رێپێوانى دەیان هەزار کەسی دەستیپێکرد؛ بە دڵنیاییەوە گۆشەگیری تێکدەشکێنرێت!

لە زۆریک لە شارەکانى ئەوروپاوە دەیان هەزار کەس روویان لە ستراسبۆرگ کرد. جەماوەری گەل دروشمەکانى "ئازادی بۆ ئۆجالان" و "لەیلا گیوڤەن شکۆ و کەرامەتمانە" دەڵێنەوە.

دەیان هەزار کەس لە کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى ١٥ی شوبات و بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانى مانگرتن، بەرەو گۆڕەپانی (rue des vanneaux) لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەڕۆن.

 

ئەو ئەنتەرناسیۆنالیست و گەنجانە، کە لە لۆکسەمبورگەوە بە رێپێوان بەرەو ستراسبۆرگ چووبوون، ئەو سیاسەتمەدارانەى کە لە باسلی سویسراوە بە رێپێوان چووبوون بۆ ستراسبۆرگ و هونەرمەندان و نوێنەرانى رێکخراوە مەدەنییەکانیش کە بە رێپێوان بەرەو ستراسبۆرگ دەڕۆن، خۆیان ئاوێتەى رێپێوانە دەیان هەزار کەسییەکە دەکەن.

"ئازادی بۆ ئۆجالان"

دەیان هەزار کەس بە بەرزکردنەوەى لافیتە و پۆستەرەکانی "ئازادی بۆ ئۆجالان"، "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەین" بەردەوامن لە رێپێوانەکەیان.

 لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانى "ئێمە هەموومان پەکەکەین"، و "لەیلا گیوڤەن کەرامەت و شکۆنانە" دەوترێنەوە.

لە رێپێوانەکەدا جگە لە وێنە و پۆستەری چالاکوانان و مانگرتوانى بەرخودێر، ئاڵاکانى پەکەکە، کەجەکە، یەپەگە، یەپەژە و پەیەدەش بەرزکراونەتەوە.

هەروەها جەماوەری گەل لە رێپێوانەکەیاندا دروشمەکانى "بکوژ ئەردۆغان" و "تیرۆریست تورکیا" دەڵێنەوە.

بۆ سەرنجڕاکێشانە سەر رێپێوانەکە و ئامانج و داواى رێپێوانەکە لە رێگەی بڵندگۆ و مۆنتاربۆەوە وتە پێشکەش دەکرێن و سەرنج دەخرێتە سەر بەرخودانى ئۆجالان لە زیندانى ئیمراڵی.

لە رێپێوانەکەدا سڵاو ئاراستەى مانگرتوانى بەرخودێر دەکرێت و سەرنجیش دەخرێتە سەر ئەوە، کە داواکەى لەیلا گیوڤەن و چالاکوانە مانگرتووکانى تر داواى ملیۆنەها کەسە.

با سی پی تی (CPT) دەستبەکار بێت

لە رێپێوانەکەدا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بێدەنگیى دەوڵەتان و رێکخراوە ئەوروپییەکان دەخرێتەڕوو. جەماوەری گەل بە یەک دەنگ هاوار دەکەن با سی پی تی بە ئەنجامدانى ئەرک و کارەکانى خۆی هەستێت و دەستبەکار بێت.

لە فەرەنسا و چەندین وڵاتى ترەوە میدیاکان رووماڵی رێپێوانە ناڕەزایەتییەکەى کوردستانیان و دۆستەکانیان دەکەن.

پۆلیسەکانى ئەڵمانیا و فەرەنساش لە بریى ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و چالاکوانان، لە هەندێک شوێندا ئەو پاسانەیان  راگرتووە کە جەماوەری گەلیان تیایدایە و بەرەو ستراسبۆرگ دەڕۆن و لە هەندێک شوێنیش تەنانەت ئۆتۆمبێلی تایبەتى هاووڵاتییانیان راگرتووە، کە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلەکانى خۆیان بچن بۆ ستراسبۆرگ.

لە دواى رێپێوانێکى ٣ کیلۆمەتری، جەماوەری گەل دەچنە گۆڕەپانى میتینگە جەماوەرییەکە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا.

راگەیاندرا، شاندێک لە چالاکوانە مانگرتووەکان لە ستراسبۆرگ لە کۆبوونەوە جەماوەرییە فراوانەکەدا وتە پێشکەش دەکەن.

ر.م