رەخنەى لە یەکێتیى ئیسلامیى تورک دەگرت، بەڵام لەگەڵ ئەردۆغان مزگەوتیان بۆ دەکاتەوە

ئارمین لاشێت سەرۆکى ویلایەتى راین ویستفالیای باکوور لە ئەڵمانیا رەخنەى لە کارەکانى یەکێتیى ئیسلامیى تورک دەگرت، بەڵام ئێستا بە بۆنەى سەردانەکەى ئەردۆغانەوە مزگەوتێک بۆ یەکێتیى ئیسلامیى تورک لە کۆلن دەکاتەوە.

سەربارى هەموو ناڕەزایەتییەکانی راى گشتی و ئۆپۆزسیۆن لە دژی سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەرنامەى سەردانەکەى ئاشکرا بوو. لە بەرلین بە فەرمی پێشوازیى لێدەکرێت. ئەردۆغان رۆژی ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ لەگەڵ فرانک واڵتەر شتانمایەر و ئانگێلا مێرکل راوێژکارى ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە و رۆژی ٢٩ی ئەیلول لەگەڵ لایەنگرەکانیدا لە کۆلن نمایشێکى جەماوەری رێکدەخات.

سەرباری ئەوەى ماوەى ساڵێکە ئارمین لاشێت سەرۆکی ویلایەتی راین ویستفالیای باکوور (NRW) لە دژی کۆبوونەوەى جەماوەریى ئەردۆغان و هەروەها لە دژی کارەکانى یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB) لە ئەڵمانیا کار دەکات، بەڵام رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٨ و کاتژمێر ١١:٠٠دا لەگەڵ ئەردۆغان ئامادەى مەراسیمى کردنەوەى مزگەوتێکى دەزگاى دیانەتى تورک دەکات لە ئیرنفێڵدی کۆلن، تاوەکو دڵی ئەردۆغان رابگرێت و لەگەڵی هەندێک سەودا بکات.

لاشێت پێشتر جێگرى سەرۆکى گشتیى حیزبى یەکێتیى دیموکرات مەسیحی (CDU) بوو و لە ساڵی رابردووە بووە بە سەرۆکى ویلایەتى راین ویستفالیای باکوور (NRW) و چەندینجار رایگەیاندبوو، کە دیتیب رێکخراوێکە لەلایەن رژێمى ئەردۆغانەوە بەکاردەهێنرێت و چەندینجار رەخنەى لەکارەکانى ئەو رێکخراوە گرتبوو.

لاشێت لە شوباتی ٢٠١٧دا و کاتێک لێکۆڵینەوە لەسەر کارە سیخوڕییەکانى دیتیب دەکرا وتبوی "دەبێت کۆتایى بەکاری ئەو مەلایانە بهێنرێت کە رەخنەى خوێندکاران، مامۆستایان و بنەماڵەى منداڵە تورکەکان لەسەر سیاسەتەکانى ئەردۆغان دەبنەوە بۆ رێکخراوە تورکەکان و دامودەزگاکانى رژێمى تورکیا. ئەو مەلایانە دەبێت بە خێرایى لە ئەڵمانیا دەربکرێن".

لاشێت لە حوزەیرانی رابردوودا بوو بە سەرۆکى راین ویستفالیای باکوور (NRW) گوشارەکانى لەسەر دیتیب زۆر کردبوو و رایگەیاندبوو، دەبێت دیتیب لەسەر بابەتە ئایینییەکان کار بکات و نەک لەسەر مشتومڕە سیاسییەکانی ئەردۆغان، کە پەیوەندییان بەکاروباری ناوخۆی تورکیاوە هەیە.

ئەو سیاسەتمەدارەى حیزبی دیموکرات مەسیحی قسەکانى ماوەى ساڵێک لەوە پێشی خۆی لەبیرکردووە و ئێستا لەگەڵ ئەردۆغان لە رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٨دا بەشداری لە کردنەوەى مزگەوتێکی دیتیب دەکات. کردنەوەى مزگەت بۆ ئەو گروپە لەلایەن ئەردۆغانەوە خۆی نیشانەى ئەوەیە ئەو گروپە سەر بە ئەردۆغانن و بەشێکن لە رژێمەکەى ئەردۆغان.

یەک بە یەکى لێکۆڵینەوەکان لەسەر دیتیب داخران

هەروەها هیچ یەکێک لەو مەلایانە کە لاشێت قسەى لەسەرکردبوون و زۆربەشیان لە ویلایەتى راین ویستفالیای باکوور (NRW)دان ئەڵمانیایان بەجێنەهیشتووە. جگە لەوەش دواى کودەتاکەى ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ دەسەڵاتەکەى ئەردۆغان ژمارەیەک مەلاى تایبەتى هەڵبژارد و رەوانەى ئەڵمانیاى کردن.

لێکۆڵینەوەکانى داواکارى گشتیى فیدراڵی ئەڵمانیا لەسەر یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB) سەربارى ئەوەى ساڵێکى بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکى لێنەکەوتووەتەوە و بەبێ خستنەڕووی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا بەشێوەى فەرمی هەموو دۆسیەکانى دیتیب داخران.

کاتێک نێوانى رژێمى ئەردۆغان و حکومەتەکەى مێرکل خراپ بوو، لەسەرەتاى ٢٠١٧دا بەڵگەیەک لەسەر مەلاکانى مزگەوتەکانى دیتیب بڵاکرابوویەوە، کە چۆن لە مزگەوتەکاندا بە ناوی بانگەشە و وتاردانەوەى پڕوپاگەندە بۆ ئەردۆغان دەکەن و لە وانەکانیشدا گوشار دەخەنە سەر منداڵەکان بۆ ئەوەى سیخوڕییان بۆ بکەن.

گەرچی ئەو دۆسیەى مەلا سیخوڕەکان لە میدیاکانى ئەڵمانیادا کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە و تەنانەت دەستکرا بە لێکۆڵینەوەکردن لە مەلا سیخوڕەکان، بەڵام لە ئەنجامدا مەلاکان بەردەوامن لە کارەکانیان و حکومەتى ئەڵمانیاش بەردەوامە لە سەردانەواندنى بەردەوام بۆ رژێمەکەى ئەردۆغان.

ر.م