رۆژنامەیەکى ئەڵمانی بە مانشێتى کوردی بۆ ئەردۆغانى نووسی: بەخێر نەیەیت

رۆژنامەى ئەڵمانیاى نوێ (Neues Deutschland) بە مانشێتی کوردی وەڵامى سەردانەکەى ئەردۆغانی بۆ ئەڵمانیا دایەوە و لە مانشێتەکەیدا نووسیى "ئەردۆغان بەخێر نەیەیت".

  رۆژنامەى ئەڵمانیای نوێ (Neues Deutschland) بە مانشێتى کوردی سەرنجی خستە سەر گەشتەکەى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەڵمانیا، کە دوێنێ نیوەڕۆ لە شاری بەرلینى پایتەخی ئەڵمانیا دەستى بە دانوستانە فەرمییەکان کرد.

رۆژنامەکە بە مانشێتى "ئەردۆغان بەخێر نەیەیت" چاپ و بڵاوکرایەوە. رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەردۆغان لە ئەڵمانیا لەلایەن زۆربەى لایەن و رێکخراوەکان، ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتییانەوە کەسێکى پەسەند کراو نییە و قبوڵی ناکەن.

رۆژنامەکە تاوانەکانى ئەمدواییەى ئەردۆغانى لە کوردستان و تورکیا بەبیرخستووەتەوە و رەخنەى لەوە گرتووە، کە سەرۆک کۆمارى تورکیا لەسەر فەڕشی سوور لە ئەڵمانیا پێشوازیى لێکراوە.

رێگری لە پەیامنێری رۆژنامەى ئەڤرەنسەل کرا

عەزیز کۆچییت پەیامنێری رۆژنامەى ئەڤرەنسەلی تورکیا بۆ رووماڵکردنى سەردانەکەى ئەردۆغان سەردانى بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنیى ئەڵمانیاى فیدراڵى کردبوو، بەڵام مۆڵەتى رووماڵکردنى پێنەدرا!. داوایان لێکردووە بۆ کاری رووماڵکردن سەردانى باڵیۆزخانەى تورکیا بکات.

ئەو پەیامنێرە، کە ماوەى چەندین ساڵە مۆڵەت و باجی تایبەتی رووماڵکردنى مەراسیمە فەرمییەکانى لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەڵمانیا پێدراوە رایگەیاند، خۆی هاووڵاتییەکى ئەڵمانییە و لە ئەڵمانیا دەژی ئیتر بۆ سەردانى باڵیۆزخانەى تورکیا بکات و بۆ مۆڵەت لە دەوڵەتى تورکیا وەربگریت. سەرباری هەموو ناڕەزایەتییەکان و هەوڵەکانى بۆ ئەوەى رێگاى پێبدرێت کارە رۆژنامەوانییەکەى ئەنجام بدات، بەڵام هەر رێگریى لێکرا.

ر.م