دەوڵەتى تورکیا سری سورەیا ئۆندەری زیندانیکرد - نوێکرایەوە

سری سورەیا ئۆندەر ئەندامى شاندی دانوستانکاری ئیمراڵی بەهۆی سەپاندنى سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن بەسەریدا زیندانیکرا. ئۆندەر راگەیاند "هەر قسەیەکمان کردبیت و هەموو هەوڵەکانمان، کەرامەت و شکۆمانە. رۆژانی خۆش و گەش نزیکن. باجەکەشی چی بێت دەدەین".

سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری پێشووی ئەنقەرەى هەدەپە و ئەندامى شاندی دانوستانکاری ئیمراڵی، دواى ئەوەى لەلایەن دادگاى تورکیاوە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا رەوانەى زیندانی کاندرییە کرا. دادگای تورکیا ئەو سزایەی بەهۆی وتەکانى ئۆندەر لە نەورۆزی  ٢٠١٣ دا بەسەریدا سەپاندووە.

"ئەگەر دۆخەکەش باش دیار نەبێت، بەڵام...

ئۆندەر پێش ئەوەى ببرێتە زیندان رایگەیاند "ئەم دۆخە بۆ رەنجدەرانی ئاشتی و دیموکراسی دۆخێکى سەرسوڕهێنەر نییە. ئەو عەقڵییەتە شەڕخوازانەیە بەو رادەیەش قوڵ و ریشەدار نییە کە بیری لێدەکرێتەوە.

هەر چەندە دۆخی ئێستا خراپ دیار بێت، بەڵام رۆژانی خۆش و گەش بۆ ئەم وڵاتە نزیکن. رێچکەکەى ئێمە لەسەر نەریتى خوڵقاندن بە دەرفەت و ئیمکانیەتى کەمەوە رازێنراوەتەوە.

هەموو ئەو قەسانەى کردوومن و دەرمبڕیون، هەموو هەوڵەکانم، کەرامەت و شکۆی ئێمەیە. باجەکەشی چی دەبێت دەیدەین. بە هەستى سەرکەوتن و پشتیوانییەوە سڵاوی خۆم بۆ هەموو هەڤاڵان و ئۆگران دەنێرم".

ر.م