەردۆغان لەدژی گەلی کورد ئەنجامی داوە بڕیارێک بدەن. هەروەها لە داواکارییەکەدا ئەوەش هاتووە کە حکومەتی میسر بڕیاری دەستگیرکردنی ئەردۆغان بدات کاتێک پێ بخاتە ناو خاکی میسرەوە.

لە داواکارییەکەدا ڕاگەیاندراوە کە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەدژی خەڵکی مەدەنی چەکی قەدەغکراوی کیمیایی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەکار هێناوە. ئەوەش وەبیر هێنرایەوە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون. هەروەها ئەوەش وتراوە کە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە داهاتوودا کاریگەری خراپی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە کەوتوونەتە بەر ئەو هێرشە.

ئەوەش هاتووە کە، دەوڵەتی تورک بە هەڕەمەکی هێرش دەکاتە سەر وڵاتی دراوسێ و ئەوەش وەکو تاوانێکە لەدژی هەموو وڵاتان دەکرێت.

لە درێژەی داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێرشێکە بۆسەر هەموو گەلی وڵاتانی عەرەبی. ئەوەش بە واتای ئەوەیە کە تاوانەکان لەدژی هەموو عەرەبێکە و پێشێلکردنی شکۆی وڵاتانی عەرەبییە.

لە درێژەی داواکارییەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان و گرووپەکانی ئیخوان تیشک خراوەتە سەر و وتراوە: "ئەو گروپە بەپێی یاسای میسر تیرۆریستن. ئەردۆغان لەسەر بنەمای ئەوەی زیان بە میسر بگەیەنێت هاوکاری ئەو ڕێکخراوە دەکات".

لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەو کەسانەی داواکارییەکەیان نووسیوە و وتراوە: "راستی و دروستی ئەو کردەوانەی کە باسیان لێوە دەکرێت و ئەوانەش کە داواکارییەکەیان نووسیوە، وای کردووە داوکارییەکە پەسەند بکرێت.

هەروەها لە داواکارییەکەدا یەکێتی نێوان میسر و سوریاش وەبیرهێنراوەتەوە.

داواکارییەکە لە لایەن دادگای عابدین-ی پایتەختی قاهیرەوە پەسەند کراوە. بۆ وتوێژکردن لەسەر ناوەڕۆکی داواکارییەکە، ڕۆژی ١٤ی کانونی یەکەم دانیشتنێکی تایبەتی دادگا بەڕێوە دەچێت.