ریپۆرتەری پەرلەمانى ئەوروپا بۆ تورکیا سەردانى مانگرتوانى لاهای کرد

کاتی پیری ریپۆرتەری پەرلەمانى ئەوروپا بۆ تورکیا سەردانى حوسێن یڵدز و حەسبی چاکجی کرد، کە ماوەى ١٢٢ رۆژە لە شاری لاها (دێنهاخ)ی هۆڵەند دا لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە چالاکیى مانگرتن دان.

هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى ئەوروپا لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩ / ٢ی جۆزەردان بەڕێوەدەچێت. کاتی پیری سەرلەنوێ بووەتەوە بە پاڵێوراو بۆ پەرلەمانى ئەوروپا و سەردانى چالاکوانانى مانگرتوو حوسێن یڵدز و حەسبی چاکحی کرد.

پیری لەسەردانەکەیدا بۆ لای مانگرتووان وتی "لەبەر ئەوەى باوکی منیش وەک پەنابەرێکى سیاسی هات بۆ هۆڵەندا من باش دەزانم کە بارودۆخی پەنابەری چەند قورسە، بۆیە باشتر لە تێکۆشانەکەى ئێوە تێدەگەم. من لە پەرلەماندا تێکۆشانی خۆم بۆ مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسی درێژە پێدەدەم".

کاتی پیری وتیشی "کاتێک سەردانى ئامەد و مێردینم کرد ئەوەم بینی کە چ زیانێک بەو ناوچانە گەیشتووە. دەبێت دەوڵەتى تورک ببێتە دەوڵەتێکى دیموکراتیک. بەدیهاتنى ئەوەش بە جێبەجێکردنى داواکانى گەلی کورد دەبێت. هەر پێشتر چیم کردووە، ئەگەر جارێکیتر بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێمەوە ئەوا تێکۆشانم بۆ بە دیموکراسیکردنى تورکیا بەردەوامیى دەبێت".

کاتی پیری ئەوەشی وت "ئەو پشتیوانییەی ئێوە لە هەڵبژاردنەوەى منی دەکەن زۆر گەورەیە. لە دەرەوە و لە شوێنەکانى تر هاووڵاتییان و کەسایەتییەکان دێن بۆ لام و پێم دەڵێن 'کوردەکان هاتن بۆ لامان و داوایان دەکرد پشتیوانى لە تۆ بکەین'. من ئەو قسەیە زۆر دەبیستم. منیش بۆ داواى هەڤاڵانى مانگرتوو تێدەکۆشم. سپاسی پشتیوانییەکانى ئێوە دەکەم. تێکۆشانەکەم بۆ ئازادیى کوردان و بە دیموکراسیکردنى تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا درێژە پێدەدەم".

بەرخودێرانى مانگرتوو حوسێن یڵدز و حەسبی چاکجی سپاسی سەردانەکەى پیرییان کرد.

ر.م