رۆژهەڵاتى کوردستان بەرەو یەکگرتوویى سیاسی دەڕوات

هێزە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە هەوڵی دروستکردنى کار و هەنگاوی هاوبەشدان بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان.

لە دۆخی گۆڕانکارییە سیاسییەکانى ناوچەکدا، هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ کاری سیاسی و خەباتی هاوبەش دەکەن.

بەپێى زانیارییەکان، پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیى حیزبی کۆمۆنیستى ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لە پێناو کاری هاوبەش ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوە دەکرێت، نوێترین کۆبوونەوەى نێوان ئەو دوو لایەنەى رۆژهەڵاتى کوردستان لە ئاستێکى باڵادا و بە سەرپەرشتیى سیامەند موعینی هاوسەرۆکى پەژاک و ئیبراهیم عەلی زادە سکرتێری گشتیى کۆمەڵە بەڕێوەچووە.

مەزڵوم حەفتەن ئەندامى دەستەى دیپلۆماسیى پەژاک کۆبونەوە باڵاکەى پەژاک و کۆمەڵەى بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هەر دوو لایەن لە چوارچێوەى کاری هاوبەش بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان و لە پێناو یەکێتیى نەتەوەیى و پاراستنى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان لە رووداو و پێشهاتەکانى ناچەکەدا تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

راشیگەیاند، لە نوێترین کۆبوونەوەى نێوان ئەو لایەنانەدا جگە لە تاوتوێکردنى بارودۆخی ناوچەکە و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، جەخت لە کارکردنى بەردەوام بۆ کاری هاوبەش کراوەتەوە.

پەژاک و کۆمەڵە پێشتریش هەندێک کاری هاوبەشیان ئەنجامدابوو و لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتى کوردستانەوە پێشوازیى لێکرابوو.

مەزڵوم حەفتە ئەوەشی راگەیاند، پێشتر پەژاک و کۆدار و کەژار پرۆژەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و کاری هاوبەش و یەکێتیى نەتەوەیى وکاری دیپلۆماسی هاوبەش بۆ هەموو لایەنەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان خستووەتەڕوو و بەردەوامیش دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ هێنانەدیى ئەو ئامانجانە.

هاوکات حەسەن رەحمان پەنا ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە بە ماڵپەڕی شار پرێسی راگەیاندووە "له‌گه‌ڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان بۆ لێكتێگه‌یشتن و كاری هاوبه‌ش ئه‌نجامداوه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بۆ ڕێككه‌وتن و نزیكبوونه‌وه‌ بووه‌ و مه‌به‌ستیان بووه‌ بۆ ئاینده‌ كاری سیاسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە به‌رنامه‌ی خۆیان دابنێن، چونکە چاوه‌ڕێی دەکرێت گۆڕانكاری له‌ ئێران رووبدات و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت ڕۆڵیان له‌و گۆڕانكارییانەدا هەبێت".

حەسەن رەحمان پەنا راشیگەیاندووە "گرنگترین خاڵ جه‌ماوه‌ر بوو، كه‌ ئاینده‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات چی ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئاینده‌ی سیاسی ئێران و ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، كه‌ هیوادارین جه‌نگ ڕوونه‌دات، چونكه‌ له‌ یه‌مه‌ن و سوریا جه‌نگمان دیوه‌ و چی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ هێناوه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌ی ساڵانی ڕابردوو نییه‌، په‌یوه‌ندیی به‌ فشاره‌كانی ئه‌مریكاوه‌ نییه‌، به‌ڵكو ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران خۆی له ‌ناخه‌وه‌ بۆ ئاڵوگۆڕ ده‌گەڕێت".

هەروەها لەوباریەوە درەو میدیا بڵاویکردووەتەوە "کۆمەڵە و پەژاک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆئەوەی لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكدا لە داهاتوودا لە ئێران‌ و خۆرهەڵاتی كوردستان هەماهەنگ ‌و هاوكاری یەكتربن. كۆمەڵە‌ و پژاك رێككەوتون لەسەر ئامادەكاریی هاوبەش بۆ ئەگەری روودانی هەر گۆڕانكارییەك لە خۆرهەڵاتی كوردستان ‌و ئێران و نەهێشتنی فرە میلیشیایی لەو پارچەیەكی كوردستان، كە گەرەنتیی هەڵنەگیرسانی شەڕی براكوژی ‌و دووبارەنەكردنەوەی ئەزمونی هەرێمی كوردستانی باشوور دەكات".

ژ.ت