دیسان تۆڵەی خۆیان بە کوشتنی مرۆڤەکان دەکەنەوە

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە سەزای تەمەلی بۆ دانیشتوانی ئێلح دوا.

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە سەزای تەمەلی، دوانیوەڕۆی دوێنێ لە ناوجەماوەری گەلی ئێلح کۆبوویەوە و لە میتینگێکدا کە بە دەیان هەزار کەس بەشداریان تێدا کرد.

لە ئێلح سەردەمی پێنجە

سەزای تەمەلی دەڵێت "کاتێک کە گەشتمە ئێلح سەرم سوڕما، چونکە هەموو کەس بە دەستیان رەقەمی پێنج-یان نیشان دەدا. لە هەڤاڵانم پرسی کە ئەوە مانای چیە؟ پێیان وتم کە دوازدە مانای چیە لە ئامەد، لە ئێلحیش نیشانەی ژمارە پێنج هەمان مانای هەیە. بەڵێ، ئێستا کات کاتی پێنج بە سفرە. ئێمە هەر پێنج پالێوراوی خۆمان دەنێرینە پەرلەمان. هەم بۆ ئێلح و هەم بۆ تورکیا، ئێلحیەکان جێگەی خۆیان لە پەرلەماندا دەگرن. ئێمە پێکەوە پرسەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر دەکەین. ئێمە مەسەلەی دیموکراسی ئەم وڵاتە، پرسی کورد، کێشەکانی ئەردۆغانیش چارەسەر دەکەین. بەڵام سەرەتا ئێمە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پوشپەڕ کێشەیەکی ئەردۆغان چارەسەر دەکەین. ئێمە ئەو ڕادەماڵین و فڕێی دەدەینە ناو زبڵدانی فاشیزمەوە. پاش ئەوە ئیدی ئاسانە. پاش ئەوە ئێمە پێکەوە لەگەڵ هەموو جیاوازیەکانمان، کێشە و پرسەکانی وڵات چارەسەر دەکەین.

پاڵێوراوی ئێمە بۆ سەرۆک کۆماری ڕێزدار سەڵاحەدین دەمیرتاش، بۆ چارەسەری پرسەکانی دیموکراسی و ئاشتیی ئەم وڵاتە تێکۆشا. بە وێنەی هەریەک لە فیگەن یوکسەکداگ، سەلما ئیرماک و هەموو هەڤاڵانی دیکەمان، بۆئەوەی ئێمە هەموو هەڤاڵانمان لە زیندان ئازاد بکەین، دەبێت بڕۆین دەنگی خۆمان بدەین. ئێمە هەموومان پێکەوە هاوڕێیانمان لە زیندان دێنینە دەرەوە. 

'ئێمە ڕێگە بە کەسانێک نادەین کە دەیانەوێت گەلان بکەنە دوژمنی یەکتر'

تەمەلی وتیشی "ئەردۆغان وەک پێشتر، ئێستاش لە ئامەد دەی ویست بە بیانووی ڕوداوەکانی ٦ و ٨ ی تەشرینی یەکەم/١٦و ١٧ی خەزەڵوەر، هەم سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەم هەدەپە تاوانبار بکات. دیسان کەوتە هەوڵەوە بۆ خڵەفاندنی گەل. بەو شێوەیە دەیەوێت درێژە بە ڕژێمی تاک پیاوی خۆی بدات. ئێمە لە بەرامبەر کۆمەڵکوژیەکانی داعشدا، خاوەندارییمان لە گەلی کۆبانی کرد. وەک ئەمڕۆ ئێمە هەمیشە خاوەنداریی لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو گەلانی تر دەکەین. گەلانی هەر وڵاتێک خاوەنی مافی چارەی خۆنووسین و پاشەڕۆژی خۆیانن. چارەنووسی سوریا، دەبێت گەلانی سوریا خۆیان دیاری بکەن. چارەنووسی تورکیاش دەبێت لەلایەن گەلانی تورکیا خۆیانەوە دیاری بکرێت. ئێمە ڕێگە بە کەسانێک نادەین کە خوازیارن گەلان بکەنە دوژمنی یەکتر".

 

'تۆڵەکانی سەر قەندیل'

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەزای تەمەلی ڕایگەیاند "کەسانێک کە ئەمڕۆ دەست بەسەر مافەکانی گەلی کورددا دەگرن و دەیانەوێت بەو وتانەی کە 'کیشەی کورد لەئارادا نیە'، کار بۆ هەڵبژاردن دەکەن، پێش هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ، دیسان بانگەشەی شەڕخوازی دەکەن، دیسان تۆڵە لە قەندیل دەکەنەوە، دیسان هاواری پێکهێنانی مردن دەکەن. نازانن کە هەر مردنێک مردنی ئێمە هەموومانە، ئێش و ژانی ئێمەیە، هەموو دایکێک دایکی ئێمەیە. بۆ کۆتایی هێنان بەو ئێش و ژانانە، ئێمە هەموومان پێکەوە کۆتایی بە ئەم دەسەڵاتدارییە شەڕخوازە دێنین. لە کاتێکدا ڕێگاکانی ئاشتی دەکرێنەوە ئیدی دایکان ناگرین. هەموو دایکانی ئەم وڵاتە لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە و ئەوانەی کە ئازاری هاوبەشیان هەیە پێکەوە دەبنە چارەسەر".

بۆئەوەی لەم وڵاتەدا شەڕ و گەندەڵی بەردەوامیان هەبێت، لە ڕۆژی ٥ی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ەوە هەتا ئێستا گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان چڕتر و سەختتر کردۆتەوە. ئێمە کۆتایی بەو گۆشەگیرییە دێنین. گۆشەگیریی، سیاسەتی شەڕە. دەینی ئەو سیاسەتی شەڕەش بە ئەستۆی ئێمەیە کە کۆتایی پێ بهێنین و ئەم گەمارۆیەی سەر وڵات کۆتایی پێ بهێنین.

'لە کاتێکدا کە هەموو کەس بە هیوا بوو، پیلانی تەسلیم بوونیان داڕێژا'

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەزای تەمەلی لە پەیامەکەیدا بۆ گەلی ئێلح ڕایگەیاند "لەم وڵاتەدا و لەهێڵی هیچ دەسەڵاتدارێتیەکدا هێندە ستەم نەکراوە. ئێمە لە پاشەڕۆژدا زۆر ئێش و ئازارمان چەشت. بەڵێ، هێرش کرایە سەر تەواوی بەها و کلتورمان. محەمەد سنجار، ئارام تیگران و گەلێک بەهای ترمان دێتەوە یادمان. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارێتییە یاری بە هیوا و خەونی گەل کرد. لەکاتێکدا کە هیوای هەموو کەسێک بۆ کۆتایهێنان بە ئێش و ئازارەکان زیاتر بوو، پیلانی تەسلیم بوونیان داڕشت. ئێمە ئەوانە لەبیر ناکەین، تۆڵەی هەموویان دەکەینەوە. ئێمە تۆڵەی قەیومە بەزۆر داسەپێندراوەکانیش دەکەینەوە".

ک-ش