رۆشنبیران بۆ ماكرۆن: ئێوە چاوەڕێی مردنی چەند منداڵن؟

ڕۆشنبیران و سەندیكاكانی فەڕەنسا كەمتەرخەمی دەوڵەتانی رۆژئاوایان لە بەرامبەر هێرشە داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلانی رۆژئاوای كوردستان ڕەخنە كرد و نامەیەكیان بۆ ئیمانۆئێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا نارد.

ئەم كەمپینە لە لایەن كریستیان كارییەر سەرۆكی پێشووی یەكێتی سەندیكاكانی پاریسەوە دەستی پێكردووە و چەندین كەسایەتی بەناوبانگیش پشتیوانیان لەم كەمپینە كرد.

تا ئێستا بە دەیان هەزار كەس پشتیوانیان بۆ كەمپینەكە نیشان داوە. ئەم كەمپینە لە چوارچێوەی چالاكیەكانی دا نامەیەكیان بۆ ئیمانۆئێل ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا نووسیوە و یەكێك لە كەسایەتیەكان كە ئەو نامەیەی ئیمزا كردووە رۆڵاند دوماسی وەزیری پێشووی دەرەوەی فڕەنسایە كە لە هەمان كاتدا مافناسە و سەرۆكایەتی دەیان سەندیكای ئەو وڵاتەی كردووە.

نامەكە پێشكێشی ڕای گشتی كراوە و داوا كرا هەر كەسێك دەتوانێت ئیمزای خۆی لە سەر نامەكە بكات.

لە نامەکەدا داوا دەكرێت، بۆ پشتیوانی گەلی كورد دەبێت بە زووترین كات دەست بە هەوڵ و چالاكی بكرێت كە ئێستا بۆتە ئامانجی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك.

لە نامەكەدا پرسیارێك ئاراستەی سەرۆكی فەڕەنسا كراوە كە دەڵێت:  ماكرۆن كە نوێنەرایەتی فەڕەنسا دەكات بۆ ئەوەی ناڕەزایی پیشانی دەوڵەتی تورك بدات پێویستە چەند منداڵ بكوژرێن؟

هەروەها پەیمانی مۆنچێنی ساڵی ١٩٣٨ بە بیر هێنرایەوە كە ڕێگە بە نازیەكانی ئەڵمانیا درا وڵاتی چیك داگیر بكات.

لە درێژەی نامەکەدا باس لەوە كرا، هاوپەیمانانی هیتلەر بۆ پشتیوانی نازیەكان لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری مۆنچن پەیمانێكیان ئیمزا كرد و بەپێی پەیمانەکە بەشێك لە خەڵكی كۆماری چیك ڕادەستی ڕژێمی هیتلەر كرا و ئەم هەوڵە بە پەیمانی شەرم لە مۆنچن ناو نرا كە لە ئەنجام دا دەیان ملیۆن خەڵكی ئەورۆپا گیانیان لەدەست دا.

لە نامەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە بێدەنگی و پاشەكشێكانی ئەو سەردەمە، ئێستا بە بێدەنگی لە بەرامبەر كردەوەكانی رژێمی ئەردۆغان دوبارە دەبنەوە و داوا لە سەرۆكی فەڕەنسا كرا كە پێویستە بۆ پشتیوانی گەلی كورد لە دژی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ.

هەروها ئاگربەستی نێوان ئامریكا و دەوڵەتی توركیا وەك پەیمانی مۆنچن لە قەڵەمدرا كە لە بەرژەوەندی ئەردۆغان دایە.

ف.ق