"داوای دادپەروەری ڕێگەیەکی ئاسوودەبوونە"

٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی پرسوس دا تێپەڕی. هێشتاش دادپەروەری جێبەجێ نەکراوە. ئەوانەی ماون دەڵێن، لە تێکۆشان بەردەوام دەبین.

رۆنی ئارام

چاگلا سەڤەن یەکێک لەو کەسانە بوو، کە ٤ ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی گەیاندنی کەرەستەی یاریکردن بۆ منداڵانی کۆبانێ چووە پرسوس. ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥، لە کاتی لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوەندی 'ئامارا'ی پرسوس تەقینەوەیەک روویدا و بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی ٣٣ کەس و سەڤەن بە برینداری ڕزگاری بوو.

٤ ساڵ تێپەڕی، بەڵام دۆسیەی پەیوەست بە پرسوس کۆتایی نەهات. لەگەڵ ئەوەشدا، ژیانی چاگلا سەڤەن و چەندین کەسی دیکە وەکو جاران نەما.

داوای دادپەروەری ڕێگەی ئاسوودەبوونە

سەڤەن دەڵێت: "من لە پرسوس وەکو کەسەکەی جاران نەگەڕامەوە. دەمەوێت هەمان کەس بم، بەڵام نازانم ئەوەش چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەرێکی ئاشتی هەبێت ئەوەم دەوێت."

سەڤەن لە پاڵ ئەو ٣٣ کەسەدا، کە گیانیان لەدەست دا بە برینداری ڕزگاری بوو و لە تێکۆشانەکەی بەردەوامە و دەڵێت: "داوای دادپەروەری ڕێگەیەکی ئاسوودەبوونە. دوای کارەساتێکى گەورەى لەو جۆرە بە چوونە گۆشەی ماڵەوە و دانیشتن و بە بێ ئەوەی شتێک بکەم باوەڕ ناکەم ئاسوودە بم. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوەش، بێ ئەوەی مرۆڤ داوای دادپەروەری بکات ناتوانێت ئاسوودە بێت. ئەو دۆزە تەنها کێشەی من، یان کێشەی بنەماڵەکانی پرسوس نییە، چونکە ئامانجێکی باشیی کۆمەڵایەتی هەبوو".

لە ماوەی ١٨ مانگدا هیچ نەکرا

دۆسیەی پرسوس تا ئێستاش هەنگاوێک بەرەوپێشەو نەچووە، سەڤەن باس لەوە دەکات دوای ١٨ مانگ بڕیاری شاردنەوە لەسەر دۆسیەکە لابراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دۆسییەکە هەنگاوێک بەرەو پێشەو نەچووە و دەڵێت: "نازانین کە لەو ١٨ مانگەدا چی کراوە. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا هێشتا چاوی زۆربەی خەڵک لەسەر دۆزەکەیە، گوێیان هەڵخستووە بۆ ئەوەى بزانن دۆزەکە بە کوێ دەگات، برینداران لە نەخۆشخانەکانن و خەڵک ئاسوودە نەبووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان دۆسییەکە لەبەر چاوی هەمووان دوور خرایەوە".

دوای چوار ساڵ داوای تۆمارەکانی بێتەل و کامێرایان کرد

سەڤەن دەڵێت، دۆزەکە لە کۆمەڵگە دادەبڕن و بەو شێوەیە داپەروەرییەکە دوا دەخەن و بۆ ئەوەش نمونەی ئەوە دەهێنێتەوە، کە لە دوا دانیشتنی دادگادا بۆ جارێکیتر و سەرلەنوێ داوا تۆمارەکانی بێتەل و کامێراییان کردووە. سەڤەن دەڵێت: "تازە بە تازە داواى تۆمارەکانی بێتەل دەکەن. ٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تازە تۆمارەکانیان دەیانەوێت. تۆماری کامێراکانى چاودێری گەیشتنە دەستمان، بەڵام ٥ سعاتی کەمە".

دەبێت بڵێین

چاگلا سەڤەن دەڵێت، دەزانێت بەو دادگاییکردنە دادپەروەری بە تەواویی جێبەجێ نابێت. دەبێت بابەتەکە لە ویژدانی کۆمەڵگەدا چارەسەر بکرێت. لە درێژەى وتەکانیدا دەڵێت: "هەلبەتە ئەوە تەنها بە دادگاییکردنێک چارەسەر نابێت. ئەوە پرسێکی کۆمەڵایتییە. خۆی ئەوان دەیانەوێت ئەو بابەتە لە هۆڵەکان دا عاسێ بکەن و فەرامۆش و پەردەپۆشی بکەن. دەیانەوێت بە بڕینەوەی سزای هەتاهەتایی بۆ جیهادیستێک، کە نازانم لە چ ئاستێکدایە بەوشێوەیە ویژدانی کۆمەڵگە ئاسوودە بکەن و دەیانەوێت پرسەکە پەردەپۆش بکەن. لێرەدا گرنگ ئەوەیە، کە مرۆڤ بچێتە ئەو شوێنانە و ئەوەى بەسەرماندا هاتووە و لە چیدا دەژین بۆ هەموان بگێڕینەوە. هەموو ساڵێک لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەدا باس لەو کۆمەڵکوژییە بکەین و یادی بکەینەوە. تێکۆشانی بنەڕەتى ئەوەیە، کە ئێمە باسی ئەو ژیانە بکەین و لە ویژدانى کۆمەڵگەدا جێى بکەینەوە". 

پێویستە ڕووبەڕووی ئازارەکانمان ببینەوە و دەبێت دەوڵەتیش لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت

سەڤەن لە بەردەوامیدا دەڵێت، دادپەروەرییەکی ڕاستەقینە بە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕوبوونەوە دێتەدی. هەروەها وتیشی، دەبێت دەوڵەت لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت. سەڤەن وتی: "دەبێت ڕووبەڕووی ئازارەکانمان ببینەوە. دەبێت سەرنج بدەینە سەر ئاڵای دادپەروەریش. ئەو ناهەقی و خراپییە، کە بە دەستی مرۆڤەکان ئەنجام دراوە، هەڵبەتە ڕقی مرۆڤ هەڵدەستێنێت. بۆیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست کارەکان بەرەپێش بڕۆن دەبێت مرۆڤ داوای لێپرسینەوە بکات. هەڵبەتە ئێمە قەرزاری ئەو ٣٣ کەسەین، کە شەهید بوون. خۆکوژێک خۆی کرد بە ناویاندا بە بە چەکی کلاشینکۆف کۆمەڵکوژی کردن. لە یاسای هیچ شەڕێکیشدا ئەوە بوونی نییە. لە شەڕدا خەڵک بە چەک پێکەوە شەڕ دەکەن. ئێمە چەکمان بە دەستەوە نەبوو، کەرەستەی یاریی و کتێبمان بەدەستەوە بوو. هەموومان بینیمان کە ئەو ڕێکخستنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی کرد. ئەو چەتانە لە ناکاو دروست نەبوون و ڕێگەیان هەبوو بۆ دەرباز بوونیش. یەکێک لەو چەتانە لای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەستەبەسەرە، دانی بەوەدا ناوە. ئەو کەسە وتویەتی لە کۆمەڵکوژیی پرسوسدا لەگەڵ دەوڵەت قسەیان کردووە. بۆ ئەوەش دەبێت لێکۆڵینەوە لە دەوڵەت بکرێت. دەوڵەت پێویستە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگە دابین بکات، چۆن دەبێت لەگەڵ ڕێکخستنێکی تیرۆرستی دابنیشێت، کە بووەتە بەڵا بەسەر جیهانەوە؟ من بە برینداریی خۆم وەڵامی ئەو پرسیارەم دەوێت".

ر.م