دەوڵەتى تورکیا لە ئەدەنە ٨ هونەرمەند و منداڵێکى تەمەن ١ ساڵی دەستگیرکرد

پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى پاکتاوکردن و سڕینەوەى سیاسیى گەلی کورد دا، هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵی هونەرمەندانى ناوەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا (نەچەمە - NÇM) و ٨ هونەرمەند و منداڵێکى تەمەن ١ ساڵیان دەستگیرکرد.

پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە ئەدەنە هێرشیان کردە سەر ماڵی چەندین هاووڵاتی. لەو هەڵکوتانەى پۆلیسی تورکیادا ماڵی ئەو هونەرمەندانە کرایە ئامانج، کە لە لقی ناوەندی رۆشنبیریى میزۆپۆتامیا (نەچەمە - NÇM)دا لە ئەدەنە کاریان دەکرد و هەموویان دەستگیرکردن. دەوڵەتى تورک لە کاتى باری نائاسایدا بە یاسایى باری نائاسایى نەچەمەى داخستبوو.

پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە دواى هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەو هونەرمەندانە هەموو ماڵەکانیان بەسەریەکدا تێکوپێکدا و لە کاتى دەستگیرکردنیشیاندا ئەشکەنجەیان کردن و توندوتیژییەکى زۆریان بەرامبەر ئەنجامدان.

پۆلیسی تورکیا لەو هەڵکوتانەدا هەر یەک لە هونەرمەندان ئەلیاس ئارزوو، دەڤران و دەڤریم ئۆزلوک لە ئەندامانی تیپی پەل، ژیان ساڤجی، دیلان سوندوک و هێلین ئۆزبای لە تیپی قیڕین (هاوار)، عیمران ئاکن هونەرمەندی پێشووی نەچەمە و هاوسەرەکەی و منداڵە تەمەن ١ ساڵەکەیان و مەجید ئۆزلوکن-ی دەستگیرکرد.

ر.م