دادگاییکردنی ئەو داعشەی ڕادەستی ئەمریکا کرابووەوە دەستیپێکرد

لەسەر ڕووسلان ماراتۆڤیچ ئاساینۆڤ هاووڵاتیی ئەمریکی، کە ئەندامى داعش بوو دۆسیە ئامادە کراوە. ئاساینۆڤ لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە ڕادەستی ئەمریکا کرابووەوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەبارەی ڕووسلان ماراتۆڤیچ ئاسائینۆڤ هاووڵاتیی ئەمریکا دۆسیە ئامادە کراوە.

ڕووسلان ماراتۆڤیچ ئاساینۆڤ بە ڕەگەز خەڵکی کازاخستانە و دەگۆترێت، لەناو داعشدا قەناس بەدەست بووە. ئاساینۆڤ بە هۆی تاوانی پەروەردەکردنی چەکدارانی داعش و دابینکردنی لۆجیستیک بۆ داعش دادگایی دەکرێت و داوادەکرێت سزای زیندانیی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.

دەگۆترێت، ئاساینۆڤ لەساڵی ٢٠١٣دا لە ڕیگەی تورکیاوە خۆی گەیاندووەتە داعش و لەناو داعشدا وەک سولەیمان ئەل ئەمریکی و سولەیمان ئەلکازاکی دەناسرا.

ئاساینۆڤ لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا لە باکووری سوریا لە لایەن هێزەکانی قەسەدەوە دەستگیرکرا و ڕادەستی ئەمریکا کرایەوە.

ژ.ت