دوندار: ئەوانەی کە ئێمە بەفەرمی ناناسن ئێمەش بەفەرمی نایانناسین!

ئێشکگری دیموکراسی لە مێردینیش بەردەوامە. پەرلەمانتاری هەدەپە پەرۆ دوندار وتی: "ئەوانەی ئێمە بە فەرمی ناناسن، ئێمەش بە فەرمی نایانناسین".

ئێشکگری دیموکراسی لە ڕۆژی ٤٣یەمدا بەردەوام بوو. پەرلەمانتاری هەدەپە پەرۆ دوندار ڕایگەیاند، ناڕەزایی لەدژی قەیومەکان، پرەنسیپی دیموکراسییە و وتی: "دەستبەرداری ماف و دەستەکەوتی هاوسەرۆکایەتیمان نابین".

ئێشکگری دیموکراسی لەبەردەم بینای هەدەپە-ی شاری مێردین بەڕێوەچوو. پێش بەڕێوەچوونی چالاکییەکە پۆلیس گەمارۆی بیناکەی دا.

لە چالاکییەکەدا پەرلەمانتاری هەدەپە پەرۆ دوندار قسەیکرد و وتی: "لێرە هێرش دەکرێتە سەرگەلی کورد و مافەکانی. هەتا ئەو زوڵمە بەردەوام بێت ئێمەش بەردەوام دەبین. گەلی کورد دەتوانێت بەر بەو هێرشانە بگرێت. ئێمە ئێستا بە تەنیا ناڕەزایی دەردەبڕین. ئەگەر ئەمڕۆ لە شەقامەکان هەتا کۆتایی بەرخۆدان بکەین، دەوروبەرە دیموکراتییەکانی تورکیاش سەیرمان دەکەن و بە پێوە دەمێننەوە. هەتا ئەو گوشارانە کۆتاییان پێ دێت، ئێمەش لێرە تێدەکۆشین. ئێمە لێرەین.

هەموو ڕۆژێک بۆردومانمان دەکەن. پارەی ئەو بۆمبانە لە گیرفانی ئێمە دەردەچێت. ئەوانەی ئێمە ناناسن، ئێمەش نایانناسین. دەستبەرداری ماف و دەستەکەوتی هاوسەرۆکایەتیمان نابین".

ک-ش