رێکخراوە ئێزیدییەکان چالاکى لە بەردەم بارەگاى سی پی تی ئەنجام دەدەن

٧ ناوەند و ئەنجوومەن و رێکخراو و حیزبی ئێزیدییەکان بانگەوازێکیان بۆ ئەنجامدانى چالاکی لە بەردەم بارەگاى سی پی تی لە ستراسبۆرگ بڵاوکردەوە.

ناوەندی یەکێتیى کۆمەڵەکانى ئیزیدی، ئەنجوومەنى شەنگال لە دەرەوەى وڵات، چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزیدی و پارتی ئازادی و دیموکراسیى ئێزیدییەکان و ٣ رێکخراوى تری ئێزیدی بانگەوازێکیان بۆ ئەنجامدانى چالاکى لە بەردەم بارەگاى رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بڵاوکردەوە.

لە بانگەوازى رێکخراوە ئێزیدییەکاندا هاتووە:

"بۆ تێکشاندنی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، زیاتر لە ٣ مانگە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن بەرخودانێکى شکۆمەندانە بەڕێوەدەچێت و لە سەرتاسەری جیهان چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن بەردەوامییان هەیە.

ئێمە وەک رێکخراو، دامەزراوە و حیزبی ئێزیدییەکان و پێکهاتە و بەشەکانمان پشتیوانی لەو بەرخودانی مانگرتنە دەکەین.

لەسەر ئەو بنەمایە، بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ و ژیانێکى شکۆمەندانە، ئێمە داوا لە هەموو کۆمەڵگەى ئیزیدییەکان دەکەین، کە بە رۆحی بەرخودانی مێژووییەوە بەشداری چالاکییەکەمان لە بەردەم بارەگاى سی پی تی لە ستراسبۆرگ ببن.

چالاکییەکە رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠١٩ و کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆ لە بەردەم بارەگاى سی پی تی (Avenue de l'Europe 1 67000) لە ستراسبۆرگ بەڕێوەدەچێت".

ناوی ئەو رێکخراو و دامەزراوە و حیزبە ئێزیدییانە، کە بانگەوازەکەیان بڵاوکردووەتەوە بریتین لە:

ناوەندی یەکێتیى کۆمەڵەکانى ئێزیدی (ناڤ یەک ،NAV-YEK)

ئەنجومەنى شەنگال لە درەوەى وڵات (مەشەدە - MŞD)

چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزیدی (سەمەژێ - SMJÊ)

ناوەندی رۆشنبیریى ئێزیدخان (نەچەئێ - NÇÊ)

دەستەى ئەنجوومەنی گوندەکانى ئیزیدی لە باکووری کوردستان

یەکگرتنى گەنجانى ئێزیدی (هەجەئێ - HCÊ)

پارتى ئازادی و دیموکراسیى ئێزیدییەکان (پادێ - PADÊ).

ر.م