دەنگدەرانى ئەوروپا: بە دەنگەکانمان دەمیرتاش لە زیندان ئازاد دەکەین

کاری هەدەپە بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بەبێ راوەستان لە ئەوروپا بەردەوامیى هەیە.

شتوتگارت

ئەندامانى دەستەى هەڵبژاردنى هەدەپە هەر رۆژە لە گەڕەکێکى شارى شتوتگارتی ئەڵمانیا چالاکى ئەنجام دەدەن و راگەیاندراو بڵاودەکەنەوە. لەو چوارچێوەیەدا ٢٩ى ئایار لە گەڕەکی هالسچلاگ سەدان راگەیاندراو و برۆشوری هەڵبژاردن خرانە سندوقى پۆستەى ماڵانەوە. حوسێن سەمسور یەکێک لە دانیشتوانى گەڕەکی هالسچلاگ لەبارەى دەمیرتاشەوە وتی "زیندانیش بێت هەر لە دلماندایە. ئێمە بە دەنگەکانمان ئازادی دەکەین".

مانهایم

لە ناوەندی رۆشنبیریى عەلەوییەکان لە شاری مانهایمى ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. تورگوت ئۆکەر کە لەلایەن کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى تورکیا (یەسەکە -YSK) پاڵێوراوبوونى رەتکرایەوە، فاتۆش گۆکسونگیور هاوسەرکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیانی ئەوروپا (KCDK-E) و تورگای چەلیک بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

تورگوت ئۆکەر رایگەیاند، دەنگەکانى ئەوروپا بۆ تێپەڕاندنى هەدەپە لە بەربەرستى سەدا ١٠ زۆر گرنگە و وتی "١٠٠ هەزار دەنگى ئەوروپا لە یەک ملیۆن دەنگى ئیستەنبول گرنگترە، چونکە دەنگەکانى ئەوروپا بەسەر هەموو دەنگەکانى تورکیا دابەش دەکرێن". هەروەها دەستەى هەڵبژاردنی هەدەپە لە پارادیپلاتز چالاکییەکى بۆ پشتیوانیکردن لە سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى هەدەپە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماری بەڕێوەبرد. لە چالاکییەکەدا پۆستەرەکانى دەمیرتاش و هەدەپە دانرابوون و سەدان برۆشور و راگەیاندراویش بڵاوکرایەوە.

تۆرین

لە شاری تۆرینى ئیتالیا کۆبوونەوەى گەل لەبارەی هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕەوە بەڕێوەچوو. فەیسەڵ ساری یڵدز پەرلەمانتاری هەدەپە بەشداری کۆبوونەوەکەى گەل بوو، کە لە رێکخراوی گروپۆ ئەبیلی بەڕێووەچوو. ساری یڵدز رایگەیاند، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە کورد کۆمەڵکوژ دەکەن. ساری یڵدز راشیگەیاند، گەلی کورد بۆ تێکشکاندنی داعش باجێکى زۆر گەورەى داوە. ئەوەشى کە زۆرترین هاوکاری و پشتیوانى بۆ داعش دابین دەکات ئەردۆغانە.

ئەسینا

نوێنەرایەتى هەدەپە لە شارى ئەسیناى پایتەختى یونان چالاکییەکى بۆ هەڵبژاردن ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا نوێنەرانى ئەسەپە (ESP)، سەیەکەپە (SYKP)، دەپ (DP) و دەهەفە (DHF) بەشداربوون. نوێنەرانى هەر یەک لەو لایەنانە، دەستە دەستە ناوى ماڵان تۆمار دەکەن و پۆستەر بەرزدەکەنەوە و برۆشور و راگەیاندراو بۆ هەدەپە و دەمیرتاش بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکەن.

ر.م