'دەوڵەت بە سەپاندنی قەیوم وەڵامی بانگەوازی ئاشتی دایەوە'

پەرلەمانتاری هەدەپە، عایشە سوروجو ڕایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیسان گۆشەگیرکراوەتەوە، دەوڵەت بە تاڵانکردن و قەیومەکان، وەڵامی بانگەوازی ئاشتی دایەوە.

پەرلەمانتاری هەدەپەی ڕحا، عایشە سوروجو، لەدژی گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەستایەوە و وەبیری هێنایەوە، ڕۆژێک دوای بانگەوازی ئۆجالان بۆ ئاشتی، دەوڵەت بە قەیوم وەڵامی خۆی ئاشکرا کرد. سوروجو وتی: "بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە وەڵامی چارەسەرییەکەیان دایەوە. بە گۆشەگیری وەڵامی ئاشتیان دایەوە. لەو کاتەوە نە بنەماڵە و نە پارێزەرانیش نەیانتوانیوە ئۆجالان ببینن. ئەوە شەڕ قورستر دەکات. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ لەم خاکە ئاشتی و ئارامی هەبوو.

لەو کاتەدا بەردەنگی چاوپێکەوتنەکان بەڕێز ئۆجالان بوو. دوای ئەوەی چاوپێکەوتنەکان بۆ چارەسەری دیموکراتی لەگەڵ ئۆجالان کۆتاییان پێهێنرا و گۆشەگیری سەپێندرا، ئەو کاتە لە تورکیا قۆناغێکی ئاڵۆزی دەستیپێکرد. لە چەندین سیاسەتی تورکیادا دۆخەکە بە بنبەست گەیشت. ئەو بنبەستە ئێستاش بەردەوامە. بەڕێز ئۆجالان نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە هیوایەک. دەبوایە باش شیکردنەوەی بۆ کرابوایە. بۆیە ماوەیەکی درێژە سیاسەتی گۆشەگیری قورس لەدژی ئۆجالان بەڕێوەدەچێت".

سوروجو ڕایگەیاند، دەبێت ئۆجالان بتوانێت بەڕێکوپێکی بنەماڵە و پارێزەرانی خۆی ببینێت و وتی: "لە چاوپێکەوتنی پێش ئێستادا بەڕێز ئۆجالان لێدوانی گرنگی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردبوەوە. وتبووی ئامادەیە بۆ ئاشتی. ڕایگەیاندبوو ئەو دەتوانێت لەماوەی هەفتەیەکدا ئاشتی جێبەجێ بکات. بەڵام ڕۆژێک دوای ئەو لێدوانەی ئۆجالان چی قەوما؟ دەوڵەت بە سەپاندنی قەیوم وەڵامی ئاشتی دایەوە. بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە وەڵامی چارەسەری دایەوە. بە گۆشەگیریی وەڵامی ئاشتی دایەوە. لەو کاتەوە نە بنەماڵە و نە پارێزەرانی ئۆجالان نەیانتوانیوە بیبینن. ئەوە شەڕ قورستر دەکات.

لە لایەکەوە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل لە ڕێگەی قەیومەکانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە جموجۆلی سەربازی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەوانە هەمووی نیشانەی ئەوەن ئەو حکومەتەی هەیە ئاشتی ناوێت و سوورە لەسەر شەڕکردن. ئاشکرایە ئەوان هەبوون و مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات تەنیا بە شەڕ دەپارێزن. دوورن لە ئاشتی، بەڵام دەبێت هەمووان ببینن کە شەڕ چارەسەر نییە، هیچکاتێکیش نابێتە چارەسەریی، شەڕ تەنیا ئازار و ئاڵۆزییەکان سەختتر دەکات. جارێکی دیکە بانگەوازی دەکەین کە بۆ ئاشتییەکی پتەو، دەبێت لە نوێوە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەست پێبکەنەوە و بە ڕێکوپێکی بەردەوام بن".

ک-ش