دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی دۆخی ئۆجالان ده‌كات
دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا (DMME) پاش ١٠ ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر هێرشه فیزیكییه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی سه‌ر ئۆجالان، له ٢٧ی ئه‌یلوولدا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی سكاڵایه‌ك ده‌كات.
دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا (DMME) پاش ١٠ ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر هێرشه فیزیكییه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی سه‌ر ئۆجالان، له ٢٧ی ئه‌یلوولدا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی سكاڵایه‌ك ده‌كات.
گۆشه‌گیریی تووندی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌كه‌وێته ساڵی بیسته‌میه‌وه و له ٥ی نیسانی ٢٠١٥ به‌داوه هیچ زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی ئۆجالان نازانرێت. ڕۆژ به ڕۆژ گومانه‌كان ده‌رباره‌ی ئاسایش و ته‌ندرووستی ئۆجالان زیاد ده‌بن. به گوێره‌ی هه‌واڵێكی ڕۆژنامه‌ی یه‌نی ئۆزگور پۆلتیكا له ئه‌ورووپا، دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند، ئه‌وان سكاڵایه‌كی پارێزه‌رانی ئۆجالانیان كردووه‌ته ڕۆژه‌ڤی خۆیان كه ساڵی ٢٠٠٨ پێشكه‌شیان كردووه. بڕیاره ئه‌و دادگه‌یه له ٢٧ی ئه‌یلوولدا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی سكاڵاكه بكات.
ناڕه‌زایه‌تی له به‌رانبه‌ر هێرشی فیزیكی
له ساڵی ٢٠٠٨دا هێرشی فیزیكی كرابوویه سه‌ر ئۆجالان. له ته‌مووزی ٢٠٠٨دا له‌ژێر زه‌ختدا قژی ئۆجالان بڕدرابوو. ئه‌و كاته بۆ ئیدانه‌كردنی ئه‌و هێرشه، هه‌زاران كه‌س قژی خۆیان بڕی. زیندانییانی دۆزی په‌كه‌كه (پارتی كرێكارانی كوردستان) و پاژك (پارتی ئازادی ژنانی كوردستان)یش ڕایانگه‌یاندبوو بۆ ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كه، قژی خۆیان ده‌بڕن.
له تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٨دا، به بیانووی ئه‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی ده‌پشكنن، پاسه‌وانه‌كانی زیندان هێرشیان كردبووه سه‌ر ئۆجالان و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كردبوو. له ١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٨دا ئه‌و هێرشه بۆ ڕای گشتی ئاشكرا كرا. هه‌زاران كه‌س له ئامه‌د، مێردین، سێرت، ڕوحا، ئێلح، شرنا‌خ، جۆله‌مێرگ، وان، ئیدر، مێرسین، ئه‌ده‌نه، ئه‌نتاڵیا، ئیزمیر و ئیسته‌نبووڵ ئه‌م هێرشه‌یان ئیدانه كرد.
پارێزه‌ران دۆسیه‌كه‌یان گه‌یانده دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا
دوای ئه‌وه‌ی پارێزه‌رانی ئۆجالان ئه‌و هێرشه‌یان به داواكاری گشتیی شاری بوورسا ڕاگه‌یاند، سكاڵاكه بێ ئه‌نجام مایه‌وه. دواتر پارێزه‌ران له ٢ی مارسی ٢٠١٠دا دۆسیه‌كه‌یان برده دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا.
ماوه‌یه‌كی درێژه قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت كه دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا به گوێره‌ی به‌رژوه‌ندییه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تان ڕه‌فتار ده‌كات. وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا و دادگه‌كه له ٥ی نیسانی ٢٠١٥ به‌دواوه نایانه‌وێ گۆشه‌گیریی تووندی سه‌ر ئیمڕاڵی ببینن. دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له ٢٧ی ئه‌یلوولدا خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا حقووقی ئه‌ورووپا به لای به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تاندا ده‌چێت یان به لای مافی مرۆڤدا.
s.m