"نابێت ئەڵمانیا ببێتە پەناگەی بکوژەکان"

هێلین ئەڤریم سۆممەر پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا ناڕەزایەتیی لە دژی ئەو کەسانە خستەڕوو، کە کۆمەڵکوژییەکەی سیواسیان ئەنجام داوە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوون.

هێلین ئەڤریم سۆممەر پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا ناڕەزایەتیی لە دژی ئەو کەسانە خستەڕوو، کە کۆمەڵکوژییەکەی سیواسیان ئەنجام داوە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوون و وتی: "دەبێت ئەڵمانیا نەبێتە پەناگەی کەسانێک کە لە دژی مرۆڤایەتی تاوانیان ئەنجام داوە".

ئەندامی ئەنجوومەنی فیدراڵ و وتەبێژی سیاسەتی پێشکەوتنی پارتی چەپ هێلین ئەڤریم سۆممەر لەبارەی کۆمەڵکوژیی سێواس و رۆلی ئەڵمانیا لە کۆمەڵکوژییەکەدا رایگەیاند، لە پرۆژە پرسیارەکانی پارتی چەپیش دا ئاشکرا بوو، ئەڵمانیا بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی لە دژی مرۆڤایەتی تاوانیان ئەنجام داوە و وتی: "لە تورکیا ٢ی تەمموزی ١٩٩٣ / ١١ی پووشپەڕ، لە هۆتێل مادیماک لە سێواس ٣٥ رۆشنبیر، هونەرمەند و نووسەر سوتێندران و کوژران، کە زۆربەیان عەلەوی بوون. وێڕای ئەوەی ٢٦ ساڵی بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیووە، بەڵام بکەرانى رووداوەکە و ئەنجامدەرانى هێشتا ئاشکرا نەکراون و بکوژەکان سزا نەدراون. کۆمەڵکوژییەکە تەنها لەدژی عەلەوییەکان نەکراوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا دژی پاشەڕۆژ و بەها مرۆییەکانی سەردەمیش ئەنجام دراوە".

سۆممەر ئەوەی بیرخستەوە، ماوەیەک لەوە پێش میدیاکان بڵاویان کردەوە، کە هەندێک لە بکەرانی کۆمەڵکوژییەکەی سێواس، کە بە کارتی سوور بەدوایاندا دەگەڕێن، لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوون و ناسنامەی ئەڵمانیش بە یەکێکیان دراوە. سۆممەر وتیشی: "حکومەتی ئەڵمانیا بە خەمساردی لە پرۆژە پرسیارەکانی پارتی چەپ و هەوڵی مافناسانی دامەزراوە عەلەوییەکان دەڕوانێت، ئەوەش نیشانی دەدات ئەڵمانیاش بەشداریی ئەو تاوانەی دژ بە مرۆڤایەتیی کردووە".

سۆممەر باسی لەوەشکرد، کۆمەڵکوژیی مادیماکی سێواس لە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دایە و بانگی لە حکومەتی فیدراڵ کرد: "ئەو تاوانە بە تێپەڕبوونی کات و یاسای وڵاتێک سنووردار نابێت. دەبێت ئەڵمانیا نەبێتە پەناگەی ئەوانەی تاوانی لەو شێوەیەیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە و بوێرییان پێ نەدات تاوەکو شێرە نەبن".

ر.م