دانیشتنێكی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵكوژیی ده‌وڵه‌تی تورك له شاری جزیری باكووری كوردستان له كاتی ڕاگه‌یاندنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا، به‌ڕێوه‌چوو. دانیشتنه‌كه ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی كوشتنی ٢ كه‌س به ناوه‌كانی عومه‌ر ئه‌لچی و ئۆرهان توونچ بوو. دانیشتنه‌كه ٣ كاتژمێری خایاند و بنه‌ماڵه‌ی توونچ و ئه‌لچی ئیفاده‌یان دا.
پارێزه‌ران ڕه‌مه‌زان ده‌میر و نه‌ورۆز ئویسال، هه‌روه‌ها زه‌ینه‌ب توونچ هاوژینی محه‌مه‌د توونچ-ی له كاتی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه گیانی له‌ده‌ستدابوو و گوله‌ر توونچ هاوژینی ئۆرهان توونچ ئاماده بوون. په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) ئایشه ئاجار باشاران و په‌رله‌مانتاری پێشووی هه‌ده‌په فه‌یسه‌ڵ ساری یڵدز-یش ئاماده بوون.
ده‌میر: حكوومه‌ت نه‌یتوانی وه‌ڵام بداته‌وه
پارێزه‌ر ڕه‌مه‌زان ده‌میر ڕایگه‌یاند، له كاتی كۆمه‌ڵكوژیی جزیر و دوای كۆمه‌ڵكوژییه‌كه ٣٠ سكاڵا له دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا تۆمار كراون و له‌نێویاندا سكاڵای ده‌رباره‌ی عومه‌ر ئه‌لچی و ئۆرهان توونچ هه‌ڵبژێردراون. گوتیشی: «له كاتی ئیفاده داندا ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت له جزیر ئۆپه‌راسیۆنیان كردووه و به ئامێره جه‌نگییه‌كان له ناوچه‌كه‌یان داوه و حقووق و خاڵی دووه‌می په‌یمانی مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌ورووپای پێشێل كردووه كه تیایدا هاتووه پێویسته ڕێوشوێنی پێشوه‌خته بگیرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی سیڤیل. هه‌روه‌ها باسمان له‌وه كرد كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، كاریگه‌ر بێلایه‌نانه ده‌رباره‌ی كوژرانی ئۆرهان توونچ نه‌كراوه.»
پارێزه‌ر ده‌میر ڕاشیگه‌یاند، له دانیشتنی ئه‌مڕۆدا چه‌ندین پرسیار له نوێنه‌ری ئاماده‌بووی حكوومه‌تی تورك كرا ده‌باره‌ی دۆسیه‌كه، به‌ڵام نوێنه‌ره‌كه وه‌ڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌كانی نه‌دایه‌وه و خۆی دزیه‌وه. به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌و پارێزه‌ره وه‌ڵامه‌كانی ئه‌و نوێنه‌ره له ئاست داواكاریی دادگه نه‌بوون. گوتیشی، ئه‌وان وه‌ك پارێزه‌ر و خانه‌واده‌ی قوربانییان زۆر زانیاری‌یان خستووه‌ته‌ڕوو ده‌رباره‌ی پێشێلكارییه‌كان له جزیر، به‌ڵام به‌هۆی كه‌می كات نه‌توانراوه باسی هه‌موو شتێك بكرێت. پارێزه‌ر ڕه‌مه‌زان ده‌میر ڕایگه‌یاند، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا دادگه بڕیاری خۆی ده‌دات ده‌رباره‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه.
حكوومه‌تی تورك ده‌یویست دادگه دانیشتن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه نه‌كات
حكوومه‌تی توركیا له دانیشتنه‌كه‌دا داوای كرد دۆسیه‌كه قبووڵ نه‌كرێت، چونكه به گوته‌ی خۆیان له‌نێو خۆی توركیا حقووق كۆتایی نه‌هاتووه و پێویسته سكاڵا له دادگه‌ی ده‌ستووری تۆمار بكرێت.
پارێزه‌رانی ئه‌و ٢ خانه‌واده‌یه له كاتی دانیشتنه‌كه‌دا گوتیان، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له جزیر به ناوی قانوونی ئیداریی شار ڕاگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام له قانوونه‌كه‌دا هیچ خاڵێك نییه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ و ئه‌م ڕێكاره هیچ ڕه‌هه‌ندێكی قانوونی نییه.
«ئه‌گه‌ر بیانویستبا ده‌یانتوانی توونچ ڕزگار بكه‌ن»
پارێزه‌ران گوتیشیان، ژماره‌ی دانیشتوانی جزیر ١٠٠ هه‌زار زیاتره، به تانك له ناوچه‌ی نیشته‌جێبوون دراوه. كاره‌با، ئاو و خواردن له‌سه‌ر گه‌ل بڕاوه و نه‌شیانهێشتووه خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان بێنه ده‌ره‌وه. ده‌رباره‌ی كوشتنی ئۆرهان توونچ پارێزه‌ران گوتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئامبولانس نه‌هاتووه توونچ ژیانی له‌ده‌ستداوه، ئه‌گه‌ر ویستبایان توونچ نه‌ده‌مرد.
ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی كه بوونه بابه‌تی دۆسیه‌كه
دوای ئه‌وه‌ی كه پارێزگاری شرنا‌خ له ١٤ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٥ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی له جزیر ڕاگه‌یاند، ٧٩ ڕۆژ به‌رده‌وام بوو و ٢ی مارسی ٢٠١٦ كۆتایی هات. له‌و ٧٩ ڕۆژه‌دا به‌گشتی ٢٥٩ كه‌س كوژران. ١٧٧ كه‌س كه له‌نێویاندا چه‌ندین بریندار هه‌بوو و په‌نایان بۆ ژێرزه‌مینه‌كان بردبوو، له لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه به‌ساغی سووتێنران. ٩٢ كه‌س به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یان ئاشكرا بكرێت له گۆڕستانی بێكه‌سه‌كان به‌خاكسپێردران.
s.m