دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە هێرشە تێکدەرانەکەی ئەڵمانیا داخرا

دۆسیەی لێپرسینەوە لەسەر هەوڵی سووتاندنی کۆمەڵەی تورکەکان لە شاری مەشێدەی ئەڵمانیا داخرا. ئەو هێرشە تێکدەرانەیە لە کاتی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین ڕوویدابوو.

کاتێک کە دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین هێرشی قورسى داگیرکەرانەى ئەنجام دەدا، ڕای گشتیی ئەوروپا پشتیوانی بەرخۆدانی عەفرینیان دەکرد. لەو کاتەدا لە ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر هێرشی تێکدەرانە ڕوویان دا. یەک لەو هێرش و پەلامارە تێکدەرانەیە هەوڵی سووتاندنی کۆمەڵەی تورکان بوو کە لە شاری مەشێدەی ئەیالەتی نۆردرهین وێستفاڵن-ی وڵاتی ئەڵمانیادایە.

ڕۆژی ١١ ی ئاداری ساڵی ٢٠١٨ / ٢٠ى رەشەممە بە مۆلۆتۆف بەشێک لە کۆمەڵەی تورکان لەو شارە سوتێنرابوو، دیمەنی ئەو ڕووداوەش ماوەیەکی دوورودرێژ لە میدیاکانى ئەڵمانیادا بوو بووە جێگەی باس. میدیای ئاکەپەش لە ڕۆژی یەکەمەوە، ئەو هێرشەی دەخستە سەر ئەستۆی کوردان و دادوەری ئەڵمانیاش دەربارەی هێرشەکە دەستی بە لێپرسینەوەی بەرفراوان کرد.

داواکاری گشتی دۆسیەکەى داخست

سێ کەسی بە ڕەگەز سووری کە تەمەنیان لە نێوان ٢٦ تا ٣٠ ساڵیدا بوو و لە نزیک شوێنى رووداوەکە بوون، بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرابوون، بەڵام پاشان ئەو سێ کەسە ئازادکرابوون. دادوەری دۆسیەکە رایگەیاند، ئەوەیان بۆ روون بووەتەوە، کە ئەو سێ هاوڵاتییە بە ڕەگەز سووریە بە ڕێکەوت لەو کاتەدا لە نزیکی شوێنی کۆمەڵە تورکیەکەدا بوون، تەنانەت یەکێکیشیان لەو گەڕەکە دەژی.

پاش سێ مانگ لێکۆڵینەوە، هێزەکانی ئاسایشی ئەڵمانیا، هیچ پەیوەندییەکیان لەنێوان کوردان و ئەو ڕووداوەدا نەدۆزیەوەتەوە. هەروەها لێکۆڵەرانی ئەڵمانی هیچ شتێکیشیان دەربارەی بوونی پەیوەندی لە نێوان تەڤگەری ئازادی کوردستان و ئەو ڕووداوەدا نەدۆزیوەتەوە.  

ئارنسبێرگ تۆماس پۆگەل داواکارى گشتیى بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە رایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە داخراوە.

پۆگەل راشیگەیاند، ئەو کەسانەشی کە دەستبەسەرکرابوون، هیچ پەیوەندییەکیان بەو ڕووداوەوە نییە و وتیشی "ئەوان تەنها لە کاتێکی نەگونجاودا لە شوێنێکی نەگونجاودا بوون".

لەلایەکی ترەوە و لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەدا ئاشکرابووە، کە ٢ بۆ ٣ مۆلۆتۆف فڕێدراونەتە ناو کۆمەڵەکەوە، نەبوونەتە هۆى ئاگرکەوتنەوە و بە پێچەوانەی بانگەشەکانەوە، ئەو زیانانەی کە بەر کۆمەڵەکە کەوتوون زۆر کەمن.

ر.م