رێککەوتنى تورکیا و ئەوروپا لەبارەی پەنابەرانەوە لە لێواری هەڵوەشاندایە

سەرباری رێککەوتنى نێوان دەسەڵاتى ئەردۆغان و یەکێتیى ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە چوونی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا، بەڵام رۆیشتنى پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا کەم ناکات. لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٥٠ هەزار پەنابەر لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ ئەوروپا.

ئەو پەنابەرانەى لە تورکیاوە دەچن بۆ ئەوروپا دەبێت بەپێى رێککەوتنەکەى نێوان تورکیا و یەکێتیى ئەوروپا لە تورکیا نیشتەجێ بکرێن، بەڵام بەپێى هەواڵێکى رۆژنامەى (Welt am Sonntag – ڤێلت ئان سۆنتاگ)ی ئەڵمانی، کۆمسیۆنى ئەوروپا لەبارەى چوونی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ یەکێتیى ئەوروپا راپۆرتێکى نهێنیى ئامادە کردووە.

بەپێى ئەو راپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە گشتی ٥٠ هەزار و ٧٨٩ پەنابەر لە تورکیاوە چوون بۆ وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا، کە زۆربەیان خەڵکى تورکیا، عێراق، سوریا و ئەفغانستانن.

ئاماژە بەوەشکراوە، قورسیی شەپۆلی پەنابەران کەوتووەتە سەر شانی وڵاتى یونان. ٤٧ هەزار و ٩٣٩ کەس لەو پەنابەرانە چوونەتە یونان و ٢ هەزار و ٣٨٣ کەسیان چوونەتە ئیتالیا و ٣٤٩ کەسیان چوونەتە بولگاریا و ١١٨ کەسیان چوونەتە قوبرس.

رێژەى پەنابەران سەدا ٢٢ زیادیکردووە

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو پەنابەرانەى خۆیان گەیاندووەتە رووباری مەریجی یونان ٢ هێندەى ساڵی ٢٠١٧ زیادیان کردووە. بەوەش رێژەى چوونى پەنابەران لەو رێگەیەوە بە بەراورد بە ساڵی پیشووتر ٢٢% زیادیکردووە. ئەوەش برۆکسل (پایتەختى یەکێتیى ئەوروپا)ی تووشی ترس و نیگەرانی کردووە.

بەپێى ئاماری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەى دژ بە قاچاغکردنى پەنابەران لە ئەوروپا، زۆربەى پەنابەرەکان لە رێگەى قاچاغچییەکانەوە دەچنە ئەوروپا.

راپۆرتێکى تری هاوشێوەى راپۆرتەکەى کۆمسیۆنى ئەوروپا لەلایەن وەزارەتى ناوخۆی ئەڵمانیاوە ئامادەکراوە و هەفتەى رابردوو بڵاوکرایەوە. لە راپۆرتەکەدا نیگەرانى جدی لەبارەى رێککەوتنى ئەوروپا لەگەڵ تورکیا بۆ پەنابەران خراوەتەڕوو، کە لەلایەن تورکیاوە رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت.

ساڵی ٢٠١٦ لە نێوان رژێمى ئەنقەرە و یەکێتیى ئەوروپا رێککەوتنێک لەبارەى پەنابەرانەوە واژۆکرابوو. بەپێى ئەو رێککەوتنە، کە ئەڵمانیا سەرۆکایەتیى دەکات، دەبێت ئەنقەرە ٣ ملیۆن پەنابەری سوری، عێراق و ئەفغانی لە تورکیا بحەوێنێتەوە. یانى دەبێت تورکیا سنوور و دەروازەکانى دابخات و رێگری لە کۆچی پەنابەران بۆ ئەوروپا بکات و لە بەرامبەر ئەوەشدا یەکێتیى ئەوروپا ٦ ملیار یورۆ پارە بە رژێمى ئەردۆغان دەدات.

برۆکسل تاوەکو ئێستا نیوەى ئەو پارەیە بە رژێمەکەى ئەردۆغان داوە. لە کۆبوونەوەى باڵاى یەکێتیى ئەوروپا لە مانگی ئاداری رابردوودا بڕیار لەسەر ئەوە درا کە لەکەمترین ماوەدا ٣ ملیار یورۆی تر رادەستى ئەنقەرە بکرێت.

زۆرجار لە میدیاکانى ئەوروپادا زانیاری و بەڵگە لەبارەى ئەو پارەیە یەکێتیى ئەوروپا بۆ تورکیا بڵاوکراونەتەوە و بەپێى ئەو بەڵگە و زانیارییانە تورکیا ئەو پارەیە بۆ پەنابەران خەرج ناکات، بەڵکو بۆ ئامانجی جیاوازتر خەرجی دەکات.

ر.م