دەوڵەتى تورکیا سزاى زیندانیکردنى بەسەر هاووڵاتییەکى بەلجیکی دا سەپاند

لە ئەرزرۆم و مێرسین ١١ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیرکران و دادگاى دەوڵەتى تورکیا سزاى زیندانیکردنى بەسەر ٢ کەس لە دەستگیرکراوەکاندا سەپاند، کە یەکێکیان هاووڵاتییەکى بەلجیکایە.

هێزە ئەمنییەکانى تورکیا رۆژی هەینى لەسەر بڵاوکردنەوەى بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ناوچەی تاتۆسی ئەرزڕۆم هەڵیانکوتابویە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ٤ کەسیان دەستگیرکردبوو.

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان عەبدوڵا ئاککوس بەڕێوەبەری ناوچەی پارتى هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)یە و ناوی ٣ کەسەکەى تریش بریتین لە: عەبدولقادر دەنیز، باقی ئۆزدەمیر و عەدنان بینگۆل.

دادگاى دەوڵەتى تورکیا بە پاساوی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" و "رەشکردنى سەرۆک کۆمار" سزای زیندانیکردنى بەسەر باقی ئۆزدەمیردا سەپاند.

هەروەها لە ناوچەى قەرەیازیى ئەرزرۆم ٦ کەسی تر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و پۆلیس بڕیاریداوە تاوەکو بڕیاری دادگا لە دەستبەسەریدا بمێننەوە.

لە مێرسینیش هاووڵاتییەکى بەلجیکى بە ناوی زەریف ی. لە رۆژی ٢ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ەوە دەستگیرکرابوو. دادگاى دەوڵەتى تورکیا بە تۆمەتى "پڕوپاگەندەى بۆ رێکخستن کردووە" سزاى زیندانیکردنى بەسەردا سەپاند.

ر.م