رۆژ بە رۆژ دڕندەیی رژێمەکەی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران زیاد دەبێت

راپەڕینەکەی گەلی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دژی گرانکردنی نرخی بەنزن دەستی پێکردووە، تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. باس لە کوژرانی سەدان کەس دەکرێت و رژێمیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە سێدار دەدات.

دوای گرانکردنی نرخی بەنزین لە سەرتاسەری ئێران لە رۆژی یەکەمدا لە ٣١ شارو لە ١١٠٠ ناوەندی جیا جیای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجام دران.

رژێمی ئێران بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەو زیادبوونی نارەزایەتییەکان بکات و دەنگی گەڵ نەگات بە رای گشتی نێودەوڵەتی، لە رۆژی شەممەی رابردووەوە هێڵی ئەنتەرنێتی پچراندووە.

لەگەڵ ئەوەی رژێم هێلی ئەنتەرنێتی پچڕاندووە، دەوترێت لە ژمارەیەکی زۆری گۆڕەپانەکان بە هۆی هێرشی هێزە چەکدارەکانی رژێمەوە، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان کوژراون.

بە پێی هەواڵێکی رادیۆ فەردا کە لە پراگی پایتەختی چیک پەخشی خۆی دەکات، لە شاری هورموزگان ٥٨ کەس و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ٣٩ کەس کوژراون.

لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە کرمانشان ٢٣ کەس، لە سنە ١١ کەس و لە ئورمیە ٥ کەس بە هۆی هێرشەکانی رژێمەوە کوژراون. هەروها لە پارێزگای فارس و ئەسفەهان و کرمان و تاران و ئەلبورز و ئازەربایجانی رۆژئاوا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان کوژراون. دەوترێت تا ئێستا ١٢٨ کەس کوژران. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ دەکات.

بە پێی سەرچاوەکانی موجاهیدینی خەلقیش، تا ئێستا ٢٥١ کەس کوژراون و ٣٧٠٠ کەسیش بریندار بوون ٧ هەزار کەسیش دەستگیر کراون.

لە لایەکی ترەوە حوسامەدین ئاشنا سەرۆکی ناوەندی لێکۆلینەوەی ستراتیژیی ئێران و راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران لە سەر هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رووداوەکانی ئێستای ئێرانی بە ئۆپڕاسیۆنەکانی 'فروغی جاویدان'ی موجاهیدینی خەلق چواندبووە کە لە دوای شەری ئێران و عێراق دەستی پێ کردبوو و ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە ژمارەیەکی زۆری خەلک لە سێدارە بدرێت.

لە دوای شەری ئێران وعێراق لە دژی ئۆپڕاسیۆنەکانی 'فروغی جاویدان' کە موجاهیدینی خەلق دەستی پێ کردبوو، رژێمەکەی ئێران لە دژی ئەو بزوتنەوەیە، پرۆسەیەکی توندوتیژی دەست پێکردو چەندین کەسی لەسێدارەدا.

هەروها رۆژنامەی کەیهانی دەوڵەتی ئێرانیش لە مانشێتێک دا ئەم هەواڵەی پشتراست کردووەتەوە کە ئامادەکاری بۆ لەسێدارەدانی چەندین کەس دەکرێت.

ز.ش