ده‌میرتاش: به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خرانه‌پاڵم هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ده‌رباره‌ی بڕیاری دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا بۆ ئازادكردنی، له‌ زیندانه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

پارێزه‌رانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ڕه‌مه‌زان ده‌میر، به‌نان مۆلوو و مووراد ئاركساك سه‌ردانی ده‌میرتاشیان كرد له‌ زیندانی پیتی «ف»ی شاری ئه‌دیرنه‌. ده‌میرتاش له‌ ڕێی پارێزه‌ره‌كانییه‌وه‌ په‌یامێكی ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا بڵاوكرده‌وه‌. پارێزه‌ران دوای ٣ كاتژمێر دیدار، له‌ به‌رده‌م زیندانه‌كه‌دا لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانییان دا. 

پارێزه‌ر ڕه‌مه‌زان ده‌میر په‌یامه‌كه‌ی ده‌میرتاشی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

«له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا به‌شێوه‌یه‌كی حقووقی دیلگرتنی حقووقی تۆمار كرا. هه‌ر وه‌ك له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ گوتمان، ئۆپه‌راسیۆنی دژ به‌ هه‌ده‌په‌، گرتن و دادگه‌یی كردنی ئێمه‌ قانوونی نییه‌. به‌ هۆكاری سیاسی ئه‌م ڕێكارانه‌ گیرانه‌به‌ر. به‌م بڕیاره‌ هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی بۆ من كرابوونه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌خرانه‌پاڵم هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌. دادگه‌ی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی و هه‌موو دادگه‌كانی دیكه‌ كه‌ دادگه‌یی منیان كرد، پێشێلكاری گه‌وره‌یان كردووه‌. به‌م بڕیاره‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا، ئه‌مه‌ سه‌لمێنرا و تۆمار كرا. ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ی به‌ ده‌ستی سیاسه‌ت له‌سه‌ر دادگه‌ و دیموكراتی دروستكراوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و دیموكراتی ده‌كات. ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كه‌سایه‌تیی منه‌وه‌. وه‌ك دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له‌ بڕیاره‌كه‌یدا چه‌سپاندوویه‌تی، بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا بارودۆخێكی مه‌ترسیداره‌. ماوه‌ی ٢ ساڵه‌ من به‌ناحه‌قی گیراوم، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش باوه‌ڕیم به‌ دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری هه‌رگیز له‌ده‌ست نه‌داوه‌. له‌م لایه‌نه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هیوای من و باوه‌ڕیی گه‌له‌. من سوپاسی هه‌ده‌په‌، گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ پشتیوانن.»

s.m