دوا بارودۆخی یوکسەل کۆچ و چالاکوانە مانگرتووەکانى تر لە ستراسبۆرگ

یوکسەل کۆچ یەکێک لە مانگرتووەکانى ستراسبۆرگ دوێنێ بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە و لە دواى ٤٨ رۆژ لە مانگرتن رەوانەى نەخۆشخانە کرا و دووبار گەڕایەوە بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییەکەى.

چالاکیى مانگرتن لە شاری ستراسبۆرگ لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ٤٨ رۆژی تێپەڕاند و دکتۆر فەخرەدین گوڵشەن، کە چاودێریى باری تەندروستیى مانگرتووەکان دەکات لەبارەى دوا بارودۆخی مانگرتووەکانەوە رایگەیاند، کۆچ چارەسەری پزیشکیى قبوڵ نەکردووە و گەڕاوەتەوە شوێنى چالاکیى مانگرتنەکە و بەردەوامە لە مانگرتن، بەڵام بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە لە ژێر چاودیریی پزیشکدایە.

دکتۆر گوڵشەن راشیگەیاند، لە ٤٦هەمین رۆژی مانگرتندا کێشەى دڵ و کێشە لە کۆئەندامى هەرسی یوکسەل کۆچ دا دەرکەوت و لە دوێنێشەوە ئازاری سک، ئازاری دڵی زیادیکردووە و گرژبوون و کێشەى بەرزبوونەوە و نەزمبوونەوەى زەخت لە جەستەیدا دروستبووە.

دکتۆر گوڵشەن ئەوەشی وت، بەهۆی ئەوەى ئازارەکانى جەستەى زۆر بوون، ناچاربوون ئامبولانس بانگ بکەن و تیمى تەندروستیى ئامبولانسەکە لە دواى کۆنترۆڵکردن و پشتڕاستکردنەوەى ئازارەکان و دۆخی خراپى تەندروستیى یوکسەل کۆچ، پێداگرییان کرد کە دەبێت ببرێتە نەخۆشخانە و لەوێ چاودێرى بکرێت.

 کێشە لە جگەریدا روویداووە و کاریگەریى لەسەر ئەندامانى تری جەستەى کردووە

یوکسەل کۆچ دوێنێ بۆ ماوەى ٧ کاتژمێر لە بەشی فریاکەوتنى خێراى نەخۆشخانەدا مایەوە و لە دواى پشکنینی وەرگرتنى چارەسەری رەتکردەوە و لەوبارەیەوە دکتۆر فەخرەدین گوڵشەن رایگەیاند، لە نەخۆشخانە پشکنین بۆ یوکسەل کۆچ کرا و ئەوە دەرکەوت کێشە لە  جگەریدا دروستبووە و ئەوەش کاریگەریى لەسەر هەموو ئەندامەکانى تری جەستەى کردووە، چونکە پرۆسەى پاڵاوتنی خوێن لە جەستەى کۆچ دا وەک پێویست ئەنجام نادرێت ئیتر ئەندامانى تری جەستەى ناتوانن باش کار بکەن و لەبەر ئەوەش بێحاڵ دەبێت و ژانە سەر و ئازاری تر لە ئەندامانى تری جەستەیدا سەریهەڵداوە.

 ئێستا لە ژێر چاودێریدایە

دکتۆر فەخرەدین گوڵشەن لەبارەى دۆخی تەندروستیى کۆچ و چالاکوانانى تری مانگرتووەوە راشیگەیاند، کۆچ و مانگرتووەکانى تر لەلای ئێمە و هاوپیشەکانمانەوە چاودێرى دەکرێن. کۆچ ناچارە بە بەردەوامى لە دۆخی راکشان دا بێت و ناتوانێت چاوی بە مرۆڤەکانى تر بکەوێت و پێشوازى لەو کەسانە بکات کە سەردانى چالاکییەکە دەکەن و تەنها چەند کەس لە ئەندامانى بنەماڵەکەى بۆ ماوەیەکى کەم دەتوانن لەلای بمێننەوە و چاویان پێى بکەوێت.

"هەر ئان و ساتێک ئەگەری روودانى حاڵەتێکى نەخوازراو لەگۆڕێدایە"

دکتۆر فەخرەدین گوڵشەن باسی ئەوەشیکرد، کەرەم سولهانی چالاکوانیش لە هەفتەى رابردوودا رەونەى نەخۆشخانە کرا و لە دواى پشکنین گەڕایەوە شوێنى چالاکییەکە و بەردەوامە لە مانگرتنەکە. سەرباری ئەوەی باری تەندروستیى سولهان خراپە و زەختى بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام ورەیەکى بەرزی هەیە.

دکتۆر فەخرەدین گوڵشەن ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکیى مانگرتن لە خواردن لە ستراسبورگ ماوەى ٤٨ رۆژی تێپەڕاندوە و هەر ئان و ساتێک ئەگەری روودانى حاڵەتى خراپ و نەخوازراو بۆ چالاکوانانى مانگرتوو لە گۆڕێدایە.

ر.م