دانیەل سیمۆنێت: ئەردۆغان پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ داعش دا هەیە

دانیەل سیمۆنێت ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى حیزبی چەپ و وتەبێژی پارتى نیشتمانیى (فەرەنسا سەر نانەوێنێت) رایگەیاند، بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە فەرەنسا لە هەوڵدان و راشیگەیاند "تورکیا بۆ داگیرکەرییەکى نوێ دەستی بە جموجوڵ کردووە".

دانیەل سیمۆنێت رایگەیاند، هەر چەند ئەردۆغان دەڵێت، لە دژی داعشە، بەڵام ئەوە بە روونی دەبینن، کە ئەردۆغان بۆ دژایەتیکردنى کورد پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ داعشدا هەیە و دەشڵێت، "بە هیچ شێوەیەک بڕوا بە لێدوانەکانى ئەردۆغان ناکەین. ئێمە لە دژی ئیسلام نین، بەڵکو لە دژی ئەو کەسانەین، ئیسلام وەک ئامڕازێک بۆ خۆیان بەکار دەهێنن".

دانیەل سیمۆنێت ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى چەپ و وتەبێژی حیزبی نیشتمانیى (فەرەنسا سەر نانەوێنێت) لەبارەى ئەو بابەتانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

"لە تورکیا دیموکراسی نییە"

سیمۆنێت رایگەیاند، مرۆڤ ناتوانێت بڵێت، لە تورکیا دیموکراسی هەیە و راشیگەیاند "ئەمە یەکەمجار نییە، کە من هاتووم بۆ تورکیا. لەهەڵبژاردنى پێشوودا وەک چاودێر هاتم بۆ تورکیا و لە نزیکەوە چاودێریى دۆخەکە و پرۆسەکەم کرد. بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی سەرۆکایەتیى کۆمار بوو و سەرباری ئەوەش ئازاد نەکرا و بانگەشەى هەڵبژاردنى لە زیندانەوە بەڕێوەبرد. مرۆڤ لە دۆخێکى لەو جۆرەدا ناتوانێت باسی دیموکراسی بکات. بەڕێز لەیلا گیوڤەنى پەرلەمانتاری زیاتر لە ساڵێک لە زینداندا راگیرا. لەیلا گیوڤەن دوێنێ ئازاد کرا، بەڵام داواکانى جێبەجێ نەکراون و ئەویش بەردەوامە لە چالاکیى مانگرتنەکەى. بەڕێز لەیلا گیوڤەن بۆ ئازادکردنى خۆی هیچ داوایەکى نەبوو و مەرجی سەرەکیى نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان بوو. بەڵام بە داخەوە تاوەکو  ئێستاش گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان بەردەوامیى هەیە و لەبەر ئەوەش مرۆڤ ناتوانێت باسی دیموکراسی بکات، چونکە ئەوەى روودەدات رووڕەشییە".

"ئێمە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەگەڵ ماکرۆن کۆبووینەوە"

سیمۆنێت ئاماژەى بەوەکرد، وەک پارتى چەپ لە فەرەنسا پشتیوانى لە رێکخستن و رێکخراوە کوردییەکان دەکەن و لەوبارەیەوە وتى "بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان و قەدەغەى سەر پەکەکە لە فەرەنسا لەگەڵ حیزبەکانى تر لە پەیوەنداین و لەمدواییانەشدا بۆ ئەو بابەتانە لەگەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن کۆبووینەوە. ئێمە داوامان لە ماکرۆن کرد، بۆ ئەوەى کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنریت پێویستە گوشار لە حکومەتى تورکیا بکات و لەوباریەوە لەگەڵ ئەردۆغان قسە بکات.

هەروەها حیزبەکەمان بۆ دەرهێنانى ناوی پەکەکە لە "لیستى تیرۆر" پرۆژە یاسایەکى بردە پەرلەمانى فەرەنسا. بۆ هەر شوێن و کەناڵ و ناوەندێک بانگ بکرێم وێنەى لەیلا گیوڤەن لەگەڵ خۆم دەبم و سەرنج دەخەمە سەر چالاکییەکەی. لە یەکەم رۆژی چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەنەوە ئێمە چالاکییەکەیمان کردووە بە بابەتى گەرمی تەلەفزیۆنەکانى فەرەنسا و بۆ ئەوەشمان بۆ ئەوە کرد، کە بێدەنگیى میدیاکانى فەرەنسا بشکێنین. نوێنەرایەتیى هەدەپە لە فەرەنسا و رێکخستنەکانى کورد بە بەردەوامی حیزبەکەمان لە پێشهاتەکان ئاگادار دەکەنەوە. لە چەند رۆژی رابردووشدا حیزبەکەمان سەردانى چالاکوانانى مانگرتووی لە ستراسبۆرگ کرد. من بە گەرمی سڵاو و رێزی خۆم پێشەکەشی بەرخودان و تێکۆشانى کوردان دەکەم".

"داگیرکەریى نوێ قبوڵ ناکرێت"

دانیەل سیمۆنێت سەرنجی خستە سەر داگیرکەرییەکانى تورکیا لە رۆژئاوا و لەوبارەیەوە وتی "ئەردۆغان ئامادەکاری بۆ داگیرکەریى نوێ دەکات. رۆژئاوا تاکە هەرێمى دیموکراتیک و ئازادى سوریایە. تاکە هێزیش کە لە دژی چەتەکانى داعش شەڕ دەکات هێزی کوردانە. تاکە ئومێد و هیواى ئاشتى و دیموکراسیش لە هەرێمەکەدا هێزەکانى کوردن. ئێمە لە دژی هەموو داگیرکەرییەکین و ئەو داگیرکەرییە قبوڵ ناکەین. بۆ ئەوەش بەهەموو و هێز و توانامەوە پشتیوانى لە کورد و پەیەدە دەکەم".

سیمۆنێت لە کۆتایى قسەکاندا باسی ئەوەیکرد، هەر چەند ئەردۆغان دەڵێت، لە دژی داعشن، بەڵام ئەوە بە روونی دەبینن، کە ئەردۆغان لە دژی کوردان پەیوەندییەکى بەهێزی لەگەڵ داعش دا هەیە و وتیشی "بە هیچ شێوەیەک بڕوا بە لێدوان و وتەکانى ئەردۆغان ناکەین. ئێمە لە دژی ئیسلام نین، بەڵکو لە دژی ئەو کەسانەین، ئیسلام وەک ئامڕازێک بۆ خۆیان بەکار دەهێنن".

ر.م