دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان ٢٠ گوندی ئاسووریەکانی چۆڵکردووە!

یەکێتی ئاسوریەکانی ئەوروپا رایگەیاند، بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشوری کوردستان، ٢٠ گوندی ئاسووری و کەلدانیەکانی چوڵکراون، هاوکات بۆ ئەنجامدانی "چالاکی بەپەلە" بانگەوازیەک بڵاو کرایەوە.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی یەکێتی سوریانیەکانی ئەوروپا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنی ١٦ی حوزەیرانی دەوڵەتی تورکدا بە ناوی کارتال-پەنجەی خەڵکی مەدەنی رووبەرووی کوشتار و ئاوارەبوون بووەتەوە.

لە رایگەیێنراوەکەدا باس لەوە کرا کە، دەوڵەتی تورک بەم ئۆپڕاسیۆنانە دەیەوێت ناوچە داگیرکراوەکانی بەرفراوانتر بکات و تێیدا هاتووە:" ئاکەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی، بە تایبەت لە سوریا و عیڕاق هەوڵ دەدات، دیمۆگرافی ناوچەکە بگۆڕێت و ناوچەی دیکە داگیر بکات. تورکیا کە لە عەفرین و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرەیەکی نوێی دروست کردووە، گەلانی ناوچەکەی ناچار کرد کە بە کۆمەڵ کۆچ بکەن و هاوکات ژن و منداڵ و بە گشتی خەڵکی مەدەنی دەکوژێت. لەم نێوەندەشدا گوندە مەسیحیەکان لە سوریا چۆڵ کراون و ئەمەش بووەتە هۆی کۆچێکی دیکەی بە کۆمەڵ."

یەکێتی ئاسوریەکانی ئەوروپا هاوکات لە راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، لەو رۆژەی دەوڵەتی تورک ئۆپڕاسیۆنی کارتال-پەنجەی دەست پێکردووە، ٢٠ گوندی کەلادانی، سوریانی و ئاسووریەکان چۆڵکراون."

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا هاتووە:" دانیشتوانی ئەو گوندانە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ناو ئارامی و ئاسایشدا بژین، ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی وەکو دهۆک و زاخۆ بوون. ئەمەش ئەنجامی خراپ و چاوەرواننەکراوی لێدەکەوێتەوە."

لە کۆتایی راگەیێنراوەکەی یەکێتی ئاسوریەکانی ئەوروپادا، بۆ ئەنجامدانی چالاکی بەپەلە بانگەوازیەک بڵاو کرایەوە کە تێیدا هاتووە:" یەکێتی سوریانیەکانی ئەوروپا بانگەوازیەک ئاڕاستەی هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی عیڕاق و بەرپرسە هەرێمیەکان دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە ئۆپڕاسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا بکرێت و ژیانی خەڵکی ناوچەکە ئارام ببێتەوە، بە شێوەیەکی جدی و بە پەلە هەڵوێستی خۆیان بنوێنن. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا و هێزە هەرێمیەکان، چارەسەریەکی هەمیشەیی بۆ گەلانی ناوچەکە بدۆزنەوە."

ز.ش