دەمیرتاش: پاڵێوراوێتیى من لە ئەردۆغان بەهێزترە

سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار رایگەیاند "پاڵێوراوێتیی من لە ئەردۆغان بەهێزترە و بێگومان دەبمە بەڕێوەبەرى وڵات".

دەەمیرتاش، کە لە زیندانى جۆری ئێف لە ئەدیرنە راگیراوە، بە نووسراو وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەى بەناوبانگى (Nyheter - نی هییتەر)ی سویدى دایەوە.

٢٠ مانگە زیندانیکراوم، بەڵام بە داهاتوو گەشبینیشم

دەمیرتاش رایگەیاند، لە چواردیوارێکدایە و سەربارى ئەوەش بە داهاتوو گەشبینە. تاوەکو ئێستا لەسەر ٣٠ سکاڵا، کە داواى ٥٠٠ زیندانیکردنم دەکەن، دادگایى دەکرێم.

دەمیرتاش وتى "تاوەکو ئێستا هیچ دادگایەک، دادپەروەرانە دادگایى نەکردووم. هەموو ئەو قسە و لێدوانانە، کە کراونەتە تۆمەت و دەیانەوێت لەسەرى دادگایم بکەن، ئەو رەخنانەن کە لە ئاکەپە و ئەردۆغانم گرتوون. دەبێت بەپێى پێوەرەکانى ئازادیى رادەربڕین و پێوەرەکانى ئازادیى کارى سیاسی هەموو ئەو تۆمەتانە لەسەرم لاببرێن، بەڵام سەربارى ئەوەش ٢٠ مانگە لە زینداندا راگیراوم".

  دەمیرتاش وتیشى "لە راستیدا تەنها زیندانى نەکراوم، بەڵکو وەک بارمتە راگیراوم. من دەزانم ئاسان نییە مرۆڤ لە زینداندا هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن بەڕێوەببات، بەڵام دۆخی بە بارمتەگرتنم دەرخەری ئەوەیە، کە دادگا و سیاسەت لە تورکیادا لە چ ئاستێکدان".

 ئیدی تورکیا پێویستى بە گۆڕانکارییەکى گەورە هەیە

دەمیرتاش لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا "ئێوە لەم هەڵبژاردندا چ رۆڵێکتان بۆ خۆتان داناوە؟" وتى "ئیدى تورکیا پێویستى بە گۆڕانکارییەکى گەورە هەیە. من لەو بڕوایەدام کە لە هەڵبژاردندا تورکیا بەرەو گۆڕانکارى دەڕوات. سەربارى ئەوەى زیندانیکراوم، هەوڵ دەدەم بە پەیامى گەشبینانە بارى قورسى سەر شانى کۆمەڵگە کەم بکەمەوە. من ئومێد بە ئاشتى و ئازادى زیاتر دەکەم. گرنگترین خاڵ ئەوەیە، کە هەوڵ دەدەم بڵێم 'بژاردەیەکى تر هەیە، ئێمە ناچار نالەباری و خراپییەکان قبوڵ بکەین' و ئەوەش بە زیندویى رابگرم".

پاڵێوراوێتیى من لەو ئەردۆغان بەهێزترە، کە ١٦ ساڵە لە دەسەڵاتدایە

دەمیرتاش ئەوەشى وت "سەربارى ئەوەى دەرفەتەکانى بەردەمم بە بەراورد بە پاڵێوراوەکانى تر یەکسان نییە و لە پێشبڕکێیەکى یەکساندا نیین، بەڵام دیسانەوە بە ئەندازەى پاڵێوراوەکانى تر پێداگر و خاوەن ورەم و پلانم بۆ گۆڕانکاری هەیە. ئەگەر ناوەکەشى نەڵێم، ئەوا پاڵێوراوێتیى من لە پاڵێوراوێتیى ئەو کەسە بەهێزترە، کە ماوەى ١٦ ساڵە دەسەڵاتى بە دەستەوەیە. بەلانیکەمەوە بە ویژدانێکى پاک و بێگەردەوە بەشدارم لە بانگەشە و پێشبڕکێى و ململانێى هەڵبژاردندا".

دەمیرتاش باسى ئەوەشیکرد، ئەوەى بۆ خۆى نەکردووە بە پلان و بەرنامە، کە دەبێت هەر ئەردۆغان لە دەور بخرێت، چونکە هەوڵەکەى بۆ ئەوەیە، کە ئەڵتەرناتیڤێکى دیموکراتیک دابمەزرێنێت. دەمیرتاش لە درێژەدا وتویەتى "من ئەوەم لەسەر بنەماى دوژمنایەتیکردنی ئەردۆغان دروستنەکردووە، چونکە دید و تێڕوانینێکی ئەڵتەرناتیڤمان هەیە و بۆ هاتنەدیى ئەوەش باس لە هاوکاری و هاوبەشى دەکەم".

بە خێرایى پێویستمان بە ئاسایى بوونەوە هەیە

دەمیرتاش ئەوەشى خستەڕوو، کە دەبێت بە خێرایى بارى نائاسایى هەڵبوەشێنرێتەوە و دەبێت ئەوانەى زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوو بکرێنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت "چونکە ئەوەى ئێستا بە خێرایى بۆ تورکیا پیوێستە، ئاسایى بوونەوەیە".

دەمیرتاش لە کۆتایدا و لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا کە "لەم ٥ مانگەى دوایدا خۆت لە کوێدا دەبینێتەوە؟" وتى "بێگومان لە بەڕێوەبەرایەتیى وڵاتدا خۆم دەبینمەوە. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەەم پشتیوانیى گەل بەدەست بهێنم".

ر.م