دیدارەکانی هەدەپە لە ئەمریکا کۆتاییان هات

هۆشیار ئۆزسۆی یاریدەدەری هاوسەرۆکانی هەدەپە بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و مەراڵ دانش بەشتاش-ی پەرلەمانتاری سێرت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەیەک دیداریان ئەنجام دا.

چاوپێکەوتنەکانی شاندنی هەدەپە لە ئەمریکا هەفتەیەکی خایاند. ئۆزسۆی و بەشتاش لەسەر بانگهێشتی هاوبەشی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ تۆم لانتۆس-ی کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU) بانگهێشت کرابوون. لەو چوارچێوەیەدا لە واشنتۆن ژمارەیەک دیداری دیپلۆماسیان ئەنجام دا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەدەپە بڵاوکراونەتەوە، ئۆزسۆی و بەشتاش ئەندامانی شاندی هەدەپە بە میوانداریی لێژنەی تۆم لانتۆس بریفینگ کۆڕێکیان بۆ ڕێکخرا و تیایدا زانیارییان لەبارەی دۆخی هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەو پەرلەمانتار و سیاسیەتمەدارانەی تر، کە لە تورکیا زیندانی کراون.

شاندەکە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی دەرەوە، نوێنەرایەتی تایبەتی سوریا و نوێنەرانی چەندین دامەزراوەی فیکری دیداریان ئەنجامدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەدەپە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکاندا دۆخی سیاسەتی ڕۆژانە لە تورکیا، بابەتە دیموکراسییەکان، دەوڵەتی یاسا و کێشەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بڕیاری سەرلەنوێ زیندانیکردنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، سەپاندنی قەیومەکان بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا، پەیوەندییەکانی تورکیا- ئەمریکا و دۆخی سوریا و ڕۆژئاوا تاوتوێ کران.

هەروەها لە دامەزاروەی پرۆژەی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆبوونەوەیەک رێکخرا و دۆخی سیاسی لە تورکیا، سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرایە بەر باس.

ژ.ت