'دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئامادەکاریی کۆمەڵکوژی نوێ دەکەن'

کۆمیتەی بەڕێوەبەری کەمپینی 'ژنان ڕۆژئاوا دەپارێزن' ڕایگەیاند،  دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئامادەکاریی کۆمەڵکوژی نوێ دەکەن.

کۆمیتەی بەڕێوەبەری 'ژنان ڕۆژئاوا دەپارێزن' ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە پلان و داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا بە واتای قڕکردنی ئەتنیکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت. نمونەکەش ئەوەیە هێڕشە قڕکەر و تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن. بە تایبەتی سوپای تورک و هاوکارەکانی ئەلنوسرە و داعش، لە هەرێمەکانی تل تەمر و کۆبانی هاوڵاتیانیان گەماڕۆ دا و تۆپبارانیان کردن. بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەسی مەدەنی شەهید بوون. بە سەدان مەدەنی بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.

دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهیناوە

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی لەوەش کرا دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و برینی سەر جەستەی هەندێک کەس بە ئاشکرایی پیشانی دەدات کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی و فسفۆڕی سپی بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هێزە داگیرکەرەکانی تر نەیانتوانیوە بەرخۆدانی ژنان و هەموو گەلانی ڕۆژئاوا تێکبشکێنن. تا هێرشە قڕکەر و داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەردەوام بێت، پشتگیر ژنان کوردستان و هەموو جیهان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا زیاتر دەبێت.

'ساتێکیش ئاگربەست جێبەجێنەکراوە'

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ئاگربەست ڕێککەوتن و ئاماژە بەوەکرا، لەو چرکەیەی ئاگربەست ڕاگەیەنرا، ساتێکیش ئاگربەستەکە جێبەجێنەکراوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا کەس نازانێت چی ڕوودەدات. بەڵام ئاشكرایە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئامادەکاری بۆ شەڕ و کۆمەڵکوژی نوێ دەدەن.

بۆ ئەوەی کۆمەڵکەژی و پلانەکانی داگیرکەری کۆتایی پێبێت، چالاکیەکانمان بەردەوام دەبن. بە تایبەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی کە لە خوارەوە نووسیومانە فشار لە سەر ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، هەموو دەوڵەتەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دروست دەکەین بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بنرێت.

پێویستە بۆ پاراستنی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەرێمی دژە فڕین ڕابگەیەنرێت.

پێویستە بە زوترین کات دەوڵەتی تورک کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنێت.

لێکۆلینەوە لە قڕکردنی ئەتنیکی، تاوانی شەڕ کە لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە دەکرێن، بکرێت.

ف.ق