دەوڵەتی ئەڵمانیا فشارەکانی لە سەر شۆڕشگێرە سوریانیەکان زیاتر دەکا

ژمارەی ئەو چالاکوان و شۆڕشگێرە سوریانیانەی لە ئەڵمانیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت گەیشتە ٧ کەس و سامی بایدار چالاکوانی سوریانی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا بکەوێتە چوارچێوەی یاسای (١٢٩بی) ئامادەکاری دەکرێت.

 دەوڵەتی ئەڵمانیا فشارەکانی لە سەر ئەندامانی ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا فراوان دەکات.

ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا لە ناو سوریانی/ئاشوری دا خۆیان بەڕێکخستن کرد و لە ساڵی ٢٠١٧ دا ڕاگەیەنرا. ئاڵای ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا ساڵی ڕابردوو قەدەغەکرابوو. بەڵام بە تایبەتی لە ویلایەتی بادین – ورتمبێرگ و باڤییرای باشووری ئەڵمانیا، هێزەکانی پۆلیس بێجگە لە قەدەغەکردنی ئاڵاکەیان، فشارەکانیشی لە سەر شۆڕشگێر و چالاکوانەکانی سوریانی فراوان کرد.

ئامادەکاری بۆ مادەی (١٢٩بی) دەکرێت

لە سەرەتادا لە شاری ئاگسبورگ لە ١ی ئایاری ٢٠١٨/١١ی بانەمەڕ دا لە خۆپیشاندانێکدا ئاڵای ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا بەرزکرایەوە و دواتر لێپرسینەوەی لە دوو چالاکوانی سوریانی کرا. سامی بایدار لەبارەی فشارەکانی دەوڵەتی ئەڵمانی بۆ سەر چالاکوانەکانیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە سەرەتادا بە هۆی ئەوەی ئاڵاکەیان و ئالاێ پارتی کۆمۆنیستی دیموکراتی گەل (دەهەکەپەجە - DHKP-C) یان تێکەڵکردبوو، دەستیان بە لێپرسینەوە کرد.

بایدار وتی، "ئەندامەکانمان بە هێزەکانی پۆلیسیان وت'ئەمە ئاڵای DHKP-C نییە، بەڵکو ئاڵای ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیایە. بەڵام هێزەکانی پۆلیس پێیان ڕاگەیاندین، ئەم ئاڵایە بە پێی یاسای خۆپیشاندان و کۆمەڵەکان تاوانە و بەم شێوەیە دەستیان بە لێپرسینەوە کرد. بە گشتی ئەندامەکانمان ٣٢٠٠ یورو سزادران. ئەندامەکانیشمان ڕایانگەیاند، ئەو بڕە پارەیە نادەن و سەردانی دادگایان کرد."

بایدار ڕاشێگەیاند، ئەوان تێگەیشتن لێپرسینەوە بەردەوامە. بە پێی زانیاریەکان لێپرسینەوە لە ٧ شۆڕشگێر و چالاکوانی ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا کراوە. لە ئێستادا بە بیانووی 'پێشێلکردنی یاسای کۆمەڵە و خۆپیشاندانەکان' لێپرسینەوە دەکرێت و وتی، "منیش یەکێک لەو کەسانە بووم کە لێپرسینەوەم لەگەڵدا کرا."

باتدار ئاماژەی بەوەشدا، پارێزەرەکەی داوای دۆسیەکەی کردووە، بەڵام بڕیاری شاردنەوەی دۆسیەکە دراوە و وتی، "بە هۆی ئەوەی بە پێی یاسای (١٢٩بی) لێپرسینەوە کراوە. ئەگەر دۆسیەکە بچێتە دادگا بە پێی ئەو مادەیە شۆڕشگێرە سوریانیەکان دادگاییدەکرێن.

ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئازادی نەتەوەی پەسەند ناکەن

سامی بایدار لە هەمان کاتدا کە لە کلێسەی سوریانی – ئورتودوکس مامۆستایەکی ئایینیە دەڵێت، "لێپرسینەوە لە ئەوان و ئامادەکاری بۆ یاسای (١٢٩بی) رێکەوت نییە."

بە ڕای بایدار، دەوڵەتی ئەڵمانیا لەگەڵ بزوتنەوە سوسیالیستەکان، دەیەوێت ڕێکخستنی ئارامی کۆمۆنیستی میزۆپۆتامیا لەناوببات و وتی، "بەرپرسەکانی ئەڵمانیا بەم شێوەیە بیردەکەنەوە. پەکەکە کە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بەڕێوەدەبات، بەشیان نەکرد و لە ئێستادا لەدژی تەڤگەری ئازادی گەلی سوریانی کار دەکەن. بەو هۆیەوە بۆ ئەوەی وەک پەکەکە و هەندێک رێکخستنی دیکە فراوان نەبین، رێگریمان لێدەکەن. بێگۆمان هۆکارەکان تەنها ئەوە نییە. بە هۆی هاوکاری ڕژێمی ئەردۆغان و دەوڵەتی ئەڵمانیا ئێمە دەبینە ئامانجی هێرشەکان."

ف.ق