دەزگای سیخوڕیی ئەڵمانیا رێکخراوەکانی کوردی کردە ئامانج

ڕێکخراوی پاراستنی دەستووری بنەڕەتی ئەڵمانی، کە دەزگای سیخوڕیی ناوخۆیی ئەڵمانیا هاوکات لەگەڵ سەرنج خستنە سەر کارەکانی ڕژێمی ئاکەپە، بە تایبەتی کارەکانی میتی تورکی، ئەو دەزگا و رێکخراوە کوردییانەشی کردووەتە ئامانج کە لە ئەڵمانیا بە فەرمی کار دەکەن.

ڕێکخراوی پاراستنی دەستووری بنەڕەتی ئەڵمانی، کە دەزگای سیخوڕیی ناوخۆیی ئەڵمانیایە، لەلایەک سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر کارەکانی ڕژێمی ئاکەپە، بە تایبەتی کارەکانی میتی تورکی، لەلایەکی تریشەوە، ئەو دەزگایانەی کورد کە لە ئەڵمانیا بە فەرمی کار دەکەن، بە ئامانج نیشان دەدات.

ڕێکخراوی پاراستنی دەستووری بنەڕەتی ئەڵمانی، کە دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریى ناوخۆی ئەڵمانیایە، ڕاپۆرتی ساڵی ۲۰۱۷ ی خۆی لە شاری بەرلین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشکرا کرد. سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی دەستووری بنەڕەتی ئەڵمانی هانس جیۆرج ماسەن و وەزیری ناوخۆ هۆرست سەهەفەر، بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیان کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا زانیاری دەربارەی ئەو دەزگا و ڕێکخراوانە خراوەتە ڕوو کە لە ئەڵمانیا چاودێریی دەکرێن.

ئەو ڕاپۆرتە کە ساڵانە بڵاودەکرێتەوە، ئەمساڵ لە ۳۵۹ لاپەڕە پێکدەهات، کە ۳۰ لاپەڕەیان لەبارەی کوردان و پەکەکەوە بوو. دەربارەی پەکەکەوە لە راپۆرتەکەدا هاتووە "لەناو ڕێکخراوە بیانییە ڕادیکاڵەکاندا، پەکەکە لە ئەڵمانیا بەهێزترین ڕێکخراوە. پەکەکە توانیویەتی پارێزگاری لە ئەندام و لایەنگرانی بکات. ساڵی پار لە ئەڵمانیا پەکەکە ۱٤ هەزار ئەندامی هەبوو، ئەمساڵ بووەتە خاوەنی ۱٤ هەزار و ۵۰۰ ئەندام".

ئەوە لە کاتێکدایە کە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کوردان لە ئەڵمانیا 'ناڤ-دەم' و دەزگا ئازادیخوازەکان کە بۆ مافی زیندانیانی کورد لە ئەڵمانیا تێدەکۆشن، زیاتر بە ئامانج نیشان درابوون و تاوانبار کرابوون و هێرشیان کرابوویە سەر.

ڕاپۆرتەکە گرنگیی داوە بە چالاکی و فێستیڤاڵی کوردستانیان لە ئەڵمانیا و بانگەشە کرا ئەو چالاکییانە لەلایەن پەکەکەوە ڕێکدەخرێن و پرسی سەرەکیش لە چالاکییەکاندا، بۆ زانینی بارودۆخی ئۆجالان و دژ بە هێرشەکانی تورکیایە لەسەر هەرێمی کوردان.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا، فەرماننامەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە دروست لە قەڵەم دراوە، کە لە ۲ی ئاداری ساڵی پار دەری کرد و تێیدا ئاڵاکانی پەیەدە و یەپەگە و یەپەژە و زۆر سیمبولی تری کوردانی قەدەغە کرد. هێرشی ڕۆژی ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ی لە دژی کوردان و خۆپیشاندان لە دۆسلدۆرف، بە بڕیارێکی دروست ناوهێناوە.

 بە گوێرەی ڕیکخراوی سیخوڕیی ناوخۆی ئەڵمانیا، گەنجانی کورد لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە چاودێری تێکۆشانی کوردان دەکەن و بەو شێوەیە خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە، گەنجان بە تایبەتی دەکەونە ژێر کاریگەریی تێکۆشان دژ بە داعش و بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە دەبن. چالاکی و خۆپیشاندانی گەنجانی کورد کە بە مۆڵەت ئەنجام دەدرێن، تاوانبار کراون و هێرشیان کراوەتە سەر.

دەزگاى هەواڵگری و سیخوڕیی ئەڵمانیا، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پەکەکە ئەمساڵ پارەی زیاتری لە ساڵی ۲۰۱٦ کۆکردووەتەوە و ئەو پارانەشی کۆیانکردووەتەوە، ناردوویانە بۆ هێزە کوردیەکان کە لە باکووری سووریا و باکووری عێراق دژ بە داعش شەڕ دەکەن.

بەگوێرەی زانیاریی نێو ئەو ڕاپۆرتەی دەزگا سیخووڕییەکەی ئەڵمانیا، زیادبوونی هاوکارییەکان بۆ پەکەکە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە سووپای تورکیا دەیکەنە سەر هەرێمە کوردییەکان.

دژ بە دەزگا کوردیەکان زمانی دەوڵەتی تورکیا بەکارهێنرا

لە ڕاپۆرتی دەزگای سیخووڕی ناوخۆیی ئەڵمانیادا ئەو دەزگا کوردییانە کراونەتە ئامانج، کە بە فەرمی لە ئەڵمانیا کار دەکەن. سەرنجڕاکێشە کە بە هەمان زمانی دەوڵەتی تورکیا ئاماژە بە ناوی ئەو دەزگا کوردیانە کراوە. دەزگای سیخوڕیی ئەڵمانیا بانگەشەی ئەوەی کردووە، پەکەکە سوود لە چەندین ئامرازی ڕاگەیاندن وەردەگرێت و بەو شێوەیە دەیانەوێت کاریگەریی خۆیان لەسەر کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا دابنێن.

لە ڕاپۆرتی دەزگای سیخووڕیی ناوخۆیی ئەڵمانیادا باس لە ڕۆژنامەی یەنی ئوزگیور پۆلیتیکا کراوە و تێیدا هاتووە "ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی پەکەکەیە". دەربارەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ش لە ڕاپۆرتەکەیاندا هاتووە "ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  ئاژانسێکی هەواڵیی نزیک لە پەکەکەیە". لە ڕاپۆرتەکەدا، بۆ یەکەمجار، ئاژانسەکەمان و پەیامنێرانی ئێمە بە ئامانج نیشان دراون و بەم شێوەیە باس ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کراوە:

"دامەزراوەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، کە ناوەندەکەی لە هۆڵەندایە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاگادارکردنەوەدا بە هەواڵ و بابەتەکانی لە وڵاتانی تورکیا، عێراق، ئێران، سووریا و وڵاتانی ئەوروپا، کار دەکات. ئاژانسەکە، ڕۆژانە بە زمانەکانی تورکی، کوردی، ئینگلیزی، ئیسپانی، عەرەبی و فارسی، بابەت و هەواڵەکانیان بڵاودەکەنەوە".

لە راپۆرتەکەى دەزگاى هەواڵگریى ئەڵمانیادا دەربارەی ئەو دۆسیەیانەش کە لە دژی سیاسەتمەدارانی کورد لە ئەڵمانیا کراونەتەوە، بە بانگەشەی ئەوەی "بەڕێوەبەرانی پەکەکەن"، زانیاریی لەبارەیانەوە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ئەنگێلا مێرکل، ڕێکخراوی سیخووڕیی ناوخۆیی ئەڵمانیا، پەیڤی 'ڕێکراوی تیرۆریستی' بۆ پەکەکە بەکارنەهێناوە.

لە ساڵی ۱۹۹۳ەوە پەکەکە لە ئەڵمانیا، ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە. سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر ناوی پەکەکە هیچ کار و چالاکییەک ئەنجام نەدراوە، بەڵام هەواڵگریى ئەڵمانیا جارێکیتر کار و چالاکیی دەزگا کوردییەکانی ئەو وڵاتەی کرد بە هی پەکەکە.

میت نوێنەرەکانی تورکیا بەکاردەهێنێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی دەزگاى هەواڵگری ناوخۆیی ئەڵمانیا، دەزگای سیخووڕیی میتی تورکی لە ئەڵمانیا کار دەکات. ڕاگەیەندرا، کە میت لەژێر کۆنترۆڵی ئەردۆغان دایە و زانیاری کۆدەکاتەوە. بۆ ئەو کارەش، میتی تورکی نوێنەرە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکیا، وەک باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان بەکار دەهێنێت.

ر.م