دەنگە بەرزەکەى پشت چیای قاف؛ رادیۆ ئێریڤان

ئارشیڤی ٦٥ ساڵەى رادیۆ ئێریڤان لەسەر بیری کورداندا شوێنپێیەکی قوڵی داناوە. ئەوە ئارشیڤە لەلایەن هونەرمەند جەواد مەروانی لە کتێبێکى ٤ بەرگیدا بە ناوی "ئەرشیڤی گۆرانییەکانی رادیۆ ئێریڤان" چاوپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئارشیڤی ٦٥ ساڵەى رادیۆ ئێریڤان لەسەر بیری کورداندا شوێنپێیەکی قوڵی داناوە. ئەوە ئارشیڤە لەلایەن هونەرمەند جەواد مەروانی لە کتێبێکى ٤ بەرگیدا بە ناوی "ئەرشیڤی گۆرانییەکانی رادیۆ ئێریڤان" چاوپ و بڵاوکراوەتەوە. مەروانی دەڵێت "ئەو دەنگەى لە پشت چیای قافەوە بەرزبووەتەوە" بە نۆتە تۆماری کردووە.

رادیۆ کوردیی دەنگی ئێریڤان لە ساڵی ١٩٥٥ دا لە شاری ئێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا دەستی بە پەخش کرد و لەلایەن هەموو کوردستانیانەوە گوێی لێدەگیرا. رادیۆکە بیر و یادەوەریی گرنگی مێژووییەکى نزیکە، بۆ چەندین ساڵ هەموو کوردانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە.

لە رادیۆکەوە ژمارەیەکى زۆر گۆرانیی گۆرانیبێژانی وەک کاراپێتی خاچۆ، ئارام تیگران، ئاسلیکا قادر، شەرۆی برۆ، سوسکا سیمۆ، فاتما عیسا... هتد چووە ناو ماڵی کوردان. ئێستا ئەو گۆرانییانە تۆمارکران و لە نەمان رزگارکران.

ئەو گۆرانییانە کۆکرانەوە و کران بە کتێبێکى ٤ بەرگی. یەکەم چاپی کتێبەکە مانگی رابردبوو، کە بە شێوەیەکى سنووردار رەوانەى بازاڕى کتێب کرا. کتێبەکە لە ٩١٥ گۆرانی پێکدێت و چاوەڕێ دەکرێت چاپی دوەمی لە باکووری کوردستان و رۆژئاوا بکەوێتە ناو کتێبخانەکان و کتێبفرۆشەکانەوە.

هونەرمەند جەواد مەروانی کە ئەو کتێبەی ئامادە کردووە وتی، پەیوەندیی بە رادیۆ ئێریڤانەوە دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی و لە منداڵییەوە هەموو کات ئەو رادیۆیە بۆ ئەو خەونێک بووە. بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٩٥ دەڕوات بۆ ئێریڤان و لە نزیکەوە چاوی بەو گۆرانیبێژانە دەکەوێت، کە چەندین ساڵ گوێی لێگرتبوون.

مەروانی دەڵێت، ٢٥ ساڵ بە بەردەوامی کاریکردووە و لەم ٤ ساڵەی دوایشدا لەگەڵ تیمێکی شارەزدا کاریکردووە. دەقی ئەو ٩١٥ گۆرانییە و نۆتەکانیانی لە کتێبکێى ٤ بەرگیدا تۆمار کردووە. هەروەها هەموو گۆرانییەکان بە دەنگی ئۆرژیناڵ و رەسەن لەسەر سی دی تۆمار کراوە و دەدرێت بە خوێنەران و گوێگرانی کورد.

مەروانی دەڵێت "کاتێک منداڵ بووم لە ماڵماندا گوێ لە رادیۆ ئێریڤان دەگیرا. من دەمزانی ئەو دەنگە لە پشت چیاکانەوە لە پشت لە چیای قافەوە دێت. ئەو دەنگە کە لە ئێریڤانەوە دەهات سێحرێکى لەسەر من و هەموان دروستکردبوو. هەر ئەوەندەى دەنگی ئەو ئاگرە گەش دەبوو دەنگی ئامێرەکان بەرزتر دەبوونەوە. تاوەکو دەهات خەون و تامەزرۆیی گەورەتر دەکرد و من هەمیشە دەمخواست بڕۆم و سەردانیان بکەم، لە ئاخردا لە ساڵی ١٩٩٥ دا رۆیشتم بۆ ئێریڤان".

هونەرمەند جەواد مەروانی دەڵێت، ٢ مانگ لە ئێریڤان ماوەتەوە و لەوێ رەشیدێ بەسۆ، کەرەمێ سەیاد، عەگیدێ جمۆی بینیوە، کە چەندین ساڵ لەو رادیۆیەدا رەنجیان دابوو و لەو کاتەدا کاریان کردووە و ئەو ئەرشیڤەیان کۆکردووەتەوە. ساڵی ١٩٩٦ دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا و هەر، کە دەگەڕێتەوە دەست بە کار دەبێت بۆ ئەوەى ئەو تۆمارە دەنگییە کۆنانە کە خراپ بووبوون و تێگەیشتن لێیان قورس بووە نۆژەن بکاتەوە، ئەو کارەش چەندین ساڵ بەردەوام بوو.

مەروانی باسی ئەوە دەکات، چاپخانەى ئارام کتێبێکی پێکهاتوو لە ٤٠٠ گۆرانی چاپ دەکات و ئەو کتێبە ئەو گۆرانیانەی تیادا بوو، کە ئاواز و مۆسیقایان لەگەڵ بوو و ریتیمیک بوون. دوای ماوەیەک نیگەرانیی ئەوە دروستبوو، ئەی چی بکرێت بۆ گۆرانییە بێ مۆسیقاکان و چۆن ئەوانیش لە فەوتان رزگار بکرێن وتۆمار بکرێن، بۆ ئەوەش کار بۆ ساغکردنەوەى دەق و تێکست و نۆتەکانیان کرا و دەبوایە سی دی-یشیان لەگەڵدا بوایە، بۆیە وردە وردە دەستبەکار کرا و لە ئەنجامدا ئەم کتێبە ٤ بەرگییەى لێ بەرهەمهات.

هەر ٤ بەرگەکە لە ٣ هەزار و ٢٥٠ لاپەڕە پێکدێت و ئەو کارە لەگەڵ دەستە و تیمێکى پرۆفشیناڵ و شارەزاد ئەنجامدراوە.

مەروانی هەروەها وتی، وەیسی ڤارلی نۆتی بۆ گۆرانییەکان ئامادە کردووە و رێکیخستوون، هەروەها شیار و ئەوران رەنجێکى زۆریان دا و مامۆستا سەروەت و محەمەد چاکماکیش بەشداری ئەم کارە گەورەیە بوون.

مەروانی باسی ئەوەشیکرد، ئەو بەرهەمانەى پێشتر تۆمارکرابوون، دەقەکانیان نووسرانەتەوە و بە دیکۆمێنتیان کردوون و دەیان نێرن بۆ ڕێکخراوى زانستى، ڕۆشنبیرى و پەروەدەیى نەتەوەیە یەکگرتووەکان (یونسکۆ - UNESCO)، نەک تەنها ئەم کتێبە، بەڵکو ئێستا لەلایەن بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەریی (تەڤ – چاند / TEV-ÇAND)ەوە نزیکەى ٤٠ هەزار گۆرانی ئەرشیڤ کراوە و کار بۆ ساغکردنەوە و بە دیکۆمێنتکردنیان دەکەن.

مەروانی لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی "هەڵبەت لە ناو ئەو گۆرانییانەدا ژمارەیەکى زۆر گۆرانی هەیە، کە دەوڵەتى تورک دزیونی. ئێمە ئاگاداری هەموو ئەوانەین و دەیان گۆرانیی کوردییان کردووە بە تورکی و دزیونانە.  ئەوە کۆمەڵکوژی و سڕینەوەى کولتوری و هونەری و رۆشنبیرییە. هاوکات لەگەڵ کوشتار و سڕینەوەى جەستەیدا هونەر و رۆشنبیریی کورد دەسڕنەوە. ئەوان هەڵپەڕکێ و شایی و رەشبەڵەک، خواردن، ئەدەب و هونەر، گۆرانی و زۆر شتی تری کوردیان دزیوە، یان لە ناویان بردوون.

ئێستا یەکێک لە کارە گرنگەکانمان ئەوەیە دەست بە قۆناغی ساغکردنەوەیان بکەین بۆ ئەوەش ئێمە لەگەڵ هەندێک لە مافناسان و یاساناساندا لە دانیشتنداین تاوەکو ئەو کۆمەڵکوژی و سڕینەوەیەی دەوڵەتی تورک لە ئاستی نێونەتەوەیدا ببەینە دادگاکان و دادگاییان بکەین".  

مەروانی ئەوەشی وت، رادیۆ کوردیی بەغداش بەمشێوەیە تۆمار دەکەن و دەقەکان دەنووسنەوە و دواتر بەرهەمی هونەرمەندان و دەنگبێژەکانی سەرحەدیش دەنووسنەوە و تۆماریان دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا ١٥٠٠ گۆرانیی رادیۆ بەغدا لەو دەورەیەکدا تۆمار دەکەن و دەینوسن و چاپ و بڵاوی دەکەنەوە.

هونەرمەند جەواد مەروانی وتیشی "دواى ئەوەش ئێمە دەنگبێژانی سەرحەد و کەمەنچە و پایزۆکێی بۆتان هەر بەو شێوەیە تۆمار دەکەین. ئەوانە نرخ و بەهای ئێمەن. ئەوانە دەوڵەمەندی و سامان و گەنجییەکی گەورەن".

ژ.ت