راپۆرتێکى ئابڕوبەرانەیان لەبارەی سیسێ بینگۆلى زیندانیکراوەوە ئامادەکردووە

سیسێ بینگۆل نەخۆشییەکانى گورچیلە، پەستانى خوێنى بەرز و شەکرەى هەیە، بەڵام نەخۆشخانەکە لە راپۆرتە ئابڕوبەرانەکەیدا نووسیویەتى "مانەوەى لە زینداندا مەترسی لەسەر ژیانى دروست ناکات".

نەخۆشخانەى حکومیى ناوچەى تارسوس راپۆرتێکى ئابڕوبەرانەى لەبارەی سیسێ بینگۆڵی تەمەن ٧٦ ساڵ ئامادەکردووە. سیسێ بینگۆل نەخۆشییەکانى گورچیلە، پەستانى خوێنى بەرز و شەکرەى هەیە، بەڵام نەخۆشخانەکە لە راپۆرتە ئابڕوبەرانەکەیدا نووسیویەتى "مانەوەى لە زینداندا مەترسی لەسەر ژیانى دروست ناکات".

تاوەکو دێت بارودۆخى تەندروستیى سیسێ بینگۆلى تەمەن ٧٦ ساڵ لە زیندانی جۆری تیى تارسوسدا روو لە خراپوون دەکات. نەخۆشییەکانى وەک، دڵ، گورچیلە، بوریى میز، پەستانى خوێنى بەرز و شەکرە لەو زیندانییەدا دەستنیشانکراون.

نەخۆشخانەى حکومیى موش لە راپۆرتى خۆیدا لەبارەى سیسێ بینگول-ەوە رایگەیاندبوو "ناتوانێت بە تەنها و لەسەر پێى خۆی لە زینداندا درێژە بە ژیان بدات"، دەزگاى تەندروستیى وەزارەتى دادى تورکیا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە "دەتوانێت بە تەنها و لەسەر پێى خۆى لە زینداندا بمێنێتەوە".

لە دواى ئەوە سیسێ بینگۆلی تەمەن ٧٦ ساڵ رەوانەى نەخۆشخانەى حکومیى تارسوس کرا و دەستەى تەندروستیى ئەو نەخۆشخانە حکومییە سەربارى دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکانى گورچیلە، شەکرە و پەستانى خوێنى بەرز، لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، سیسێ بینگۆل دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە.

پارێزەرەکەى سیسێ بینگۆل: راپۆرتەکە عەقڵییەتى دوژمنایەتیکردن ئامادەکراوە!

گولشەن ئۆزبەک پارێزەرى سیسی بینگۆل ناڕەزایەتى بەرامبەر ئەو راپۆرتە نیشاندا و رایگەیاند "سەرباری ئەوەى سیسێ بینگۆل کێشەى گەورەی تەندروستیى هەیە، بەڵام دەستەى تەندروستی لە دواى ئەنجامدانى پشکنین راپۆرتێکى بەناوى ئەوەى 'هیچ کێشەیەکی بۆ مانەوە لە زینداندا نییە' بۆ ئامادە کردووە".

پارێزەرەکەى سیسێ بینگۆل راشیگەیاند "سەربارى ئەوەى ئەو هەموو نەخۆشییە دەستنیشان کراون، ئەو بڕیارەیان داوە. ئەو راپۆرتە هیچ پەیوەندییەکى بە ئەخلاقی و ئاکاری دەستە و کارى تەندروستییەوە نییە و بەدەرە لە هەموو بەهایەکی زانستى".

گولشەن ئۆزبەک ئەوەشى وت "راپۆرتەکە بە گشتی بەپیى هەست و عەقڵییەتى دوژمنکارانە و دوژمنایەتیکردن ئامادە کراوە. ئێمە تانەى پێویست لە راپۆرتەکە دەدەین و سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکەین و ئەو راپۆرتە نایاساییە هەڵدەوەشێنینەوە".

ر.م