دواى ئاماژەکەى ئەردۆغان هەڕەشەی کوشتن لە سەرۆک وەزیرانى نەمسا کرا

پاش ئەوەی ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی نەمسا سباستیان کورز-ی کردە ئامانج و قسەى لە دژکرد، یەکەکانی ئاسایشی نەمسا کەوتنە خۆیان بۆ باشتر پاراستنی سەلامەتی گیانی سەرۆک وەزیری وڵاتەکەیان.

هەفتەی پێشوو سەرۆک وەزیرانی نەمسا سباستیان کورز لێدوانێکی دەربارەی 'تێکۆشان دژ بە ئیسلامی سیاسیی' دابوو. پاشانیش ٦٠ مەلای دەوڵەتی تورکیا و خێزانەکانیانی سنوورداشی تورکیا کردەوە. کورز راشیگەیاند، ئەو ٧ مزگەوتەی تورکان کە لە ئێستادا لە وڵاتەکەیدا هەن، دادەخرێن.

سەرنجڕاکێشە ئەو بڕیارە پاش ئەوە درا، کە چەند مزگەوتێکی تورکان لە چەند شانۆیى و مەراسیمدا لە وڵاتى نەمسا جلی سەربازییان کردبووە بەر منداڵان و چەکیان دابوونە دەست و سرودى توندڕەوییان بەو منداڵانە دەوتەوە. بڵاوبوونەوەى وێنە و ڤیدیۆى ئەو مەراسیمانە لە مزگەوتى توورکەکان و لەلایەن مەلاکانى تورکیاوە، چەندین کاردانەوەى لە وڵاتى نەمسا لێکەوتبووە.

ئەگەرچی مزگەوتی تورکان لە وڵاتانی ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپی لە مەراسیم و چالاکییەکانیاندا جلی سەربازییان لەبەر منداڵان کردبوو و سرودى توندڕەوانە و نەژداپەرستانەیان بەو منداڵانە لەبەرکردبوو و ئەوانیش لە مەراسیمەکاندا ئەو سرودانەیان بە جلوبەرگى سەربازییەوە دەوتەوە، بەڵام تەنها نەمسا بڕیاری داخستنى مزگەوتى تورکەکان و دەرکردنى مەلاکانى تورکیا دەرکردووە و تاوەکو ئێستا وڵاتانى تر لەو کارەى مەلاکانى تورکیا بێدەنگن.

ناڕەزایەتی تووندی دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە دژ بە بڕیاری نەمسا بەردەوامە. دوایین جاریش دوێنێ بوو، کە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان ناوی سەرۆک وەزیرانی نەمسای هێنا و ڕووی دەمی کردە سباستیان کورز و وتی "ئەمە نۆکەرێتییە، ئەو هەڵویستەت دەبێتە بەڵا بەسەرتەوە. دەبێت تۆ بزانیت، کە داخستنی مزگەوتێک لە نەمسا و سنوورداشکردنەوەی موسوڵمانان و ئاینداران، ململانێى نوێ دەهێنێتە ئاراوە لە نێوان خاچ و مانگ دا و بەرپرسیاری ئەوەش تۆ دەبیت".

پاش ئەوەی ئەردۆغان بە شێوەیەکی کراوە سەرۆک وەزیرانی نەمسای کردە ئامانج، بە تایبەتی لایەنگرانی ئاکەپە، لەسەر هەژماری خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی کوشتنیان لە سباستیان کورز کرد. بەگوێرەی زانیاری ئاژانسی هەواڵیی نەمسا 'ئەی پی ئەی - APA '، هێزەکانی ئاسایش لە ڤییەنا ئەو هەڕەشانەی ئاکەپە بە جددی وەردەگرن.

'ڕێوشوێنی ئەمنیی توند بۆ بۆ پاراستنى سەرۆک وەزیرانی نەمسا گیراوەتە بەر'

دەزگای هەواڵگریی نەمسا و 'یەکینەکانی دژە تیرۆر' دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە پرۆفایلی ئەو کەسانە کرد، کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی کوشتنیان لە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان کردبوو.

 بەرپرسی کۆشکی سەرۆک وەزیرانی نەمساش بە ڕۆژنامەی 'ئۆستەرریچ' ی ڕایگەیاندووە، ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند بۆ پاراستنی سەرۆک وەزیرانی نەمسا گیراوەتە بەر.

ئەو بەرپرسە وتیشی "سەرۆک وەزیر لە هەر کاتێک زیاتر و باشتر دەپارێزرێت. هەروەها بۆ سەلماندن و جێگیرکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی، کە لەسەر هەژماری خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، توویتەر و ئینستاگرام هەڕەشەی کوشتنیان لە کورز کردبوو، یەکینەیەکی ئاسایشیی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە".

ر.م