دوای دە ساڵ زیندان،کۆماری ئیسلامی بەندکراوێکی سیاسی خەلکی کوبانی ڕادەستی حکومەتی سووریای کردەوە

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان وەرگیراوە، ڕەمەزان ئەحمەد بەندکراوی سیاسی کورد-ی خەلکی کوبانی ڕۆژئاوای کوردستان دوای تێپەڕاندنی ١٠ ساڵ زیندان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەستی حکومەتی سووریا کراوەتەوە.

بە وتەی تۆری مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕ/١٨ی ئەیار وادەی دە سال زیندانی ڕەمەزان ئەحمەد بەندکراوی سیاسی کورد-ی خەلکی کوبانی کۆتایی پێهاتووە، بەڵام دوای ئازاد بوونی لەزیندان گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە نزیک فڕۆکەخانەی خومەینی تاران و دوای چەند ڕۆژ مانەوە ناوبراویان  لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە ڕەوانەی شام(دەمشق)-ی سووریا کردووە و ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی سووریا کراوە.

ڕەمەزان ئەحمەد هاووڵاتی خەکی کوبانی-ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە بەهاری ٢٠٠٨ بە برینداری لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری ماکۆ-ی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێت و بەبێ ئەوەی کە چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێت ڕەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران دەکرێت.

ڕەمەزان ئەحمەد دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لە لایەن دادگەی شۆڕشی شاری خۆیی بە تۆمتی ئەندامیەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت کە دوای تانە لێدانی سزاکە بۆ ١٠ ساڵ زیندان کەم دەکرێتەوە.

لەماوەی ئەم دە ساڵەدا ناوبراو بەمەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر ئەو سزایەدا  چەندین جار دەستی داوبووە مانگرتن لە خواردن. لەماوەی ئەم دە ساڵەدا چەندین جار جێگۆڕکێ-ی پێکراوە و لە زیندانەکانی قەزوین، ماکۆ، ئەوین، ڕەجایی شار ماوەتەوە.

ئەمە یەکەمین جار نییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کاری وەها دەکەن پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٦دا هاووڵاتیێکی دیکەی ڕۆژئاوا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕادەستی حکومەتی سووریا کراوەتەوە.

ک-ش