كه‌ناڵی بی بی سی له ڕاپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات، «تورکیا پێشتر گوتویه‌تی کە دەیەوێت یەکینەکانی پاراستنی کوردی سووریا لە عه‌فرین بسڕنەوە، ماوەیەکی زۆریش له چوارچێوه‌ی [ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌زه‌یتوون] شه‌ڕی له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام دوای ساڵێك ده‌ركه‌وت كه ناوی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه واتایه‌كی وێژه‌یی هه‌یه. ئێستا كوردان توركیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به دزینی زه‌یتوونی هه‌رێمی عه‌فرین.»
كه‌ناڵی بی بی سی پشتی به چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی میدیایی به‌ستووه و ڕایگه‌یاندووه، لە دوای ئەوەی ئەو ناوچەیە کەوتووه‌ته ژێر دەستی تورکیا، بە هەزاران داری زەیتوون بڕدراون، لەوەوە دەردەکەوێت کە زەیتوونه‌كان دزراون.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا به‌پشتبه‌ستن به لێدوانی كاربه‌ده‌ستانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی عه‌فرین، ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، ٨٠% زەیتوونەکانی عه‌فرین ده‌برێنه تورکیا و بڕی٨٠ ملیۆن دۆلار لە زەیتوونە دزراوەکانەوە قازانج ده‌كه‌ن. ئه‌مه له‌كاتێكدایه پێشتر زۆربەی خەڵکی عه‌فرین گوزەرانیان لەسەر زەیتوون و ڕۆنی زەیتەوە بووە و نزیکەی ١٤ ملیۆن زەیتوونی بەرداری لێ بووە.
به گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی بی بی سی، حكوومه‌تی تورکیا دزینی زەیتوونەکانی عه‌فرینی پشتڕاستکردووه‌ته‌وه و پاساوی ئەو کارانەی وەکو بەشێک لە داگیرکردنی ناوچەکە هێناوه‌ته‌وه. دەشڵێت ئەو کارە بە هاریکاریی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ئه‌نجام دراوه كه توركیا دایمه‌زراندووه. «لە مانگی تشرینی دووه‌م وەزیری کشتوکاڵی توركیا بەکر باکدەمیرلی بە پەڕلەمانی ڕاگەیاند، ٦٠٠ تەن زەیتوون هاتووه‌ته نێو وەڵات. دەمانەوێت دەرامەتی عه‌فرین بێتە لای ئێمە، ئەو هەرێمە لەژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی ئێمەدایە.»
بی بی سی له زاری ڕۆژنامه‌ی یه‌نی شه‌فه‌ق-ی سه‌ر به ڕژێمی توركیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ساڵانه توركیا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار به‌هۆی فرۆشتنی زه‌یتوونی عه‌فرین قازانج ده‌كات.
له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، «پرسیار درووست بووە دەربارەی ئەو ڕۆنی زەیتی زەیتوونەی کە تورکیا بۆ ئه‌ورووپا هەناردەی دەکات. ڕۆژنامەی ئێل پەبڵیکۆ رایگەیاند، سیاسه‌تمه‌دارانی ئیسپانیا داوایان لە حکوومەتەکەیان کردووە كه له‌گه‌ڵ حکومەتەکانی دیكه‌ی ئەورووپا دڵنیابنەوە لە نەکڕینی ئەو ڕۆنی زەیتەی کە لە زەیتوونی تاڵانکراوی عه‌فرین دروست کراوە.»
مانگی ڕابردوو مێدیای ئەورووپی ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی تورک بەرھەمی زەیتوونی عەفرین کە دزیویەتی بە ناوی زەیتوونی تورکی ھەناردەی ئەورووپا دەکات و بە ئیسپانیای دەفرۆشێت. ھەروەھا ئاشکرابوو کە ھەزاران داری زەیتوونی عەفرین لە لایەن ھێزەداگیرکەرەکانی تورکیا بڕاونەتەوە.
s.m