دایکێکی لەچک سپی: هەتا مردن بۆبەدەستهێنانی مافەکانمان تێکۆشان دەکەین

دایکێکی لەچک سپی بەناوی ئقلیمە خاناس ڕایگەیاند، لەدژی قەیومەکان بێدەنگ نابین، وەکچۆن ٢٧ ساڵ لەمەوبەر قەیوم هاتە گوندەکەمان و گوندەکەمانیان سووتاند، سبەی ڕۆژیش بۆ ماڵەکانمان قەیوم دادەنێن.

وەزیری کاروباری ناوخۆ، لە ١٩ی ئاب/٢٨ی گەلاوێژ قەیومی بەسەر شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین-دا سەپاند. دوای سەپاندنی قەیومەکان، لە کوردستان، سەرەتا لە ئامەد، دواتر وان و مێردین، ناڕەزایی و کاردانەوەکانی گەل دەستیپێکرد. هەر لە منداڵ، گەنج و ژن و پیر خۆیان تەیار کردەوە و ڕژانە ناو کۆڵانەکان. لەو چالاکییانەدا لە هەموویان زیاتر دایکانی لەچک سپی سەرنجڕاکێش بوون. یەکێک لەو دایکانە دایکە ئقلیمەیە کە لە بەرخۆدانەکەدا بوەتە سیمبۆلی پێشەنگی چالاکوانان. خاناس، لە کاتی چالاکی مانگرتن لەدژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یشدا لە هەموو چالاکییەکان ئامادە بوو، بە دروشمی 'بە بەرخۆدان سەردەکەوین' جێگەی خۆی لە مێشکی مرۆڤەکاندا کردبووەوە. خاناس بە دەنگە خۆشەکەی و دروشمەکانییەوە لە گۆڕەپانی چالاکییەکان دەنگی داوەتەوە.

ئقلیمە خاناس کێیە؟

ئقلیمە خاناس لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی کارواز-ی لیجە لەدایک بووە، هەموو منداڵیی خۆی لە کارواز(یالاز) تێپەڕاندووە. خاناس، هەر لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەشوو دەدرێت و وەکو بوکێک دەچێتە گوندی بۆمنتێ (کوتلو). خاناس هەتا ساڵی ١٩٩٣ لە بۆمنتێ لەناو هەلومەرجێکی سەخت دەژیێت. بەهۆی سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک، لە ساڵی ١٩٩٣ سەدان گوندی کوردستان وێران کران و سووتێندران. گوندی بۆمنتێ-ی لیجەش یەکێک بوو لەو گوندانە. خاناس لە ساڵی ١٩٩٣دا بەهۆی گوشار و سەپاندنی جاشایەتیان بەزۆر قەبوڵ نەکردبوو، لەبەر ئەوەی داواکاریی دەوڵەتی داگیرکەری جێبەجێ نەکردبوو، گوندەکەیان لەلایەن سەربازەکانەوە سوتێنرابوو. دوای ئەوە خاناس ناچار بوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سوور-ی ئامەد کۆچ بکات. لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا خاناس لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سوور-ی ئامەد دەژیێت. خاناس دایکی شەش منداڵە و ئێستا لە گەڕەکی شەهیدلک-ی یەنی شەهیر دەژیێت.

'جگە لە بەرخۆدان هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە'

لەگەڵ دایکی لەچک سپی ئقلیمە خاناس لە شوێنی چالاکییەکەوە کە لەسەر ڕێگەی لیسە بەڕێوەدەچێت، هەتا ماڵەکەی لە گەڕەکی شەهیدلک پێکەوە ڕۆیشتین. چیرۆکی خۆی بۆ ئێمە گێڕایەوە و منیش قسەکانیم لای خۆم نووسی. دایکە ئقلیمە سەیرێکی کردم و وتی: "بەقوربانی چاوت بم کوڕەکەم، نە کاغەز و نە کامێرا و نە دۆکیۆمێنتاری بەشی ئەوە دەکات تۆ ئێش و ئازارەکانم بنووسیتەوە" دایکە ئقلیمە بەو شێوەیە دەستی بە قسەکانی کرد: "کوڕەکەم ٢٠ ساڵ خوێندی و ڕەنجی دا، بەڵام مافی کوڕەکەم نەدرا. کوڕەکەم سێ زانکۆی تەواو کرد و دانەمەزرێندرا و لە کۆتاییدا خۆی کوشت. کوڕەکەم تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو.. ئازارم زۆرە. قوربانی ئەو دایکانە بم کە بە ئازارەوە جگەریان دەسووتێت. چ بڵێم و چ نەڵێم؟ دەوڵەت ٤٩٧ ساڵ سزای زیندانی بۆ کوڕەکەم بڕییەوە. گەلۆ کەسێک دەتوانێت ٤٩٧ ساڵ بژی؟ سووکایەتی بە جەستەی کچ و کوڕەکانمان دەکرێت. هەموو ڕۆژێک گەنجەکانمان دەکوژرێن. ئەو ئازارە هێزم پێدەبەخشێت و واملێدەکات بەشداری چالاکییەکان بم. کاتێک هەست بەو ئازارانە دەکەم، ڕقم بەرانبەریان ئەستوورتر دەبێت. لە شوێنی خۆمان هەڵقەندراوین و کۆچمان کردووە، سووتاوین، تواوینەتەوە لەمەودوا شتێک نییە بیکەین، جگە لە بەرخۆدان".

'ئیرادەی خۆمم دەوێت'

خاناس باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی بیستی قەیوم سەپێندراون بەسەر شارەوانییەکاندا، بەیانییەکەی ڕووی لە بینای شارەوانی کرد و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "لەبەرانبەر ئەو بڕیارە من توڕەم. بۆچی دەست بەسەر ماف و حەقماندا دەگیرێت؟ کاتی هەڵبژاردن ئێمە بە هەوڵ و ڕەنجی خۆمان، هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی خۆمانمان هەڵبژارد. من بەو تەمەنەمەوە، کۆڵان بە کۆڵان و ناوچە بەناوچە گەڕام و تێکۆشانم کرد. ئێستاش قەیوم هاتووە سەر ڕەنجی ئێمە دانیشتووە. من دەنگم بە قەیوم نەداوە، من دەنگم بەخۆم داوە، خەڵک قەیومی ناوێت، چونکە خەڵک دەنگی داوە، ئیرادەی خۆی نیشان داوە، ئیرادەی خۆی دەوێت. ئیرادەی خۆمم دەوێت".

'هەتا کۆتایی داوای مافی خۆم دەکەم'

خاناس ڕایگەیاند، قەیوم وەکو جاران بە بەربەست و دیوار دەوروبەری شارەوانیی گرتووە و ئەوەشی وت: "لەماوەی پێنج مانگی کۆتاییدا، خەڵکی ئامەد خزمەتی بینی و دەرگای شارەوانی بۆ خەڵک خرایە سەر پشت. لە کاتی هەدەپەدا شارەوانی هی گەل بوو. ئێستا شارەوانی گەمارۆ دراوە و مرۆڤ ناتوانێت ئەو بەربەرستانە تێپەڕێنێت و بچێتە ناو شارەوانی. هەتا کەی بێدەنگ بین. ئەگەر لەدژی قەیومەکان بێدەنگ بین، سبەی قەیوم بە سەر لە ماڵەکەشماندا دەسەپێنن. جەرگم دەسووتێت. من بۆ مافی خۆم لێرەم. هەتا کۆتایی بەدوای سەندنی مافی خۆمەوە دەبم. دەبێت هیچ کەس لەدژی دەستبەسەرداگرتن و دزی بێدەنگ نەبێت".

'بەدوای خۆیاندا ڕایانکێشاین'

یەکێک لەو دایکانەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەبەردەم بارەگای ئاکەپە-ی ئامەد بە ئەشکەنجەدانەوە دەستگیر کرابوو، خاناس بوو. باسی هێرشی پۆلیسەکانی بەم شێوەیە گێڕایەوە: "ئێمە ١١ دایکی لەچک سپی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چووینە بەردەم بینای بارەگای ئاکەپە و لەوێ ویستمان بۆ ئاشتی دانیشین. هەرکە گەیشتینە بەردەم بیناکە، پۆلیس گەمارۆیان داین و هێرشیان کردە سەرمان. بەدوای خۆیاندا ڕایانکێشاین و دەستگیریان کردین. پۆلیس لەبەردەم بیناکە و لە ناو ئۆتۆمبیلیش زۆر ئازاریان داین. جوێنیان پێ داین، شەرممان لەخۆمان کردەوە. بەڵام ئەوان شەرمیان نەکرد. دوای ئەوەی ئێمەیان دەستگیر کرد و بردنیانین بۆ نەخۆشخانەی سەربازی، بە پزیشکەکەمان وت، لێمان دراوە، بەڵام ڕاپۆرتی بۆ نەنووسین. لەسەر قسەی لێدانەکە، پزیشک بە منی وت، کوا برینت هەیە؟ خوێن لە جەستەت دێت؟ بە تووڕەیی سەیری ناو چاوی پزیشکەکەم کرد و پێموت، بۆ من چومەتە ئۆپەراسیۆنی سەربازی کە گولەم پێبکەوێت و بریندار ببم کە خوێنم لێ بێ؟ کەچی سەیری کردم و گاڵتەی پێ کردم. پێنج کاتژمێر ئێمەیان دەستگیر کرد، پۆلیس سووکایەتییان پێ کردین".

'دەوڵەت ناتوانێت خۆی لە تاوانەکانی ڕزگار بکات'

خاناس ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەت هەدەپە دەکاتە ئامانج و وتی: "بەڵام بەو شێوەیە ناتوانێت خۆی لە تاوانەکانی ڕزگار بکات. دەوڵەت خۆیشی دەزانێت بەردەنگەکە خۆیەتی. لە شارەکانی دیکە خێزانیان کۆ کردوەتەوە و هێناویانەتە بەردەم بینای هەدەپە. هەدەپە چی بکات؟ ناهێڵن هەدەپە لە پەرلەمان سیاسەت بکات. لەبارەی هەر قسەیەکی هەدەپە دۆسیەیەک دەکرێتەوە و دەکرێتە ئامانج. بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن هەدەپە چووە پەرلەمان، بەڵام ناهێڵن کێشەکان چارەسەر بکرێن. ئەو کەسانەی ناهێڵن کێشەکان چارەسەر بکرێن، دەسەڵاتدارانی ئاکەپە و مەهەپەن. کێ دەخەڵەتێنن؟ کەسێک ناتوانێت ئێمە بخەڵەتێنێت. ئێمە بەدوای کێشەی خۆمان و مافی خۆمانەوەین. هەتا بمێنم بەدوای بەدەستهێنانی مافی خۆمەوە دەبم".

ک-ش