دانیەل سیمۆنێت: پێویستە لە پێناو ئاشتیدا ناوی پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەربهێنرێت

دانیەل سیمۆنێت وتەبێژی نیشتمانیى 'فەرەنسا سەر نانەوێت'، کە گەورەترین رێکخستنى چەپی فەرەنسایە سەردانى چالاکوانانى مانگرتووی لە ستراسبۆرگ کرد و رایگەیاند، بەرخودانى گەلی کورد لە دژی فاشیزم نمونەیى و بێ هاتاویە.

چالاکیى مانگرتنی بێسنوور لە ستراسبۆرگ ٣١ رۆژى تێپەڕاند و پشتیوانییەکان بۆ چالاکییەکە لە ئاستى نێودەوڵەتیدا رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوون دەکات. لە رێکخستنى La France Insoumise (فەرەنسا سەر نانەوێنێت) بە پێشەنگایەتیى ژان لوک میلانشۆن، پەرلەمانتار، هەڵبژێردراوان و پاڵێوراوان پشتیوانییان لە چالاکییەکە کرد.

دانیەل سیمونێت ئەندامى ئەنجوومەنى شارەوانیى پاریس لە حیزبی چەپی فەرەنسا (PG - Parti de Gauche) و بەشێک لە رێکخستنى 'فەرەنسا سەر نانەوێت' لە شاری پاریس سەردانى چالاکوانانى مانگرتووى کرد و بە ناوی حیزبەکەیەوە پشتیوانیى لە بەرخودێران کرد.

 

سیمۆنێت سەرنجی خستە سەر چالاکییەکانى مانگرتن بۆ دژایەتیکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رایگەیاند، ئەو هەڵوێستە، هەڵوێستى هاوبەشی زیاتر لە ١٠ هەزار شۆڕشگێڕی کوردی زیندانیکراو و دیلکراوە.

ئامانجی سەرەکیى ئەردۆغان بۆ لەناوبردنى پرۆژەى رۆژئاوایە

دانیەل سیمۆنێت رایگەیاند "سیاسەتەکانى ئەردۆغان، دیکتاتۆری، فاشیستی، نەتەوەپەرستی و دواکەوتوانەیە. کوردیش ئەو هێزەیە، کە بە بەهێزترین شێوە لە دژی داعش شەڕی کرد و باشترین هاوپەیمانى فەرەنسا بوو. تورکیاى ئەردۆغان هەڕەشە و هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش. لە رۆژئاوا سیستمێکى راستەقینەی دیموکراسی، ئاشتیى و فرە رەنگی بوونی هەیە. ئەو پرۆژەیە، پرۆژەیەکى سۆسیالیستى، ئیکۆلۆژیک و فیمینستییە. هەڕەشە و هێرەشەکانى ئەردۆغانیش بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى ئەو پرۆژەیەیە".

دەبێت ناوى پەکەکە لە لیستى "گروپە تیرۆریستییەکان" دا دەربهێنرێت

دانیەل سیمۆنێت رایگەیاند، دەبێت بە دڵنیاییەوە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باکووری سوریا رابوەستێنرێت. پێویستە کۆنفرانسێکى ئاشتیى نێونەتەوەى بۆ کورد رێکبخرێت.

سیمۆنێت راشیگەیاند، یەکەم مەرجی ئەو کۆنفرانسە دەبێت ئەوە بێت، کە کورد قبوڵ و پەسەند بکرێت. بۆ ئەوەش داواى لە فەرەنسا و یەکێتیى ئەوروپا کرد، کە ناوی پەکەکە لە لیستى 'گروپە تیرۆریستییەکان"دا دەربهێنن.

سیمۆنێت ئەوەشى راگەیاند، کە پشتیوانییان بۆ کورد بەردەوامیى دەبێت.

ر.م