ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی سیوه‌ره‌گ زانیاریی نوێ ئاشكرا بوو

دانیشتوانی ئه‌و گونده‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی تێدا ڕوویداوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ر له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ جه‌نده‌رمه‌ی توركیا هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ماڵه‌ی كۆمه‌ڵكوژی تێدا ڕوویداوه‌.

ڕۆژی ١٥ی حوزه‌یران\٢٥ی جۆزه‌ردان برای په‌رله‌مانتاری پێشووی ئاكه‌په‌ زولفه‌قار ئیزۆل هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر گوندی چه‌لتیك-ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی سیوه‌ره‌گ له‌ باكووری كوردستان. ناوبراو له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیزۆل ٤ كه‌سی كوشتن. حه‌قی و زۆزان-ی هاوژینی له‌گه‌ڵ مه‌رال و سه‌ردار ئیزۆل كۆمه‌ڵكوژ كران. ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كه‌ زانیاریی نوێ ئاشكرا بوو.

هاوڵاتییانی گونده‌كه‌ ئاشكرایان كرد، به‌ر له‌وه‌ی خزمه‌كانی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پێشووی ئاكه‌په‌ هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌، سه‌ربازانی تورك چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ و به‌دوای چه‌كدا گه‌ڕاون. گوندنشینان ڕایانگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان له‌ گونده‌كه‌ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌، جیهان ئیزۆل برای زولفه‌قار ئیزۆل-ی په‌رله‌مانتاری پێشووی ئاكه‌په‌ له‌گه‌ڵ گرووپێكی چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گونده‌كه‌. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌ چه‌كدارییه‌دا ٤ كه‌س كوژران.

دوای ئه‌وه‌ی جیهان ئیزۆل و گرووپه‌كه‌ی هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ و ٤ كه‌سیان كوشتن، ٢ كه‌س له‌ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان به‌ ناوه‌كانی محه‌مه‌د مه‌تین ئیزۆل و یوسف ڕۆژهات ئیزۆل له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌ستگیر كران. پاشان له‌ دادگه‌ی سیوه‌ره‌گ به‌ تۆمه‌تی «هه‌وڵدان بۆ كوشتنی مرۆڤ» ئه‌و دوو كه‌سه‌ زیندانی كران. هه‌روه‌ها ٢ موختاریش زیندانی كران.

s.m