رۆڵی چارەنووسساز و یەکلایکەرەوەى هەدەپە لە میدیا جیهانییەکاندا

میدیا جیهان گرنگیان دا بەو فشار و زۆردارییانەی کە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا لە تورکیا هەیە. بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانیش ئاماژەیان بە ڕۆڵی چارەنوسسازی هەدەپە و دەنگدەرانی کورد کرد.

کەناڵی یەکی ئەڵمانیا (ARD) بە بۆنەی میتینگی هەدەپە لە مێردین، گرنگی دا بە تێڕوانینی دەنگدەران و پاڵێوراوانی پەرلەمان.

لە هەواڵەکەیاندا، تێڕوانینی پاڵێوراوی هەدەپە لە مێردین میدحەت سینجار و پاڵێوراوی سوریانی توما چەلیک-یان بڵاوکردووەتەوە. بە گوێرەی ئەو هەواڵە میدحەت سینجار وتوویەتی "ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێپەڕێنێت، ئەوا ئاکەپە باڵادەستى و زۆرینەبوونی لە پەرلەماندا لەدەست دەدات. لەبەر ئەوەیە ئاکەپە فشار دەخاتە سەر دەنگدەران". پاڵێوراوی سوریانی توما چەلیک وتوویەتی "بەرپرسانی دەوڵەت بە شێوەیەکی کراوە و شاراوە هەڕەشە لە دەنگدەران دەکەن".

تایم: دەنگی کورد ئەنجامەکان یەکلایى دەکاتەوە

وێبسایتی گۆڤاری تایمی ئەمەریکی لە هەواڵی خۆیدا سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر ئەو نادادپەروەرییانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێن و بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش ئاماژەی بە ڕۆڵی چارەنوسسازی هەدەپە کردووە.

لە هەواڵەکەیاندا ڕاگەیەندراوە، لە ئێستادا ئەردۆغان و ئاکەپە لەسەدا ٩٠ ی میدیاکانیان کۆنترۆڵ کردووە. کەناڵی تەڕەتە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ٣١ کاتژمێر و ٢٥ خولەک لە پەخشی خۆی بۆ ئەردۆغان تەرخانکردووە. لە ١ هەتا ٢٥ی ئایاریشدا تەنانەت یەک چرکەش کاتی پەخشی خۆیان بە سەڵاحەدین دەمیرتاش نەدا.

ئەو گۆڤارە ئەمەریکیە ڕایگەیاندووە، کورد، چەپ و سۆسیال دیموکراتەکان، لیبراڵەکان و زۆر بەش و گروپی تری ناو کۆمەڵگا لەلایەن ئەردۆغانەوە وەک دوژمن نیشان دەدرێن. دەستنیشانیشی کردووە، ئەردۆغان هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کردووەتە یەک. لە هەواڵی گۆڤارەکەدا هاتووە "ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێپەڕێنێت، ئەوا هەدەپە دەبێتە خاوەن ڕۆڵی یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز".

هەر لە هەواڵی گۆڤاری تایمی ئەمەریکدا دەنگەکانی کورد بە "خوڵقێنەرى پاشا" پێناسە کراوە. ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە بە دەنگی کوردان دیار دەبێت کە کێ دەبێتە پاشا و سوڵتان. گۆڤارەکە دەستنیشانیشی کردووە، ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێپەڕێنێت، ئەوا لە خولی دووەمدا، دەنگی کوردان چارەنوسساز و یەکلایکەرەوە دەبن".

لۆ فیگارۆ: سەفەربەریى گشتیی بۆ چاودێریکردنى سندوقەکانی دەنگدان

لۆ فیگارۆ یەک لە ڕۆژنامە سەرەکییەکانی فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە لە فرت و فێڵ بگیرێت، ڕۆژی یەکشەممە (رۆژى دەنگدان) پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵە و ئەندامانی گەل کارێکی فراوان دەکەن.

لە هەواڵی ڕۆژنامەکەدا بە بیرهێنراوەتەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم پسوڵەی دەنگدان بە بێ مۆر دەربازی ناو سندوقەکانی دەنگدان کرابوو، بۆئەوەی ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو ساختەکارییە بگیرێت، ٣٠ نووسینگەی یاسایی پارێزەرەکانیان لە ناوەندەکانی دەنگداندا ئەرکدار دەکەن بۆئەوەی چاودێریی سندقەکانی دەنگدان بکەن. لە هەواڵی ئەو ڕۆژنامە فەرەنسییەدا باس لەوەش کراوە، چاودێرانی نێودەوڵەتیش چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە دەکەن.

ڕۆژنامەی لۆ فیگارۆی فەرەنسی سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر بڕیاری ڕژێمی ئاکەپە بۆ گۆڕینی شوێنی هەندێک لە ناوەندەکانی دەنگدان و دەستنیشانی کردووە، هەدەپەییەکان ئەو بڕیارە وەک هەوڵی ئاستەنگکردن دەبینن لەبەردەم دەنگدەرانیاندا.

لۆ فیگارۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی مەترسی لەسەر دەنگدانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دروست کراوە.

سیوفەرت لە ڕۆژنامەی دی زایتى ئەڵمانی نووسیویەتی: ئەردۆغان هەڵە دەکات

گیونتەر سیوفەرت پسپۆڕی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژنامەی دی زایتی ئەڵمان وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەستنیشانی دەکات، ئەردۆغان لە سیستمی پەرلەمانیدا دەیتوانی بە ئاسانیی لەدەسەڵاتدارێتیدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو بژاردەى خۆى خستووەتە ناو سیستمى نوێ (سیستمی سەرۆکایەتى)یەوە.

بە وتەی گیونتەر سیوفەرت 'ئەردۆغان هەڵە دەکات' دەستی بە شرۆڤە کردووە، دەربارەی ئەردۆغانیش نووسیویەتی "کێشەی سەرەکی ئەردۆغانە، دەیەوێت هەموو هێزەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و زۆربەی دەنگدەرانیش ئەوەیان ناوێت".

ر.م