دایکانى شەممە ٢٣ ساڵە لە تێکۆشاندان

دایکانى شەممە بۆ زانینیى چارەنووسی رۆڵەکان و خزم و کەسوکارەکانیان، کە لە دواى دەستگیرکردنەوە بێسەروشوێنکراون و هەروەها بۆ بەسزاگەیاندنى ئەو کەسانەى رۆڵە و کەسوکارەکانیانیان بێسەروشوێنکردووە، ماوەى ٢٣ ساڵە لە تێکۆشاندان.

دایکانى شەممە بۆ زانینیى چارەنووسی رۆڵەکان و خزم و کەسوکارەکانیان، کە لە دواى دەستگیرکردنەوە بێسەروشوێنکراون و هەروەها بۆ بەسزاگەیاندنى ئەو کەسانەى رۆڵە و کەسوکارەکانیانیان بێسەروشوێنکردووە، ماوەى ٢٣ ساڵە لە تێکۆشاندان. دایکانى شەممە لە ٢٣هەمین ساڵیادى چالاکییەکەیاندا لە گۆڕەپانى گاڵاتاسەرای ئیستەنبول کۆبوونەوە.

دایکانی شەممە بۆ ئەوەى هەواڵێک لە چارەنووسى رۆڵەکانیان، یان ئەو خزم و کەسوکارەیان بزانن، کە لە دواى دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێسەروشوێنکراون، لە رۆژی شەممە ٢٧ی ئایاری ١٩٩٥ / ٦ى جۆزەردان دەستیان بە چالاکی و تێکۆشانەکەیان کرد. دایکانى شەممە دەشیانەوێت ئەو کەسانە سزا بدرێن، کە دەستیان هەبووە لە بێسەروشوێنکردنى رۆڵەکانیان، یان خزم و کەسوکارەکانیاندا.

دایکانى شەممە لە ٢٣هەمین ساڵیادی تێکۆشانەکەیاندا لە گۆرەپانى گاڵاتاسەرای ئیستەنبول چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا وێنەى ئەو کەسانە بەرزکرابوونەوە، کە لە دواى دەستگیرکردنیان بێسەروشوێنکراون. هەروەها بە مۆم ژمارە ٢٣یان نووسیبوو.

پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ پەرلەمان عەلی کەنعان ئۆغڵو، تولای کۆرکوتان، پەرلەمانتارانی جەهەپە، سەزگین تانریکولو، عەلی شەکەر و جانان کافتانچی ئۆغڵو سەرۆکى جەهەپە لە ئیستەنبول و نوێنەرانى چەندین رێکخراوی مەدەنی و لایەنى سیاسی و رێکخراوی جەماوەری و دیموکراتیک بەشداری چالاکییەکە بوون.

سەبلای ئارجان ئەندامانی کۆمسیۆنى بێسەروشوێنکراوەکان لە دواى دەستگیرکردنیان، لە لقی ئیستەنبولی رێکخراوى مافى مرۆڤ (ÎHD) سەرەتا وتەیەکى پیشکەشکرد و رایگەیاند، بۆ ئەوەى بتوانن هەواڵێک لە چارەنووسى ئەو کەسانە بە دەستبخەن، کە لە دواى دەستگیرکردنیان بێسەروشوێنکراون، ماوەى ٢٣ ساڵە لە گۆڕەپانى گاڵاتاسەرای دەستیان بە چالاکی کردووە.

ئارجان وتی "ئێمە وتوبومان 'لێتان ناترسین، کردارەکانتان قبوڵ ناکەین، سیاسەتەکانتان رەتدەکەینەوە' و لەسەر ئەو بنەمایە لە گاڵاتاى سەرای دەستمان بە چالاکییەکەمان کرد. ٢٣ ساڵە لەم گۆڕەپانەدا بە پێداگری و بە بڕیارەوە چالاکیى مەدەنیى ئەنجام دەدەین، کە درێژماوەترین چالاکیی مەدەنییە لە تورکیا و جیهاندا".

ئارجان راشیگەیاند، سێ نەوە لە گۆڕەپانى گاڵاتا سەرای بەردەوامن لە تێکۆشان و وتیشی "سەرەتا دایکان هاتنە ئەم گۆڕەپانە، دواتر کچ و کوڕەکانیان و ئێستاش نەوەکانیان لەم گۆڕەپانەدا بەردەوامن لە تێکۆشان".

حەسەن ئۆجاک لە دواى دەستگیرکردنییەوە بێسەروشوێنکراوە. ئامینە ئۆجاکی دایکی، یەکێکە لەو دایکانە کە لە سەرەتاوە لە گاڵاتا سەرای دەستى بە چالاکى کردووە. لەبەر نەخۆشى نەیتوانى ئەمجارە بەشداری چالاکییەکە بێت، بەڵام پەیامێکى بۆ چالاکییەکە ناردبوو.

پەیامەکەى ئامینە ئۆجاک لەلایەن ماسیدە ئۆجاکی کچییەوە خوێندرایەوە. لە پەیامەکەى ئامینەدا هاتبوو "تەنها من نیم، کە بە دواى رۆڵەکەى خۆمدا دەگەڕێم، بۆیە هەوڵەکەى من بۆ ئەوەیە، ئەم بێسەروشوێنکردنە ببێتە دوا بێسەروشوێنکردن. با رۆڵەى کەس ئەشکەنجە نەکرێت. با کەس نەکوژرێت. من دەمخواست هیچ دایکێک لە گۆڕستانى بێکەسەکاندا بە دواى رۆڵەکەى خۆیدا نەگەڕێت. ئێمە لەگەڵ ٣ بۆ ٤ خزمی بێسەروشوێنکراوەکان، لەگەڵ بنەماڵەکەم و بە هاوکاریى چەند کەسێکى تر ماوەی ٢٣ ساڵە لەم گۆڕەپانەدا کۆدەبینەوە. ئەم گۆڕەپانە بۆ ئێمە بوویە زانکۆیەک. ئەم گۆڕەپانە بۆ دایکە بێگۆڕەکان بووە گۆڕ. ئێمە لەم گۆڕەپانەدا باسمان لە ئازارەکانی خۆمان دەکرد و بە دەم گێڕانەوەى ئازارەکانەوە یەکترمان لە باوەش دەگرت. کۆبوونەوەمان لەم گۆڕەپانەدا ئومێد و هیوامان پێدەبەخشێت. بەڵام ٢٣ ساڵ لەوە پێش رۆڵەکانى ئێمەیان لە دواى دەستگیرکردن بێسەروشوێنکرد و بێسەروشوێنکەرەکان تا ئێستا چۆن بە دڵێکى ئاسوودەوە دەگەڕێن. لەبەر ئەوەیە ئێمە دەست لەم گۆڕەپانە هەڵناگرین و تیایدا بەردەوام دەبین. گاڵاتاسەرای بووە بۆ هی ئێمە. بووە بە شوێنى ئەو مرۆڤانە، کە بە دوای رۆڵەکانیان، هاوسەرەکانیان، باوک، خوشک، برا، باپیر و دایەگەورەیاندا دەگەڕێن. هەتاوەکو ئێمەى کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان گۆڕێکمان نەبێت، تاوەکو دادپەروەریی بۆ هەموو کەسێک و بۆ هەموو شوێنێک نەبێت، من بێدەنگ نابم و ئەو بێسەروشوێنکردن و نادادپەروەرییانە لە بیرناکەم. ئێوەش لە بیری مەکەن. بێدەنگ مەبن، ئەگەر ئێمەش لە بیری بکەین ئەوا هەرگیز دادپەروەری بەدی نایەت".

دوای پەیامەکەى ئامینە ئۆجاک، ئەو بنەماڵانە، کە خزمەکانیان لە دواى دەستگیرکردن بێسەروشوێنکراون، یەک بە یەک وتەیان پێشکەش کرد.

ر.م